کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوە بۆ لێکدانەوەیەکی سیاسی و ئاکامەکانی

21:08 - 31 پووشپەڕ 2722

ئەگەر بمانەوێ لەسەر هەر بابەتێک کە لە ڕابردوودا چ دوور و چ نزیک لێکۆڵینەوە بکەین، ڕێگەی دروست و زانستی ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ ئەو بارودۆخە کە ئەو ڕووداوەی تێدا ڕووی داوە. چونکە ئەگەر بمانهەوێ ڕووداوەکانی ڕابردوو بەپێی ئەو سەردەمەی کە خۆمانی تێدا دەژین هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین، نەک بە ئاکامێکی دروست ناگەین، بەڵکوو ئاکامەکەش بە هەڵەماندا دەبات. ئەو کورتە پێشەکییە بۆ ئەوە بوو کە زۆر جاران لەسەر شەهیدبوونی ڕێبەرانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی تێرۆرکردنی شە‌هید د. قاسملوو ڕەخنە و گازندەی وا بەرچاو دەکەوێ کە لەڕاستیدا لەجێی خۆیاندا نین. بۆ ئەوەی بزانین لەبەرچی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خودی د. قاسملوو ڕازی بوون  وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بکەن، باشتر وایە ئاوڕێک لە هەلومەرجی سیاسیی ئەوکاتی ناوچەکە و ئێران بدەینەوە و هەڵسنگاندن و لێکدانەوەیەکی کورتی لەسەر بکەین. هەموو لایەک ئەوە دەزانین کە دەسەڵاتدارانی ئێران و عێراق بۆ ماوەی هەشت ساڵ شەڕێکی بێ‌ئاکامیان تووشی گەلانی ئەو دوو وڵاتە کرد کە دواجار بە بڕیارنامەی ٥٩٨ی شوڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بەو شەڕە هات. دوای تێپەڕینی نزیک بە ساڵێک بەسەر خواردنەوەی جامی ژەهرەکەی لەلایەن خومەینییەوە، ناوبراو کە لەو ماوەیەدا نەخۆش بوو، مردنەکەی لە ١٤ی جۆزەردانی ١٣٦٨ی هەتاویدا ڕاگەیەندرا.  ئەم دوو ڕووداوە واتە کۆتایی‌هاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و مردنی خومەینی، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبووە لەسەر لێکدانەوەکانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و خودی دوکتۆر قاسملوو بۆ ئەوەی وەڵامی ئەرێنی بدەنەوە بە پێشنیاری حکوومەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ وتووێژ و دانیشتن بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران. بە هەموو پێوانەیەکی لۆژیکی و ئەقڵی، وا دەهاتە بەرچاو کە ئێرانی دوای شەڕی هەشت ساڵە، ماندوو و شەکەتە و پێویستیی بە ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە نێوخۆدا هەیە و بۆ ئەوەش کە بتوانێ لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا جیگە و پێگەیەک بۆ خۆی بکاتەوە و لە بواری ئاوەدانی و ئابوورییەوە هەستانەویەک بە خۆیەوە ببینێ. بەڵام لە نێوخۆی وڵات خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد کە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بوو سەرەڕای ئەو هەموو زەبروزەنگ و کوشتار و وێرانییەی ڕێژیم بەسەر کوردستانی هێنابوو، هەر وا لە ئارادا بوو. هاوکات سەرکوتی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا  وزە و هێزێکی زۆری ماددی و نیزامی و سیاسیی ئەو ڕێژیمەی بەخۆیەوە خەریک کردبوو کە دەکرا لە شوێنێکی دیکە و بە مەبەستی ئاوەدانی و خۆشبژێویی گەڵانی