کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاردیەن: ئێران بۆ دەستێوەردانی زیاتر لە عێراق، کیشەی سیاسیی لەو وڵاتە دروست دەکا

14:57 - 9 گەلاوێژ 2722

ڕۆژنامەی بریتانیایی گاردیەن، لە ڕاپۆرتێکدا بەئاماژە بە قەیرانی سیاسیی لە عێراق، لەهەمبەر زۆربوونی دەسەڵات و زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق هۆشدار دەدا. ڕۆژنامەی بریتانیایی گاردیەن، ڕۆژی شەممە ٨ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی" قەیرانی سیاسیی لە عێراق و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران" بەئاماژە بە بارودۆخی قەیراناوی لە عێراق و تێکهەڵچوونی باڵە سیاسیی و سەربازییەکانی عێراق و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، نووسی: لە ئێستادا کە شپرزەیی و قەیران وکێشە باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە، ڕێژیمی ئێران زیاتر هەوڵ دەدا لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکانیەوە هێژمۆنی خۆی لە عێراق بسەپێنێ و دەسەڵاتی زیاتر بکا. لە بەشێکی دیکە لە ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە، هیواکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێک کە بەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتی لە پێش چاو بێ، لە ناوچە کوردنشینەکان و هەرێمی کوردستان لە عێراق کەم دەبێتەوە. ڕۆژنامەی گاردیەن هەروەها نووسیشی: رێژیمی ئێران دەیهەوێت لە ڕێگەی گرووپ و میلیشیاکانیەوە دەوڵەتێکی لاواز لە عێراق بێنێتە سەر کار و لە کۆتاییدا دەسەڵاتی بەشە هەستیارەکانی ئەو دەوڵەتە لاوازە بەدەستەوە بگرێ و بۆ خۆی ببێتە دەسەڵاتی یەکەم لە عێراقدا. لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا بەئاماژە بە هێرشی مووشەکیی ئەم دواییانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان نووسی: هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی ئەو هەرێمە زیاتر پشتیوانییان لە ڕەوتی سەدر بە ڕێبەری موقتەدا سەردر دەکرد، کە داوای کەمکردنەوەی دەسەڵات و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە عێراق دەکرد.