کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستی بە ستراتێژییەکی باشتر بۆ چاوترسێن‌کردنی ئێران هەیە

21:05 - 31 پووشپەڕ 2722

(پەرەپێدانی ترسەکانی تاران، ڕەنگبێ تەنیا ڕێگا بۆ پێشگرتن بە جەنگ بێ) حەوتووی ڕابردوو، ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان بەکورتی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانیان، بۆ ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١۵، درێژە پێدا. بەپێچەوانەی کۆبوونەوەکانی پێشوو لە ڤییەن، کە لە مانگی مارس ڕاگیران، ئەو کۆبوونەوەیە بە میوانداریی قەتەر و بێ بەشداریی نوێنەرانی زۆربەی لایەنەکانی ڕێککەوتنە ڕەسەنەکە، واتە چین، فەڕانسە، ئاڵمان، ڕووسیە و بریتانیا، بەرێوە چوو. ئەگەرچی وتوێژەکان بێ‌ئاکام بوون، نەفسی ڕێککەوتنی تاران و واشینگتۆن بۆ شێوازی نوێی دانوستان دەرەخەری حەزی دوولایەنە بۆ ژیاندنەوەی ڕێککەوتنەکەیە. بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، حەزێکی بەهێزی بۆ گێڕانەوەی بەرنامەی ناوکی ئێران بۆ نێو سندوقەکە و خۆبواردن لە هەڵبژاردنی بژاردەیەک لەنێو لیستەی نەخوازراو بۆ پێشگرتن بە پیتاندنی یورانیۆم لەلایەن ئێران تا ئاستی نزیک بۆمبی ناوکی و کورت کردنەوەی کاتی "تێپەڕێن" تا نزیکەی سفر هەیە. بۆ ئێران، هاندەری سەرەکی هەڵگیرانی ئابلۆقەکانە، کە ئیزنی پێ دەدا نەوت بفرۆشێ و دەستی بە چەند میلیارد دۆڵار لە ئەژماری سڕکراودا ڕابگات. سووک‌کرانی زەختەکە بە تایبەتی ئێستا گرینگە، چونکە دەوڵەتی بێ پارەی ئێران ناچار بووە یارمەتییەکانی شیرەمەنی، هێلکە و گەنم کەم بکاتەوە و لە ئاکامدا بۆتە هۆی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە سەرانسەری وڵات. گومان لەوە دانیە کە حەزی هاوبەش، زەمانەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ ناکەن، وەک چۆن بەرەوپێش‌نەچوونی دوایین وتووێژ ئەوەی ئاشکرا دەکات. تاران پێداگر بووە کە واشینگتۆن دەبێ سوپای پاسداران لە لیستەی ڕێکخراوی تێرۆریستی بیانی بێنێتە دەر، ئەوە داوایەکە کە بایدن بە فەرمی ڕایگەیاندوە ئەو کارە ناکات. لەگەڵ ئەوەشدا، من پێم‌وایە کاتێک دوولایەن ڕێک‌دەکەون، تەنانەت ئەگەر دوودڵی هەر لایەک بۆ دانپێدانان بە شتێکی زیاتر، ڕەنگبێ زۆرتر بەو مانایە بێ کە بۆ جێبەجێ‌کردنەکەی، کات پێویستە. هەڵبەت ئەگەری ئەوەش هەیە کە تاران و واشینگتۆن قەت نەتوانن جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن. یان تاران پێی‌وابێ کە واشینگتۆن لەژێر زەختی زیاتردا پاشەکشە دەکات، بۆیە بەرنامە ناوکییەکەی خێراتر بکات، ئۆرانیۆمی پێنتێندراو تا ئاستی ٦٠ پلە بۆ چەند بۆمبی ناوکی تا ئاستی ٩٠ پلە (ئاستی پێویست بۆ بۆمبی ناوکی) بپیتێنێ و لە چەند شوێنی جیاواز کۆیان بکاتەوە و پێش