ئێران بەکار هاتبا. ڕەفسەنجانی، سەرکۆماری نوێی ڕێژیمیش کە هەوڵێکی بەربڵاوی بۆ دیپلۆماسیی گشتی هەڵگرتبوو، وێنایەکی تری لە کەسایەتیی خۆی بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسیی ڕێژیمەکەی پێشانی دنیای دەرەوە دەدا. بەگشتی ڕەوتی ڕووداوەکان لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا (٦٨-٦٧) وا چووبوونە پێش کە مردنی خومەینی ئەو لۆژیکەی زیاتر بەرجەستە کرد کە ڕەنگە ململانیی باڵەکانی ڕێژیم لەسەر جێگرتنەوەی خۆمەینی وا لە دەسەڵاتداران و بەتایبەتی دەوڵەت بکا کە بە جدی بەدوای چارەسەریی پرسە ئاڵۆزەکانی نێوخۆی ئێراندا بڕۆن. لەبارەی ئەم تێڕوانینە پێم باشە لێرەدا ئاماژە بە چاوپێکەوتنێکی دوکتۆر سادق شەرەفکندی بکەم کە ساڵێک دوای شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوو لەگەڵ ڕادیۆ دەنگی کوردستان کردی و دواتر لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا چاپ و بڵاو بۆوە. د. شەرەفکەندی لەو وتووێژەدا لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێ: "لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ڕێژیمەوە پێشنیار بۆ وتووێژ لەسەر پرسی کوردستان بە حیزب کرا. ئەو پێشنیارە لەو هەلومەرجەدا دوو زەمینەی قەبووڵ‌کردنی لەلایەن حیزبەوە هەبوو. یەکەمیان، خەتێکی گشتی لە سیاسەتی حیزب کە بریتییە لەوەی پرسی کوردستان لە ڕێگەی نیزامییەوە چارەسەر ناکرێ و ئەو پرسە دواجار دەبێ لە ڕێگەی ئاشتی و وتووێژەوە چارەسەر بکرێ. دووهەمیان، هەلومەرجی تایبەتیی کاتی پێشنیارەکەیە. چونکە ڕێژیم کە ئەو پێشنیارەی دەکرد، بەپێی قاعیدە دەبوایە لە حاڵی پێداچوونەوە بە ڕابردووی خۆی و هەڵسەنگاندنی دۆخی گشتیی ئێستەدا بێت و تێ بکۆشێ ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتە جۆراوجۆرەکانی ببینێتەوە. پاش شەڕی ئێران و عێراق – کە دیارە شەڕی کوردستان لە سەرەوەی هەموو گیروگرفتەکانی ڕێژیمدا بوو و ئاسایی بەنەزەر دەگەیشت ئەگەر ڕێژیم بیر لە چارەسەرکردنی بکاتەوە- بە هۆی ئەو دوو زەمینەیە پێشنیارەکەی ڕێژیم لەلایەن ئێمەوە قەبووڵ کرا." بەم خوێندنەوەیە پێشنیاری وتووێژ لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لۆژیکی دەهاتە بەرچاو، و لەوەدا فاکتەری هاوکێشەکانی نێوخۆی ئێران دیار و بەرهەستە؛ بەڵام فاکتەری دەرەکییش نابێ چاوپۆشیی لێ بکرێ، چونکە لەو سەردەمەدا هەموو ئەو بابەتانەی کاریگەرییان لەسەر پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق دەبوو و بەتایبەتی پرسی سنوورەکانی نێوان دوو وڵات کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە دادەنا. چونکی شەڕی نێوان ئێران و عێراق کۆتایی پێ هاتبوو، پشتی جبهەیەک کە بە هۆی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ هێزی پێشمەرگە پێک هاتبوو، ئەو پشتی جبهەیە هەتا ڕادەیەکی بەرچاو کۆسپی بۆ دروست دەکرا، هەروەها بەپێی ڕیککەوتنی ئێران و عێراق، نێوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی "جزائیر" لەسەر سنووری نێودەوڵەتیی هەردوو لا زیندوو ببۆوە. عێراق هەر بە دوای کۆتایی‌هاتنی شەڕەکە، بەئاشکرا دەستی کردبوو بە ڕاگواستنی ئەو گوند و شارانەی