کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. قاسملوو و بنەڕەتی سەربەخۆیی سیاسیی بڕیاردان

21:11 - 31 پووشپەڕ 2722

سەربەخۆیی سیاسی واتای ئەو بڕیار و کردەوانە دەگەیەنێ کە حێزبێک یان دەوڵەتێک لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی حیزب و میللەتەکەیدا سەرەڕای هەست‌کردن بە کۆسپ و مەترسییەکانی سەر ڕێگا بەڕێوەیان دەبا. لە سیاسەتی ئەمڕۆی دنیادا گرووپ و ڕەوت و دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن ئامانجە کورت و درێژمەوداکانیان لە ڕێگای جوراوجۆر و بەهۆی لایەنەکانی دیکەوە ببەنە پێش، بۆ ئەوەی خۆیان و ڕەوتەکەیان زیانمەند نەبن. لە چوارچێوەی وەها بیرکردنەوەیەکدا بۆ ئەوەی حیزب یا ڕەوتێک بتوانێ بڕیاری سەربەخۆ بدا، بێجگە لە تێپەڕاندنی ترس و کۆسپەکانی سەر ڕێگا پێویستە لە بواری سیاسی و جیهانبینییەوە توانای لێکدانەوەی ڕووداوو و پێشهاتەکانی زۆر لە سەرەوە بێت تا نەکەوێتە ژێر کارتێکەریی حیزب و جەریان و کەسایەتییەکانی دیکەوە. لە مێژووی حیزبی ئێمەشدا د. قاسملوو بە مێعماری سەربەخۆیی حیزب دەناسرێ و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تایبەتمەندییە کەسییانەی کە د.قاسملوو لە ئازایەتیی بڕیاردان و ناسینی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەمان لەلایەک، و خوێندنەوەی پیلانی دوژمنانی نەتەوەکەمان لەلایەکی دیکەوە هەیبووە . پاش تێکچوونی کۆماری کوردستان تەشکیلاتی حیزب هەڵوەشایەوە، بەڵام خۆشەویستیی خەڵک بۆ کۆمار و ویستی مافخوازیی خەڵکی کوردستان هەروا لە جێی خۆیدا مابوو و کۆمەڵێک لاوی خوێنگەرم کە یەک لەوان عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو، بە هاوکاریی حیزبی توودە دەستیان دایە ڕێکخستنی لاوانی کوردستان. لە ڕاستیدا ئەو ڕێکخستنانە دەبوونە بەشێک لە ڕێکخستنی حیزبی توودە لە کوردستاندا، بەڵام بەناوی حیزبی دێموکراتەوە، هەر ئەوەش بوو ئەندامی حیزب کاتێک دەچووە تاران پەیوەندیی بە ڕێکخراوی حیزبی تودەوە دەگرت و ئەرکی خۆی لە تاران وەک ئەندامی حیزبی تودە ڕادەپەڕاند. لەهەمان کاتیشدا ئەندامی حیزبی تودە کە دەهاتە کوردستان وەک ئەندامی حیزبی دێموکرات کاری بۆ دیاری دەکرا، د.قاسملوو بۆخۆیشی کادری حیزبی تودە بوو. ئەم ڕەوتە هەروا دەچووە پێش تا لە ئاکامدا لە ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی حیزبی لە ناوچەی کەوتەرانی مەهاباددا کە ناوی کۆنفرانسی یەکەمیشی لەسەر دانرا، بە ئیبتکار و پێشنیاری شەهیدی د. قاسملوو، پۆلیس‌زەدە بوونی ئەوکاتی حیزبی تودە دەکرێتە بیانوو و بڕیار دەدەن لەو ڕێکەوتە بەدواوە کاری تەشکیلاتیی جیاواز لە چوارچێوەی تەشکیلاتی حیزبی تودەدا بەڕێوە بەرن، کە ئەمەش بە بەردی بناغەی سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکرات دادەنرێ. لە دوو قۆناغی میژوویی دیکەشدا حیزب