کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە

14:44 - 8 گەلاوێژ 2722

باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێخکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: دەبێ گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر بکرێن. ڕۆژی هەینی ٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، تۆماس گرینفلید، باڵوێزی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێکخراووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتووێژێکی تەلەفیزیونی‌دا لەگەڵ کاناڵی "ئەلعەرەبییە" لەسەر دەستێوەردان و کردەوە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە و جیهان بە گشتیی، وتی: دەبێ واشینگتۆن و هاوپەیمانانی کۆتایی بە کردەوە تێرۆریستیی و تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە بهێنن و گوشارەکان بۆ سەر تاران زۆرتر بکەن، ڕێژیمی ئێران بە نزیکبوونەوە لە دەست‌پێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر جیهان. ناوبراو لە درێژە‌دا وتیشی: پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی بووژانەوەی بەرجامەوە بڕیاری کۆتایی بدا و لە هەمانکاتیش‌دا وڵاتانی ئەندام لە بەرجام نابێ لە تارانی قەبووڵ بکەن کە بە دڵی خۆی کات بکوژێ، مەبەستی ڕێژیمی ئێران لە کات کوشتن ئەوەیە کە بە چەکی ناوکیی نزیک ببێتەوە، بۆیە وڵاتانی ئەندام لەبەرجام و ئەمریکا هاوپەیمانانی نابێ ڕێگە بە پێشێلکارییەکانی تاران بدەن و دەبێ گوشارەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی چڕتر بکەنەوە.