کوردستان کە لەسەر سنوور هەڵکەوتبوون. شار و گوندەکان یەک لە دوای یەک بە بەرچاوی ئێمە و خەباتگێڕانی باشووری کوردستان و دنیاشەوە تەخت دەکران و ئەوە بۆ ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و خودی دوکتور قاسملوو، وەک سکرتێری ئەو حیزبە زۆر سەخت و دژوار بوو. ئەگەر لە باشووری کوردستان بۆ بەرگرتن بەو دۆخە حیزبی دێموکراتی کوردستان هیچی لەدەست نەدەهات، بەڵام دەبوایە هەوڵ بدرێ کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو دەرد و ئازارەوە نەتلێتەوە و یەکێک لەو ڕیگەیانە ئەوە بوو کە ئەوەندەی دەکرێ پرسی کورد لە ڕیگەی وتووێژەوە چارەسەر بکرێ و لەو ڕێگەیەوە پێش بە چۆل‌بوونی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بگیردرێ. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرەوپیری ئەو پێشنیارەوە چوو، بەڵام دیتمان کە ڕێژیمی کەلکی خراپی لە نیازپاکیی حیزب وەرگرت و دەستی بۆ قێزەونترین کەرەستەی سەدەکانی نێوەڕاست واتە تێرۆر برد و لەسەر میزی وتووێژ و دانوستان بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئێران، داوی تێرۆرکردنی د. قاسملوو و هاورێیانی داڕشت. کاتێک چاو بە ڕەوتی دانیشتنەکانی هەیئەتی حیزبی دێموکرات و ڕێژیمی ئیسلامیدا دەخشێنین کە دوو قۆناغ بووە و لە هەر قۆناخێکدا دوو دانیشتنیان لە ڤییەن بەڵام لە دوو شوێنی جیاوازدا بووە، زۆر بەڕوونی دیارە کە هەیئەتی حیزبی دێموکرات زۆر بەرپرسانە هاتووەتە مەیدانەکە و داواکانی ڕوون و ئاشکران. بەڵام لە قسە و دەربڕینەکانی هەیئەتی وتووێژکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر زوو بۆت دەردەکەوێ کە لەڕاستیدا هیچیان پێ نییە و تەنیا کات تێپەڕ دەکەن و لە هەلی گونجاو دەگەڕێن بۆ ئەنجامدانی کردەوە نامرۆڤانەکانی خۆیان کە هەر لە سەرەتاوە ئامانجیان تێرۆرکردنی د. قاسملوو بووە. ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتاوە دوو کردەوەی تێرۆر و بارمتەگرتنی مرۆڤەکانی کردە کەرەستەی مانەوەی خۆی و گوشارهێنان بۆ سەر لایەنەکانی بەرانبەر بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی. دەبینین دوای تێپەڕبوونی ٤٣ ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو نیزامەدا ئەو دوو کردەوە قێزەونە و دوور لە هەموو پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی و نێودەوڵەتی، بەردەوام کەلکیان لێ وەردەگرێ. ئەگەر لە سەردەمانێکدا دەوڵەتەکان هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە بە پشتیوان و هۆکاری کردەوەی تێرۆریستی تاوانبار نەکرێن چونکە بۆیان دەبوو بە جێگەی شەرمەزاریی نێودەوڵەتی، بەڵام لە سەردەمی ئێستەدا نیزامێکی وەک ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەک شەرمی لێ ناکا، بەڵکوو وەک ئامرازێکی زۆر کاریگەر لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا کاری پێ کردوە. بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییەوە هەتا دەرکردنی حوکمی دادگای مێکۆنووس لە بەهاری ١٣٧٦ی هەتاوی، واتە نزیک بە ١٨ ساڵ، ڕادەی ٨٩ کەس لە دژبەرانی ئەو نیزامە لەسەر خاکی ئورووپا بە