بەهۆی لاوازیی ئاستی سیاسی ڕێبەری و تێنەگەیشتن لە هەلومەرجی بابەتیی ئەوکات کەوتووەتە ژێر باندۆری حیزب و ڕەوتە سیاسییەکانی دیکەوە و لەم بارەوە زیانی زۆر بە یەکڕیزی و ڕەوتی بەرەوپێش‌چوونی خەباتی حیزب و گەلەکەمان کەوتوە. لە ساڵەکانی"١٣٤٢ -١٣٤٣"ی هەتاویدا ئەحمەد تەوفیق (عەبدوڵڵا ئیسحاقی) بەهۆی جیانەکردنەوەی نێوان دۆستایەتی و بەستراوەیی و بە بیانووی کوردایەتی بە ڕادەیەک خۆی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی خستە ژێر باندۆری شۆڕشی کوردستانی باشوورەوە کە جێگایەک بۆ خۆدەرخستن وەک حیزبی دێموکراتی بە تایبەتمەندی و خسڵەتی سەربەخۆی خۆیەوە نەهێشتەوە. بە جۆرێک کە نە باسێک لە دەرچوونی گۆڤاری حیزبی لە ئارادا ما و نە شتێک بە ناوی تەشکیلات و ...هتد. بەم چەشنە حیزب لە ڕاستیدا کاری ببووە ڕاپەڕاندنی کاروباری شۆڕشی ئەیلول، ئەویش لە نزمترین ئاستی خۆیدا. هەر لەو قۆناغەدا د. قاسملوو لە ساڵی ١٣٣٩تا١٣٤٩ی هەتاوی لە حیزب دور دەخرێتەوە و وەک خۆی نووسیویەتی لەو ساڵانەدا زۆر بە کەمی ئاگای لە وەزعی حیزبی دیموکرات دەبێ. ساڵی ١٣٤٩ کە د. قاسملوو دەگەڕێتەوە کوردستانی باشوور، بە هاوکاریی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ئەوکات ئەندامانی پرش‌وبڵاوی حیزب کۆ دەکەنەوە و بە نووسینی بەرنامەوپێڕەو و دانانی کلاسی کادر و گرتنی کۆنفرانسی سێهەم گیانێکی دیکە بەبەر حیزبدا دەکاتەوە. لە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ پارتی و بارزانیشدا جۆرێک لە هاوسەنگی وەک پەیوەندیی دوو حیزب پێک دێنن و بەم چەشنە حیزب دەخرێتەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش کاتێک حیزب هەر چەند بەدرەنگەوە دەگەڕێتەوە نێوخۆی وڵات و خەڵک لە ڕیزەکانی خۆیدا ڕێک‌دەخاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی باکگراوەندی مێژوویی و بوونی ڕێبەرییەکی تا ڕادەیەک بەئەزموون لە باری سیاسییەوە کە لە سەرەوەی ئەو ڕێبەرییە کەسایەتییەکی بێ‌وێنەی وەک د. قاسملوو هەبوو، توانیی لە ماوەیەکی کورتدا بە سەدان هەزار کەس لە ئەندام و کادر و پێشمەرگە و لایەنگر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و ببێتە هێزێک کە دۆست و دوژمن حیسابی بۆ بکەن. ڕاست لەم کاتەدا و بە پیلانی هاوبەشی حیزبی تودە و کۆماری ئیسلامی و بە هاندانی چەند کەسێک لە ڕێبەریی حیزب و بە هێنانەگۆڕێی ئەو تیورییە کە گوایە قۆناغ قۆناغی خەباتی دژی ئیمپریالیستییە و لەم قۆناغەدا پێویستە هەموو هێزەکان بەرەوڕووی ئیمپریالیزم ببنەوە و کۆماری ئیسلامی هێزێکی دژی ئیمپریالیستییە، دەبێ بچنە ئەو بەرەیەوە. لە چوارچێوەی ئەم لێکدانەوەیەدا، حیزبی توودەی ئێران بەهۆی هیندێک دروشمی بێ‌نێوەرۆکی خۆمەینی لە دژی ئەمریکا ئەو و ڕێژیمەکەیان بەدژی ئێمپریالیستی لە قەڵەم دەدا و داوایان دەکرد حیزب واز لە خەبات بێنێ و تەسلیمی کۆماری