کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگایی ٣٦ چالاکی کورد لە دادگای ئیقلابی سنە

15:49 - 4 گەلاوێژ 2722

دانیشتنی دادگایی ٣٦ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد کە لە پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، لە دادگای ئیقلابی شاری سنە بەڕێوەچوو. بەپێی هەواڵی هەوالدەریی هەنگاو، دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ٣٦ چالاکی سیاسی و مەدەنیی خەڵکی شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سنە، کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی هاوڵاتییانی کورد دەسبەسەر کرابوون، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠١٧ هەتاوی، لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی سەعیدی بەڕێوەچوو. ئەو ٣٦ چالاکە سیاسی و مەدەنییە لەلایەن ناوەندەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بە پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات، ڕاگرتنی چەک و تەقەمەنی بێ مۆڵەت و هەروەها "شەڕی چەکداریی" تۆمەتبار و بەو تۆمەتانەش دادگایی کراون. ئەم کەسانە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی ڕەشبگیری لاوانی کورد لە شارەکانی سنە، بانە، مەریوان و سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە لە سنە گوازرابوونەوە.