کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی توندی ئەمریکا لە ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر فرۆشتنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بە ڕووسیە

16:30 - 30 پووشپەڕ 2722

بەرپرسانی پێنتاگۆن، ڕێکخراوی سیا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە نیسبەت پێدانی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێران بە ڕووسیە هۆشداریی توندیان بە کۆماری ئیسلامی داوە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لۆید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی‌دا لەگەڵ ژێنێرال مارک میلی سەرۆکی ناوەندی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا، لە بارەی نیگەرانییەکانی ناردنی إرۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی دروستکراوی ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتی ڕووسیە بە مەبەستی هاوکاریی ئەو وڵاتە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، وتی: ئێمە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێین؛ بەهیچ شێویەک ئەو کارە نەکا لەبەر ئەوەی پێمان وایە ئەو کارەی ڕێژیمی ئێران کارێکی یەکجار زۆرمەترسیدارە و ئێمە بەهیچ شێویەک لێی بێ‌دەنگ نابین. هەر لەو بارەیەوە نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی خۆی‌دا، سەفەری "ولادێمیر پوتین"ـی بۆ ئێران بە مەبەستی هێرشکردنی زیاتر بۆ سەر ئۆکراین ناوبرد و وتی: پوتین بە کڕینی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان لە ڕێژیمی ئێران ئەوە دەخاتە ڕوو کە گەمارۆکانی ڕۆژاوا کاریگەرییان هەبووە لە سەر وڵاتەکەی و ناتوانێ چەکوچۆڵ لە وڵاتەکەی خۆی دروست بکا، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ڕێژیمی ئێران نابێ چەکوچۆڵ بە ڕووسیە بفرۆشێ، بە پێچەوانەوە دژکردەوەی توندمان دەبێ.