کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان‌لەدستدانی مامۆستایەکی ئایینی لە ژێرئەشکەنجەدا لە بەندیخانەی بەندەرعەباس

12:34 - 4 گەلاوێژ 2722

مامۆستایەکی ئایینی سوننی مەزهەب بەهۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕێژیمەوە لە بەندیخانەی بەندەرعەباس گیانی لە دەستدا. بەپێی راپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستایەکی ئایینی سوننی مەزهەبی بەلووچ بە ناوی "مووسا ڕەحیمی" خەڵکی گوندی "مێهمان"ی سەر بە شاری سیریک، گیانی لە دەستداوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی بەندیخانە پێوەندییان بە برای ئەو مامۆستایەوە گرتووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە دۆخی تەندرووستی براکەت ناجێگیرە و دوای ئەوەی دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە بەهۆی قووڵیی برینەکانی کە لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ئەشکەنجە کرابوو گیانی لە دەستدا. جێی ئاماژەیە کە بەرپرسانی بەندیخانەی "بەندەرعەباس" بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان گوشاریان بۆ بنەماڵەکەی هێناوە کە دەبێ پارەیەیەک بخەنە ئەژماری بەندیخانەوە، دواتر دەتوانن تەرمەکە وەربگرنەوە.