بە دەستڕاگەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بگرێ، بە شێوەیەک کە دنیا نەزانێ خەریکی چییە. شتێکی ئاشکرایە، بێتوو هیچ ڕێککەوتنێک نەکرێ، یان بێتوو ئێران دەست بە خێراترکردنی بەرنامە ناوکییەکەی، وەک بەشێک لە ستراتێژیی دانوستان بکات، وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستی بە ستراتیژییەکی نوێ بۆ چاوترسێن‌کردنی تاران دەبێ. بەڵام تەنانەت ئەگەر دوولایەن ڕێک بکەون، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن پێویستی بە باشترکردنی چاوترسێن‌کردنەکەی هەیە. هۆیەکەی ئەوەیە کە کاتێک ئابلۆقەکانی پێوەندیدار بە ڕێککەوتنی ٢٠١۵ هەڵگیرێن، ئێران هیچ حەزێکی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی دواتر، وەک ڕێککەوتنێکی "درێژمەوداتر و بەهێزتر"، کە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی بایدن باسی کردووە، نابێ. بێجگە لەوە، سنوورە سەرەکییەکانی ڕێکەوتنی ٢٠١۵ لە ٢٠٣٠ ماوەیان بەسەر دەچێ، لە ئاکامدا هیچ سنوورێک بۆ قەبارەی ژێرخانی ناوکیی ئێران، ژمارە و چۆنیەتیی سانتریفیوژەکانی، یان ئاستی پێتاندن نامێنێ. بە واتایەکی دیکە، دەگەڵ دەستپێکی ٢٠٣٠، ئێران ڕەنگبێ هیچ هۆیەکی بۆ نەچوون بەرەو خاڵێک کە لەوێدا بتوانێ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بۆمبی ناوکی هەبێ، نەبێ. ژیاندنەوەی ڕێککەوتنەکە سامانی بەرچاو دەخاتە بەر دەستی ئێران. وەک چۆن ئیسڕائیل، عەڕەبستانی سعوودی و ئیماڕات خوازیارن ئاماژەی پێ‌بکەن، لە کاتێکدا ئێران لەژێر زەختی ئابلۆقان دایە، لێشاوی چەکوچۆڵی بەرەو میلیشیا کرێگیراوەکانی لە عێراق، لوبنان، سووریە و یەمەن ناردوە، بیر بکەنەوە کاتێک ئەو ئابلۆقانە نەمینن، چ دەکەن؟ بۆ باشترکردنی چاوترسێن‌کردنی ئێران لە درێژخایەندا، واشینگتۆن دەبێ بە ئاشکرا ڕاگەیەنێ کە بێتوو تاران درێژە بەو ڕێبازە بدات، دەدۆڕێ و هەروەها ڕایگەیەنێت بێتوو ئێران ڕێچکەکەی بگۆڕێ، چ دەستکەوتێکی دەبێت. ئامانجەکە دەبێ ئەوە بێ کە ترسی ئێران لە هەنگاوی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان زیندوو بکاتەوە، بێ ئەوەی ڕێگاچارەی سیاسی ڕەت بکرێتەوە. لە لایەکەوە، ڕێبەرانی ئێران دەبێ بزانن کە درێژەدان بەو ڕێچکەیەی گرتوویانەتە بەر، مەترسی لەکیس‌چوونی سەرەجەم ژێرخانی ناوکی هەیە، کە ئەوان چەند دەیەیە خەریکی گەشە پێداننی. لەلایەکی دیکەوە، ئەوان دەبێ تێبگەن کە بێتوو ئەوان دەست لە بژاردەی گەشەپێدانی چەکی ناوکی و زەخت خستنە سەر دراوسێکانیان هەڵگرن، بەرنامەی ئابلۆقەی بەربەرین، کە بە سنووردانانە کردارییەکانی بوونە هۆی دەبەزینی بازرگانی دەگەڵ ئێران، هەڵ دەگیرێن.   