کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی ئۆکراین لەهەمبەر فرۆشتنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئێرانی بە ڕووسیە

15:04 - 4 گەلاوێژ 2722

نوێنەری پارلمانی ئۆکراین لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێران بە ڕووسیە، وتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران بە فرۆشتنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بە ڕووسیە، مەترسیی هێرشەکان بۆ سەر ئۆکراین زۆرتر بکا، بێ وڵام نابێ. بەپێی ڕاپۆرتی تەلەفیزیونی "ئێران ئینتێرناشناڵ"، ڕۆژی دووشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، ئینا ساوسۆن، نوێنەری پارلمانی ئۆکراین وتی: هەرکات ڕێژیمی ئێران فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان ڕادەستی ڕووسیە بکا، دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکا دژکردەوەی جیدییان دەبێ و وڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەنەوە کە ڕاستەوخۆ پشتگیریی هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین دەکا، هەر لەو پێوەندییەدا یەکێک لە ڕاوێژکارانی سەرۆک‌کۆماری ئۆکراین‌یش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، دەوڵەتی ئۆکراین هیچ متمانەیەکی بە ڕێژیمی ئێران نییە. ساوسۆن لە درێژەدا بە ئاماژە بە کاریگەریی پشتیوانیی سەربازیی تاران لە مۆسکۆ لەسەر دۆخی شەڕ، وتی: بەرپرسانی پلەبەرزی ئەمریکا بە ئاشکرا وتوویانە، لە ئەگەری پشتیوانیی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەوڵەتی ڕووسیە لە بەرانبەر ئۆکراین، ئەوە ئەمریکا گەمارۆگەلی توندتر بە دژی ڕێژیمی ئێران دەسەپینێ و لەگەڵ بڵاو بوونەوەی دەنگۆی ناردنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیە، ئەمریکا هۆشداری جیددیی بە تاران داوە.