ئیسلامی ببێت، کە ئەمە لەلایەن زۆربەی هەرە زۆری ڕێبەری و کادر و پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانەوە ڕەت کرایەوە. بەداخەوە پیلانی کۆماری پەت و سێدارە و حیزبی توودە توانییان گرووپێک لە حیزبی دیموکرات -کە بە تاقمی ٧ کەسی ناسران- لەگەڵ ژمارەیەک کادر و پێشمەرگە لە حیزب کە دواتر ناوی" پەیڕەوانی کۆنگرەی چواریان" لەسەر خۆیان دانا داببڕن. ئەوان دوای خۆڕادەست‌کردنەوە بە ئێران بە بیانووی خەباتی دژی ئیمپریالیستی چی سیخوڕی و دوژمنکاری نەما کە دژی حیزبی دیموکرات نەیکەن. پاش چەند مانگ لە دابرانی تاقمی حەوت کەسی، کزی و هەڵەبوونی لێکدانەوەکانی حیزبی توودە و ئەو تاقمەش لەسەر نێوەرۆکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ هەمووان دەرکەوت و تیئوریسیەنەکانیان -ئیحسان تەبەری، نورەدیین کیانوری، عەلی گەلاوێژ و..." کەوتنە بەر تیغی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی و  ناچار بە داننانی تەلەڤیزیۆنی بۆ حاشاکردن لە ڕابردوویان کران کە دواتر عەلی گەلاوێژ لە زینداندا ئێعدام کرا و تەبەری و کیانوورییش لە شانۆی سیاسەت بە یەکجاری وەلانران. مەبەست ئەوەیە لە هەردوو قۆناغدا ئەوەی بووە هۆی ئەم زەرەر و زیانانە کە وەبەر بزووتنەوەی کورد کەوت، کزی و لاوازییەک بوو لە خوێندنەوە و لێکدانەوەی هەلومەرجی عەینی و زیهنیی ئەوکاتی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان، هەروەها نەناسینی نێوەرۆکی کۆنەپەرەستانەی کۆماری ئیسلامی لەلایەک و لەلای دیکەوە ئەوەی بۆ تاقمی حەوت کەسی و حیزبی توودە گرینگ نەبوو، بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بوو. ئەوان مەبەستیان  ڕازی‌کردنی کۆماری ئیسلامی و دڵخۆش‌کردنی یەکیەتیی سۆڤییەت بوو کە ئەوکات کیسەی لەسەر دۆستایەتیی خۆیان و کۆماری ئیسلامی هەڵدرووبوو. لە بەرامبەر ئەو دوو ڕەوتەدا کە بەکورتی باسمان کرد، حیزبی دێموکراتی ڕاستەقینەی هەڵقوڵاو لە ویست و ئیرادەی خەڵک هەبوو کە خوێندنەوەی دروستی بۆ ڕووداوەکان هەبوو و بنەڕەتی سیاسەت‌کردنەکەشی بۆ بەرژەوەندی گەل دەگەڕایەوە و، ڕێبەریی ئەم ڕەوتەش د. عەبدولڕەحمان قاسملوو دەیکرد. لەمەڕ سەربەخۆیی بڕیاردان لە حیزبی دێموکرات و لە باوەڕەکانی د. قاسملوودا نموونە زۆرن کە ڕەنگبێ باسکردن لە هەموویان لەو دەرفەتەدا مەیسەر نەبێت، بەڵام پێوەندیی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو لەگەڵ حکوومەتی بەعسی عێڕاق یەک لە لوتکەکانی خاوەنداریی حیزب لە بەها و پڕەنسیپەکانیەتی. شێوەی دامەزراندن و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی د. قاسملوو لەگەڵ حکوومەتی بەعس و درێژەی ئەو پەیوەندییە بۆ ماوەی چەند دەیە کە هاوکاتیش بوو لەگەڵ شەڕی عێراق لەدژی هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستانی باشوور ئێستاش جێی سەرنج و بایەخی