کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەربوونەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕێژیمی ئێران لە ئیسفەهان

14:57 - 29 جۆزەردان 2722

فڕۆکەیەکی "ئێف ١٤" بەهۆی کێشەی فەننی و لەکارکەوتویی لە نزیک پایگایەکی ڕێژیم لە ئیسفەهان کەوتە خوارەوە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "مێهر" کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە، ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، فڕۆکەیەکی "ئێف ١٤ی"، ئەرتەشی ئێران لە نزیک بنکەیەکی ئەرتەش لە ئیسفەهان کەوتە خوارەوە. "ڕەسووڵ موعتەمێدنیا" بەرپرسی پێوەندەکانی ئەرتەشی ئێران لە ناوچەی ئیسفەهان لەو بارەوە ڕایگەیاند کە هۆکاری بەربوونەوەی ئەو فڕۆکەیە کێشەی فەننی و لەکارکەوتنی ماتۆڕەکەی بووە. بەهۆی لەکار کەوتوویی فڕۆکەکانی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی لەو چەشنە ڕوویداوە کە جۆزەردانی ساڵی ڕابردووش فڕۆکەیەکی " ئێف ٧ " هەر لەو پایگایە بەربۆوە و هەر دوو فڕۆکەوانەکەی کوژران و لە تەورێزیش فڕۆکەی "ئێف ٥" لە یاریگایەکی وەرزشی ئەو شارە کەوتە خوارەوە کە بووو بەهۆی گیان لەدەستدانی سێ کەس، بەرپرسانی ئەرەتەش هۆکاری ئەو ڕووداوانەیان گەڕاندبۆووە بۆ کێشەی فەننی. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە لانیکەم پێنج ڕووداوی لەو چەشنە لە ساڵی ٩٨ و ٤ ڕووداوی دیکە لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی، بۆ فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە ڕوویداوە. لەو پێوەندییەدا گۆڤاری "فوربز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە لە کارکەوتوویی فڕۆکە شەڕکەرکانی ئێران کردبوو و رایگەیاندبوو کە سەڕەڕای لە کارکەوتوویی و کەوتنەخواروەی بەردەوامی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێران، ئەگەری ئەوەی کە ڕووسیە بیهەوێ فڕۆکە بەو وڵاتە بفرۆشێ زۆر کەمە چونکە بۆ خۆی بۆ شەڕی ئۆکراین پێویستیی پێیانە. لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزی ئاسمانیی ئێران ئەو فڕۆکە شەڕکەرە ئەمریکاییانەی "ئێف ٤" ئێف ٥" و بە تایبەت "ئێف ١٤"ی، زیاتر لە چل و سێ ساڵە کڕیوە. بەهۆی کێشەی فەننی و لەکارکەوتوویی و بەربوونەوەی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئێران سپای پاسداران بۆ قەرەبووکردنەوەی لاوازی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە ڕوویکردۆتە پەرەپێدانی بە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.