دەستی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تیرۆر کراون، ئەوە بێجگە لەو تێرۆر و کردەوە تیرۆریستییانەیە کە لە باقی شوێنەکانی دیکەی ئەو جیهانە ئەنجامی داوە. ئەوە لە لایەک و لایەکی دیکەوە تەنیا لە نێوان ساڵەکانی ١٣٨٢ هەتا ١٤٠٠ی هەتاوی، نزیک بە ٦٩ کەس لە هاووڵاتییانی هەڵگری ناسنامەی دەوڵەتانی ئورووپایی و ئەمریکایی و کانادایی و ئوسترالیایی لەلایەن دەزگا بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبارمتە گیراون و لە بەرانبەر جێبەجێ‌کردنی مەرجێکی ئەو ڕێژیمەدا کە زۆرتر لایەنی ماددی هەبووە ئازاد کراون، نموونەکانی ئەو دوایییانەش خۆیان هاوار دەکەن، لە تێرۆرکردنی د. قاسملووشدا لەو ڕێکارە کەڵکیان وەرگرتوە. جەعفەری سەحراڕوودی یەکێک لە تێرۆریستەکانە کە لە تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانیدا بە وندی بریندار بوو، یەک دوو ساڵ پێشتر لە یۆنان وەک نێردراوی ڕاوێژکاری نیزامی لەژێر نازناوی "ڕەحیمی" مامەڵەیەکی قورسی چەکوچۆلی لەگەڵ دوڵەتی ئوتریش کردبوو کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ئوتریش مافی ئەوەی نەبووە چەک بە هیچ کام لە لایەنەکانی شەڕ بفرۆشێ و لە کاتی کڕینی ئەو چەکانە کە تۆپخانەی قورس بوون، لایەنی ئێرانی بەرتیلێکی زۆری داوە بە لایەنی ئوتریشی. کاتێک جەعفەر سەحراڕوودی دوای کردەوە تێرۆریستییەکە بە برینداری دەکەوێتە دەستی پۆلیسی ئوتریش، بوونی ناوبراو لە نەخۆشخانە دەبێتە هۆی ترس و دڵەراوکێی کاربەدەستانی پلەبەرزی ئوتریشی کە ناوبراویش ئەوە باش دەزانێ، بۆیە لەلایەن باڵوێزی ئەوکاتی ئێران لە ڤییەن بە دەسەڵاتدارانی ئوتریشی ڕادەگەیندرێ کە ئەگەر ناوبراو واتە جەعفەر سەحراڕوودی بکەوێتە بەر لێکۆڵێنەوەی پۆلیس، ڕەنگە بۆ بەرگری‌کردن لە خۆی بابەتی چەک‌فرۆشتنەکە ئاشکرا بکا کە ئاشکرابوونی ئەو بابەتە لە نێوخۆی ئوتریشدا دەبوو بە قەیرانی سیاسی. ئەوە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە لە تاران باڵوێزی ئوتریش بانگ کرایە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و بەفەرمی پێی ڕاگەیەندرا کە ئەگەر پۆلیس لەو بابەتە بکۆڵێتەوە، ئێمە ناتوانین زەمانەتی پاراستنی هاووڵاتییانی ئوتریشی لە ئێران بکەین و ئەوانە هەڕەشەی ڕاستەخۆ بوون لە دەوڵەتی ئەو کاتی  ئوتریش. دەبینین کە دوڵەتی ئوتریش زۆر زەبوونانە تەسلیم بوو و بکوژانی د. قاسملوو و هاوڕێیانی بە سڵامەتی و دوودەستی ڕادەستی ئێران کردەوە. ئەوەی کە دەبێ لە ئێستەدا سەرنجی بخەینە سەر و چاوپۆشیی لێ نەکەین، ئەوەیە کە هەموو هەوڵی خۆمان چڕ بکەینەوە کە پەروەندەی تێرۆری د. قاسملوو و هاورێیانی لە ئوتریش کارا بکرێتەوە و ئەوەش هاوکاریی هەموو لایەکی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی و کوردستانی پێویستە، هەر وەکوو لە سەردەمی خۆیدا لە پەروەندەی مێکۆنووس لە ئاڵمان و لەو ماوەیەدا لە پەروەندی "حەمید نووری" لە سوئید ئەو هاوکارییە هەمە لایەنەی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی و کوردستانی توانییان لە سەرکەوتنی دادپەروەرانەی ئەو ددادگایەدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێ و دادگا بڕیاری دادپەروەرانەی خۆی بدا.