جێگای گومان نییە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە گەشەپێدانی ستراتێژییەکی کاریگەری چاوترسێن‌کردندا ناسەرکەوتوو بوو و، تا ئێرە، بەڕێوەبەرایەتیی بایدنیش بە هەمان شێوە بووە. سیاسەتی "ئەوپەڕی زەختی" سەرکۆمار دۆناڵد ترامپ لە پێشگرتن بە هێرشەکانی، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەدەست بەکرێگیراوەکانی، ئێران دژی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق و سووریە، پاپۆڕەکان لە کەنداوی فارس و کەنداوی عوممان و ژێرخانی نەوتیی عەڕەبستانی سعودی، شکستی هێنا. تەنانەت کوشتنی قاسم سولەیمانیش، سەرۆکی سوپای قودسی ئێران، هێرشی بەکرێگیراوانی دژی وڵاتە یەکگرتووەکان نەوەستاند، ئەگەرچی ڕەنگبێ بووبێتە هۆی سڵەمینەوەی ئێران لە کوشتنی ئەمریکاییان. هەڵوێستی بایدن کاریگەرتر نەبووە. ئەو داوای ئێرانی بۆ وتووێژی ناڕاستەوخۆ قبووڵ کردوە، ئیزنی بە چین داوە نەوتی ئێران بێ سزادران بکڕێ و میلیشیا حوسییەکانی یەمەن، کە ئێران پشتگیرییان دەکات، لە لیستەی فەرمی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان هێناوەتە دەر. بەڵام، لەجیات بەخۆداچوونەوە، وێدەچێ ئێران بوێرتر بووبێ. لە کاتی سەرکۆماریی ئۆباما و ترامپدا، پیتاندنی ئۆرانیۆم تا پلەی ٢٠، سنووری نێوان پیتاندنی کەم و زۆر، وەک هەنگاوێکی ورووژێنەرانە سەیر دەکرا. ئێستا ئێران نەتەنیا ئۆرانیۆم تا پلەی ٢٠ دەپیتێنێ، بێ ئەوەی تووشی لێپرسینەوە بێ، بەڵکو بەرەو پیتاندن تا پلەی ٦٠ هەنگاوی ناوە، کە بەو مانایەیە هەست بە ترسێکی ئەوتۆ لە هەڵوێستی توندی وڵاتە یەکگرتووەکان ناکات و تا ئێستا هەر واش بووە. (کاربەدەستانی هەواڵگریی ئیسڕائیل بە منیان گوت کە لە نێو ڕێژیمی ئێراندا لەسەر پیتاندن بە پلەی ٦٠، مشتومڕ هەیە، بەشێک لە کاربەدەستان پێیان وایە ئەوکارە مەترسیدارە. ئەوانەی هاندەری پیتاندن بە پلەی ٦٠ بوون بێگومان هەست دەکەن حەق بەوانە و تەنانەت دڵنیاتر بوون کە ئەمریکا بە هێز وەڵام ناداتەوە.) بۆ چاوترسێن‌کردنی ئێران لە گەشەپێدان بە بەرنامە ناوکییەکەی و هەوڵدان بۆ سیاسەتی وێرانکەری ناوچەیی، واشینگتۆن پێویستی بە ستراتێژییەکی یەکگرتوو هەیە کە لەویدا کەڵک لە ئامرازی سیاسی، دیپلۆماتیک، ئابووری، هەواڵگریی، سایبەری و سەربازیی ورگیرێت. ئەو بە هەمان شێوە پێویستە هەڵوێستەکەی نەتەنیا بە شێوەی تایبەت، بەڵکو بەگشتیش نیشان بدا. واشینگتۆن دەبێ ئێران ئاگادار بکاتەوە و، وای دابنێ کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش ئەو چاوەڕوانییەیان هەیە، کە بێتوو ئاشکرا بێ ئێران بەرەو چەکی ناوکی هەنگاو دەنێ، ئەمریکا بە هەموو ئامرازێکی شیاو وەڵام دەداتەوە. وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ٢٠١۵، ئێران بەڵێنی دا وەدوای وەدەستهێنان و گەشەپێدانی چەکی ناوکی نەکەوێ. چونکە وڵاتە یەکگرتووەکان بەئاشکرا بەڵێنی داوە