کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی پێشێلکارییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران

14:33 - 4 گەلاوێژ 2722

بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لەکاردانەوە لەهەمبەر قسەکانی ڕافائێل گڕووسی وتی: تا کاتێک ڕێککەوتنی بەرجام نەبووژێتەوە کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە هەڵناکرێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، محەممەد ئیسلامی، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کوژاندنەوەی کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی و هەروەها بە کاردانەوە لەهەمبەر قسەکانی ڕافائێل گڕووسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی کە وتبووی ڕێژیمی ئێران پێویستی بە پیتاندنی ئۆرانیۆمی لە سەتا ٦٠ نییە وتی: تاران تەنیا ئەو کاتەی کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانس هەڵدەکاتەوە کە ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوایی گەیشتبێتنە ڕێککەوتن و ڕێککەوتنی بەرجام بووژابێتەوە. ناوبراو هەروەها وتیشی کە ئەو کامێراگەلە تەنیا بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی تۆمەت نەخاتە پاڵ ڕێژیمی ئێران، ئێستا کە ئەو تۆمەتانە بەردەوامن هیچ پێویست ناکات کە ئەو کامێرا چاوەدێرییانەی ئاژانس هەڵ‌بکرێ جێگەی ئاماژەیە کە، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە، بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران زۆر بەخێرایی دەچێتە پێشەوە و دەبێ پێش بە پێشێلکارییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بگیردرێ.