کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی ئۆردۆن لە قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە لایەن میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێرانەوە لە سەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە

12:30 - 4 گەلاوێژ 2722

پاشای ئۆردۆن ڕایگەیاند کە، لە سەر سنوورەکانی وڵاتەکەمان بەردەوام ڕووبەڕووی قاچاخی ماددەی هۆشبەر و هێرشی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبینەوە. ڕۆژی یەکشمەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، "مەلیک عەبدوڵا دووهەم، پاشای وڵاتی ئۆردۆن، لە وتووێژێک‌دا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئەلرای "، وێڕای مەحکوومکردنی قاچاخی ماددەی هۆشبەر و چەک‌و‌چۆڵ کە ئۆردۆن و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوای گرتووەتەوە، وتی: ئۆردۆن لە سەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیا تێرۆریستیەکانی سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بە تەواوی سەقامگیری سنوورەکانی ئێمەیان تێک داوە وقاچاخی ماددەی هۆشبەر دەکەن و هەوڵی کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستیی دەدەن. مەلیک عەبدوڵا، لە درێژەی وتووێژەکەی‌دا، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا دەستێوەردان دەکا و بۆتە هۆی ناسەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەی شێواندووە، پێویستە هەموو لایەک بە هاودەنگیی لەسەر دەستێوەردانەکانی تاران لە ناوچەکە‌دا هەڵوێستمان هەبێ و دەبێ هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران بگۆڕین.