پێش بە بۆمبی ناوکی ئێرانی بگرێ، دەبێ ئێران ناچار بکات بەڵینی خۆی بباتە سەر، بێ لەبەرچاو گرتنی سەرکەوتن یان شکستی ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ٢٠١۵. تەنیا گوتنی ئەوە کە کەڵک لە هەموو بژاردەکان وەردەگرین، لێدوانێکی هێندە سواوە کە کەس بە جیددی وەرناگرێ، وبەس نییە. بەڕێوەبەرایەتیی بایدن دەبێ بڵێ، بێتوو ئێران بەرەو چەکی ناوکی هەنگاو بنێ، سەرجەم ژێرخانی ناوکییەکەی دەخاتە مەترسییەوە. پێش ڕاگەیاندنی ئەو هەڵوێستە بە فەرمی، بەڕیوەبەرایەتییەکە دەبێ بە شیوەی تاکی هۆی ئەقڵانی ئەو هەڵوێستە بۆ هاوپەیمانانی خۆی شی بکاتەوە و پشتیوانیی ئەوان وەدەست بێنێ. کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکان دەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەسەر پرسی ئێران هاوهەڵوێست بێ، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و ڕێبەرانی دیکەی ئێران تێ‌دەگەن کە تێچووی کۆماری ئیسلامی بەرز دەبێتەوە. بێجگە لەوە، تەریک خستنەوەی سیاسی ئێران گرینگە. ڕێبەرانی ئێران وڵاتی خۆیان وک کۆرەی باکوور سەیر ناکەن. لە ڕوانگەی خۆیانەوە، ئەوان میراتگری شارستانیەتێکی گەلێک مەزنن، نەوەک شانیشینییەکی پەراوێزخراو. چونکە ڕێبەرانی ئێران گومانیان لە کەڵک‌وەرگرتنی وڵاتە یەکگرتووەکان لە هێز بۆ پێشگرتن بە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکییەکەیان هەیە، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن پێویستی بە چەند هەنگاو هەیە تا سیاسەتە ڕاگەیەندراوەکەی جێی باوەڕ بێ. یەکەم، ئەو دەبێ ڕێنوێنی ناوەندی فەرماندەیی وڵاتە یەکگرتووەکان بکات تا مانۆڕان بەرێوە بەرێ، هەم بۆ خۆی و هەروەها دەگەڵ هاوپەیمانانی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، ڕاهێنانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجی پتەو بکات. دووهەم، ئەو دەبێ ڕاهێنانی گەیاندنی سووتەمەنی بە فڕۆکەی ئیسڕائیلی لە ئاسمان بکات کە بۆ هەر هێرشێکی بەکردەوەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران پێویستە. ئەوەی نابێ بیکا ئەو کارەیە لە مانگی مای کردی: خۆی لە پڕکردنەوەی سووتەمەنیی فرۆکەی ئیسڕائیلی، لە کاتی ڕاهێنانی هاوبەشی هێرشێ دووری ئاسمان بۆ زەوی، بوارد. واشینگتۆن پێویستە ترسی ئێرانییەکان لە هێرش پەرە پێ بدا، نەوەک بیانوو بداتە ڕێبەرانی ئەو وڵاتە پێیان وابێ ئەمریکا قەت کەڵک لە هێزی سەربازیی دژی ئەوان وەر ناگرێ. لە کۆتاییدا، بۆ پتەوتر کردنی بڕوا بە سیاسەتی ڕاگەیەنراو، وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ یارمەتی سەربازیی زیاتر بدات بە ئیسڕائیل. وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، ئیسڕائیل پێویستی بە توانایی باشتری گەیاندنی سووتەمەنی