لێکۆڵەرانە. پاش ڕووخانی حکوومەتی بەعس و دەرکەوتنی بەڵگەکان زۆر لە دوژمنان و نەیارانی حیزبی دیموکرات پێیان وابوو دەست بەسەر سەدان بەڵگە لە پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و حکومەتی بەعس دادەگرن و بە خەیاڵی خویان حیزبی پێ ڕیسوا دەکەن، بەڵام لە تەواوی بەڵگەکاندا بە شایەتیدانی زۆر بەرپرسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەو بارەیەوە دواون -د. مەحموود عوسمان و مەلا بەختیار بۆ نموونە- تەنانەت یەک بەڵگەش نەدیتراوە کە حیزبی ئێمە دێموکرات بڕیارێکی لەدژی بزووتنەوەی کوردی باشوور یا هیچ شوێنێکی دیکە دابێ، یان لەسەر حسێبی بەرژەوەندیی ئەوان کارێکی کردبێ؛ بەڵکوو هەر بەپێی قسەی ئەم بەڕێزانەی ناویان هات سەدان بەڵگە دەرکەوتوون کە نیشانەی هاوکاریی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی لێقەومانی تێکۆشەرانی باشووردان. ئەوە جێی شانازییە کە لە تەواوی ئەو سەردەمەدا کە حیزب پەیوەندیی لەگەڵ عێراق هەبووە، نەدیتراوە و نەبیستراوە یەک کوردی باشووری کوردستان لەلایەن کوردێکی ڕۆژهەڵاتەوە هێرشی کرابێتە سەر، بریندار یان شەهید کرابێ. هۆکاری ئەمەش بۆ ئایدیا و بایەخە فکرییەکانی د. قاسملوو دەگەڕێتەوە کە لەجێدا باوەڕی وابوو ئەو سیاسەتەی کە خۆمان -وەک حیزب- بڕیارمان لەسەر داوە، ئەگەر چەوت و هەڵەش بووبێ، مادام بۆچوونی خۆمان بووە، بە ئەرزشە. چونکی پێمان وایە هیچ کەس بە ئەندازەی خۆمان لە واقعییاتی کۆمەڵی کوردستان شارەزا نییە. بۆیە هیچ کەس لێوەشاوەیی بڕیاردانی لە جیاتی ئێمە نییە. جا ئەوە چ دەوڵەتێک بێت چ لایەنێکی تەنانەت دۆستمان. ئەو باسە دەکرێ زۆر بەردرێژ بێت، بەڵام تەنیا نموویەکی دیی بۆ دێنینەوە. لە کاتێکدا ڕێبەریی حیزبی دێموکرات پێوەندیی زۆر باشی لەگەڵ حکوومەتی بەعسی عێڕاق دامەزراندوە، لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە هەوڵی تێرۆرکردنی مەڕحووم مەلا مستەفا بارزانی، دەدرێت. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بە ئیمزای کۆمیتەی ناوەندی بە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٣٥٠ (١/١٠/١٩٧١) بەتوندی ئەو کردەوە تێرۆریستییە مەحکووم دەکا. ناسراوترین وتەی د. قاسملوو لەبارەی سەربەخۆیی سیاسی بڕیاردان ئەوەیە کە: ئەگەر ڕۆژێک ناچار بین لە نێوان سەربەخۆیی سیاسی و دۆستایەتی یەکیان هەڵبژێرین ئەوە بەبێ گومان سەربەخۆیی سیاسیی هەڵدەبژێرین." نووسینەکەم بە وتەیەکی دوکتور قاسملوو کۆتایی پێ دێنم کە دەفەرموێ: "حیزبی دێموکرات، حیزبێکی سەربەخۆیە و سەربەخۆیی خۆی لە هەموو شتێکی دیکە بەلاوە گرینگرە. ئەوەی بە قازانجی خۆی و خەڵکی بزانێ جێبەجێی دەکات و هیچ کەس و لایەنێکیش ناتوانێ نەزەری خۆی بەسەردا بسەپێنێ. نابێ لە بیری بکەین کە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان بۆ ئێمە سەرمایەیەکی گەورەیە."