کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاوڵاتیی خەڵکی مەهاباد پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەیان گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە

15:25 - 29 پووشپەڕ 2722

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی"دیار عەباسی"و"ڕەحمەت ئابجامە"خەڵکی مەهاباد ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد. دیار عەباسی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە مەیدانی ئیستقلال لە شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گواستبوویانەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ. دیار عەباسی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بووە کە پاش جیابوونەوە لەو حیزبە بە وەرگرتنی ئەماننامە گەراوەتەوە بۆ زێدی خۆی. ڕەحمەت ئابجامە ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر و پاش دەسبەسەرکرانی هێرشیان کردبوو سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو و دەستیان بەسەر هێندێک کەڕەستەی شەخسی ناوبراودا گرتبوو و لەگەڵ خۆیان بردبوویان. ئەو دوو هاوڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیان لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون. شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو دوو هاوڵاتییە لەبەر دەست دا نییە.