لە ئاسمان هەیە تا بە شێوەیەکی بڕوا پێکراو و کاریگەر ژێرخانی پتەوکراوی ناوکیی ئێران لە مەترسی باوێ. بۆیە بەڕیوەبەرایەتیی بایدن دەبێ گەیاندنی تانکەری KC-46، فڕۆکەیەکی هەڵگری سووتەمەنی کە فرۆشتنەکەی بە ئیسڕائیل پەسەند کراوە، خێراتر بکات، بەڵام نەوەکوو لە ٢٠٢٤ کە ئێستا بڕیاری بۆ دراوە. پەسەندکردنی وەپێشدانی ئەو مامەڵەیە، ڕەنگبێ لە سەفەری بایدن بۆ ئیسڕائیل لە ١٣ و ١٤ی جولای، ئەو پەیامە بە ئێرانییەکان بدات کە ئەمریکا ئامادەیە ئەگەر پێویست بێ، توانایی سەربازیی ئیسڕائیل بەرز بکاتەوە. بژاردەیەکی دیکەش ئەوەیە کە تەقەمەنی کونکەری مەزن  MOP، بۆمبێکی کێوڕمێنی ٣٠ هەزار پاوندی، بداتە ئیسڕائیل و فڕۆکەیەکی B-2 ش بۆ هەڵگرتنی بە کرێ بداتەوە ئەو وڵاتە. ئیسڕائیل ئێستا توانایی لەنێوبردنی بنکەی پیتاندنی فۆردۆی نییە، کە لەنێو کێوێکدا دروست کراوە، بەڵام یەک MOP  و فڕۆکەیەکی B-2 دەتوانن ئەو کارە بکەن، ئەوە سوور بوونی ئەمریکا لە پشتیوانیی هێرشەکانی ئیسڕائیل، ئەگەر پێویست بێ، پشتڕاست دەکاتەوە. ئەوە بەو مانایە نییە، ئەمریکا بیەوێ ئیسڕائیل لەجیات ئەو کردەوەی هەبێ. لەجیاتان، ئەوە سیگناڵێکە بۆ ئێران کە واشینگتۆن بە تەنیا یان دەگەڵ لایەنی دیکە بۆ لەناو بردنی ژێرخانی ناوکی هەنگاو دەنێ، بێتوو ئەو وڵاتە بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی هەنگاو بنێ. ڕێبەرانی ئێران دەبێ بزانن هەر هەوڵێکی ئەوتۆ کردەوەیەکی هێندە مەترسیدارە بۆیان؛ ئەوان دەبێ بڕوا بکەن کە وڵاتە یەکگرتووەکان ئەوەی دەیڵێ مەبەستیەتی و ئەوان دەبێ تێ بگەن کە بێتوو ئێران ڕێگاچارەی سیاسی نامومکین بکەن، ئەمریکا ئامادەکاریی بۆ هەنگاوی سەربازی دەکات.   شتێک کە لێی بترسی بەڵام واشینگتۆن ناتوانێ تەنیا جەخت لەسەر بەرنامەی ناوکی ئێران بکاتەوە. ئەو دەبێ هەروەها ستراتێژییەکی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئاکاری تێکدەرانەی تاران لە ناوچەدا، پێشگرتن بە گەیشتنی چەکوچۆڵی ئێرانی بە بەکرێگیراوەکانی و گەشە پێدانی بەرگریی هاوپەیمانانی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی لە ناوچەدا هەبێ، بە تایبەت دژی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، مووشەکی دەریایی و مووشەکی بالیستیکی بەکرێگیراوانی ئێران. بۆ ئەو مەبەستە، ناوەندی فەرماندەیی وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێ سیستەمی بەرگریی هۆشداریی سەرەتایی دژی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بەرگریی سایبەری و مووشەکیی هاوبەشەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لەناوچەدا وەسەریەک بخات، ئەگەرچی ئەو هاوبەشانە دەبێ لە پێشدا ڕەزامەندی بۆ ئەو کارە دەربڕن. لە کاتێکدا کە گەلێک لە دۆستانی وڵاتە یەکگرتووەکان