کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی گرووپی "ئەسحابی کەهف" بۆ سەر بنکەی سەربازیی تورکیە لە دهۆک بە تۆڵەی هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر گەشتیارانی عەرەب لە زاخۆ

16:48 - 30 پووشپەڕ 2722

گرووپی "ئەسحابی کەهف" بە دژکردەوە بە تۆپباران کردنی ناوچەیەکی گەیشتیاریی لە سنووری شاری زاخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکییەوە و کوژران و بریندارکردنی دەیان گەشتیاری عەرەب، هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ناوچەی دهۆک. بەپێی هەواڵی هەوڵدەرییەکانی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی پووشەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، گرووپی ئەسحابی کەهف، بە دژکردەوە بە تۆپبارانکردنی ناوچەیەکی گەشتیاریی لەناوچەی شاری "زاخۆ"ـی هەرێمی کوردستان، بە چەند فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوان لە ناوچەی "ئەلعەمادیە"ـی سەربە پارێزگای دهۆک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی تورکیە و هێرشەکەیان وە ئەستۆ گرتووە. پێویستە بگوترێ، ڕۆژێ پێشتر فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیە ناوچەیەکی گەشتیاریان لەو پارێزگایە تۆپباران کرد و لە ئاکامدا ٩ کوژراو و ٢٨ برینداری لێکەوتەوە. مۆشیر بەشیر، سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ ڕایگەیاند کە، زۆربەی کوژراو و بریندارانی تۆپبارانەکەی تورکیە گەشتیارانی عەرەبی عێراقین. هەر لەو بارەشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تۆپبارانکردنی تورکیەی بۆ سەر ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان مەحکووم کرد، خەڵکی عێراق لە شاری بەغدا بە سووتاندنی ئاڵای تورکیە و هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە ناڕەزایەتییان دەربڕی.