کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ئێران

15:51 - 29 پووشپەڕ 2722

بەپێی ئاماری بڵاو کراوەی ناوەندی ئاماری ئێران، لە بەهاری ئەمساڵدا ڕێژەی بێکاری لە ئێران لەچاو ساڵی ڕابردوو لە سەتا ٨.٨ گەیشتووەتە سەتا ٩.٢ . بەپێی ئاماری ڕێژەی بێکاری کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ڕێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە لە بەهاری ئەمساڵدا ڕێژەی بێکاری لەچاو ساڵی ڕابردوو گەیشتۆتە سەتا ٩.٢، لەو نێوانەدا لەچاو بەهاری ساڵی ڕابردوو، ٤٧٠ هەزار کەس لەو کەسانەی پیشەیان لە بەشی کشتوکاڵدا هەبووە، بێکار بوون. هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری لە حاڵێکدایە کە ڕێژەی بەشداریکردن لە کاروباری ئابوورییدا دابەزیوە و گەیشتووەتە سەتا ٤.٩ . جێی ئاماژەیە کە ئەوە تەنیا ئاماری ڕێژەی بێکاری ناوەندی ئاماری ڕێژیمە کە جێگای بڕوا پێکردن نییە و ڕێژەی بێکاری لە ئێران، زۆر زیاتر لەو ڕێژەیەیە کە لەلایەن ناوەندەکانی خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە. هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری، گرانی لەڕادەبەدەر و بێ‌هیوایی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی گەندەڵی ئەو ڕێژیمەوە تەنگی بە خەڵک لەو وڵاتە هەڵچنیوە.