نیگەرانی ئەوەن ئەو وڵاتە لە ناوچەکە بکشێتەوە، یەکخستنی بەرگریی، ڕێگایەکە بۆ دڵنیاییدان بەوان و هێشتنەوەی ئەمریکا لەو ناوچەیە. سوودی ئەوە تەنیا دابەش‌کردنی قورسایی تێچووەکان نییە، بەڵکوو سامانی تاکیی وڵاتەکان لەناوچەدا کەڵکی باشتری لێ وەردەگیرێت. وڵاتە یەکگرتووەکان پێویست ناکا مووشەکی بەگریی زۆرتر بدات بە هاوبەشەکانی، بێتوو ئەوەی تا ئێستا پێیانی داوە بە شێوەیەکی کاریگەر وەک کۆیەک کەلکیان لێ وەرگیرێ. کۆی ئەو چەکوچۆڵانە بێگومان لە لە بەشە تاکیەکانی زیاترن. دەبێ دان بوەشدا بنرێت کە لە سایەی بەڕیوەبەرایەتی بایدنەوە، هەر ئێستا کار بۆ گەشە پێدانی ژێرخانی بەرگریی ئاسمانیی و مووشەکیی یەکگرتوو لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەستی پێ کردوە. لە کۆتاییدا، وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ ئامادە بێ بەهێزتر وەڵامی هێرشەکانی بەکرێگیراوانی ئێران دژی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و سووریە بداتەوە. ئەو بنکانەی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لێیان جێگیر بوون زیاتر لە ٤٠ جار بەئامانج گیراون، بەڵام ئەمریکا تەنیا دوو جار بە شێوەیەکی باش وەڵامی ئەو هێرشانەی داوەتەوە. وەڵامەکانی واشینگتۆن دەبێ چاوەڕواننەکراو بن و دەبێ ئەوە بە ڕێبەرانی ئێران بڵێن کە، بە پێچەوانەی گریمانەی ئەوان، وڵاتە یەکگرتووەکان ئامادەیە دژی ئەوان کەڵک لە هێز وەرگرێ. ڕەنگبێ کاتی ئەوە هاتبی وەک ئیسڕائیلییەکان بکەین: لە نیوەشەودا لە ئامانجەکانی ئێرانی بدەین، نەوەک هی بەکرێگیراوەکانی، و دانیشیان پێدا نەهێنین. وڵاتە یەکگرتووەکان نابێ ئێران لە دۆخێک هاوێ یان وەڵام بداتەوە یان حەیای بچێ، بەڵام دەتوانێ بۆی ڕوون بکاتەوە کە چیدیکە هێرشەکانی بێ وەڵام ناهێڵێتەوە. ئامانجی سیاسەتی ڕاگەیەنراوی وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ چاوترسێن کردن بێ. تا ڕێبەرانی ئێران باشتر لەوە تێ‌بگەن کە چ دەدۆڕێنن، بەو شێەوەی وێدەچێ ئەوان زۆرتر ملکەچی ڕێگاچارەی سیاسی بن. ئەویش هەڵگیرانی ئابلۆقەکان بەشێوەیەکی گەلێک زیاتر لەوەی چاوەڕوانی دەکەن، بێتوو تاران ڕێککەوتنێکی بەهێزتر و درێژمەوداتر پەسەند بکات. ڕێککەوتنێکی "زیاتر بۆ زیاتر" لەو شێوازە ڕەنگبێ بکرێ وەدەست بێ، بەڵام تەنیا کاتێک کە ڕێبەرانی ئێرانی بە شێوەی ڕاستەقینە لەوە بترسن چ شتێک لە کیس دەدەن. بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە، وێدەچێ گەڕاندنەوەی ترسی ئێران لە وڵاتە یەکگرتووەکان تەنیا ڕێگای پێشگرتن بە جەنگ، سنووردار کردنی هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچە و گەیشتن بە ئاکامێکی سیاسی شیاو لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکی ئێران بێ.