کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد

15:44 - 4 گەلاوێژ 2722

دایە مێری ئەرحەنە،دایکی شەهید برایم خزرپوور لە گوندی کەوتەر سەر بە شاری مهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، "دایە مێری ئەرحەنە" دایکی "شەهید برایم خزرپوور" ناسراو بە "شێخە " لە گوندی کەوتەری سەر بە شاری مهاباد دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت. دایە مێری ژنێکی ڕوح‌سووک و نیشتمان خۆشەویست بوو و ئاواتی گەورەی وەدیهاتنی ئامانجی کۆڕە شەهیدەکەی بوو کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و ئەو ئاواتەی وەدینەهات. شەهید شێخە خزرپوور فەرماندە لک و پێشمەرگەیەکی قارمان و ئەرک وەخۆگری هێزی پێشەوا بوو، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٧٢ی هەتاوی، دوای شەڕێکی نابەرامبەر لەگەڵ دوژمن لە دەراوی ئەشکەوتانی مەنگوڕانی مهاباد، لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی سەید کریم مستەفازادە شەهید بوون و ڕێگای خەباتیان بە هاوسەنگەرانیان سپارد. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی‌دوایی دایە مێری، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.