کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای سزا بۆ بڕیاردەران وبکەرانی بڕینەوەی قامک لە ئێران دەکا

14:41 - 8 گەلاوێژ 2722

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە بڕینەوەی قامکی دەستی تۆمەتباران لە ئێران نیشانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و شکاندنی مرۆڤەکانە، داوای دەسبەسەرکردن و سزادانی بڕیاردەران وبکەرانی ئەو جۆرە سزایە لە ئێران دەکا. دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەرپرسی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی هەینی ٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وتی: بڕێنەوەی ئەندامەکانی لەش لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کارێکی نامرۆڤانە و قێزەونە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر دەسەلات پەنا بۆ هەموو کارێکی دژە مرۆییانە دەبەن. ناوبراو هەروەها وتیشی: سزای بڕینەوەی ئەندامی لەش بە واژۆ و بڕیاری قەزاییە و ئەو تاوانە نێونەتەوەیی دێتە ئەژمار و هەموو ئەو کەسانەی کە بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو سزایانە داوە و ئەو کەسانەی کە ئەو بڕیارەیان جێبەجێکردووە دەبێ لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا دادگایی بکرێن وسزا بدرێن. لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، داوای لەبەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە بە خێراترین کات پێش لە جێبەجێکردنی ئەو جۆرە سزایە بگرن و لە یاسای سزاداندان یاسای بڕینەوەی ئەندامانی لەش دەبێ نەمێنێ و هەروەها ڕێژیمی ئێران دەبێ قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کە ئەندامەکانی لەشیانی بڕیوەتەوە.