کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە حیزبوڵا وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی بناسێنێ

14:37 - 8 گەلاوێژ 2722

پاش گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر باڵی سیاسیی و سەربازیی گرووپی حیزبوڵای لوبنانی سەر بەڕێژیمی ئێران، ئەمریکا داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە ئەو گرووپە وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی بناسێنێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی هەینی ٧ گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، بڕیارنامەیەک کە لەلایەن" پیتێر مایێر"، نوێنەری کۆماریخوازەکان لە ئەمریکا ئامادە کراوە بۆ دەنگدان و پەسەندکردن دەدرێ بە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا و بەپێی ئەو بڕیارنامەیە ئەمریکا داوا لە یەکیەتیی ئورووپا دەکا کە باڵی سیاسیی و سەربازیی گرووپی حیزبوڵای لوبنان وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی بناسێنێ. جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر یەکیەتیی ئورووپا تەنیا گەمارۆی خستبووە سەر باڵی سەربازیی حیزبوڵای لوبنان و ئەگەر یەکیەتیی ئورووپا ئەو داواکارییەی ئەمریکا قەبووڵ بکا ئەوە حیزبوڵای لوبنان، بە تەواوەتی دەکەوێتە ژێر گوشارەوە. هاوکات لەلایەکی دیکەوە جەوبایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەیامێکدا بۆ ڕێبەرانی کۆنگرەی ئەمریکا وتی: قاچاخی چەکوچۆڵ و تەقەمەنیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حیزبوڵای لوبنان، سەروەریی لوبنانی لاواز کردووە. هەروەها سەرۆککۆماری ئەمریکا وتیشی: هەناردەکردنی چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حیزبوڵای لوبنان، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا.