کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە ناوکیی و ناوچەییەکانی تاران، کاکڵەی وتووێژی وەزیرانی بەرگریی ئیسرائیل و ئەمریکا

14:43 - 2 گەلاوێژ 2722

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لە کۆبوونەوە لە کۆشکی سپی لە بارەی دەورلێدانی هەڕەشە ناوکیی و ناوچەییەکانی ڕێژیمی ئێران وتووێژیان کرد. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لەسەر دەورلێدانی هەڕەشە ناوکیی و کردەوە تێکدەرانە و تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە، لە کۆبوونەوەیەک‌دا لە کۆشکی سپی وتووێژیان کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران بدرێ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ کۆتایی بە کردەوە تێکدەرانە و تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکە‌دا بهێنرێ و چیدیکە نابێ ببێتە هەڕەشە بۆ وڵاتانی ناوچەکە. بێنی گانتس، لەو کۆبوونەوەیە‌دا تیشکی خستە سەر گرینگیی هاوکاریکردنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەوەی پێکەوە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران ببنەوە و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا کەم بکەنەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بەرپرسی پلەبەرزی سەربازیی هەر دوو وڵات بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە و ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەیکە دەبێ بە هێزی سەربازیی ڕوبەڕووی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە و ژمارەیەک لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئەمریکاش داوایان لە دەوڵەتی جەو بایدن کردووە کە دەبێ هەڵوێستی خۆی لەهەمبەر تاران توندتر بکات.