کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شاری سنە

16:44 - 3 گەلاوێژ 2722

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شاری سنە بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،ڕۆژی شەممە، یەکی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی،کەماڵ ئەفریدوون پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات ناسراو بە دوکتور کەماڵ، کادری دەرمانی لە ھێزی شەھید ئیسماعیل شەریفزادە،لە شاری سنە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد. ناوبراو دوای شەڕی سێ مانگە و ئاشکرا بوونی حیزبی دێموکرات لە شاری سنە ھاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکراتەوە و ئەرکی کادری دەرمانیی پێ ئەسپێدرابوو و چالاکانە لە شەڕەکانی نەورۆزی ٥٨ و شەڕی ٢٤ ڕۆژەی شاری سنە و دواتر لە گوند وشاخەکانی کوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەرکی دەرمانکردنی پێشمەرگەکانی لە ئەستۆ بوو. کاک کەماڵ لە بنەماڵەیەکی دڵسۆز و خۆشناوی شاری سنەیە کە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە و لەسەر ڕەزامەندیی حیزب لە ساڵی ٦٢ی هەتاویدا دەگەڕێتەوە خزمەتی بنەماڵەکەی و درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی دەدا و تا دواساتەکانی ژیانی هەر وەفادار بەو ڕێگا و ڕێبازە مایەوە. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای بەداخبوونی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک کەماڵ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکار و هەموو خەڵکی شاری سنە دەکەین و بەشداری خەمیانین.