کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری پیرانشار

14:35 - 2 گەلاوێژ 2722

کاک محەممەد سەدیقی، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی بە وەجی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە شاری پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کاک محەممەد سەدیقی، ناسراو بە "مەلا محەممەد" پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی پیرانشار، لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە ناوچەی لاجانی ئەو شارە گیانی لە دەست دا و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و هەموو کەسوکاری کرد. کاک محەممەد پێشمەرگەی دێرین و ئەندامێکی بەوەجی حیزبی دێموکرات بوو، لە کاتی پیشمەرگایەتی‌دا کەسێکی زۆر دیار و چالاک بوو و بەهۆی پێشمەرگایەتیی و دڵسۆزی بۆ خەباتی حیزبی دێموکرات لەلایەن رێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ماوەیەک زیندانیی کراوە. ناوبراو کەسێکی خۆشناو و جێی متمانەی خەڵکی پیرانشار و ناوچەی لاجان بوو و تا کۆتا ساتەکانی تەمەنی بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک مەلا محەممەد، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.