کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی بەرپرسانی ڕێژیم بە ئیعدامە بەکۆمەڵەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی

14:43 - 11 گەلاوێژ 2722

دادستانی گشتیی پێشووی ڕێژیم (لە یەکەمین ساڵەکانی دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا) وتی: محەممەد محەممەدی ڕەی‌شەهری، وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکات یەکێک لە بکەرانی سەرەکیی ئیعدامە بەکۆمەڵەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاویی لە ئێرانە. حوسێن مووسەوی تەبریزی، دادستانی گشتیی پێشووی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ " ئینساف نیوز" کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە سەرەڕای دانپێدانان بە ئیعدامە بەکۆمەڵەکانی بەندکراوانی سیاسیی لە هاوینی ١٣٦٧ی هەتاوی و بە تاونبار ناساندنی محەممەد محەممەدی ڕەی‌شەهری، وەزیری ئیتلاعاتی ئەو کاتی ڕێژیم وتی: ڕەی‌شەهری نامەی بۆ خومەینی نووسیوە و داوای لێکردوە کە ئیزنیان پێبدا ئەو کەسانەی کە لە بەندیخانەدان و تا ئێستا لە کردەوەکانی خۆیان پەشیمان نەبوونەتەوە سەر لەنوێ دادگایی بکرێنەوە و خومەینیش لەو پێوەندییەدا ڕەزامەندیی خۆی دەربڕیوە. ناوبراو لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: ئەو کات یەکێک لە ڕەخنەکانی حوسێنعەلی مونتەزێری، جێگری خومەینی ئەوە بوو کە بۆچی ئەو ئیعدامانە بەشێوەی گشتی و بەکۆمەڵ بەڕێوە چووە. مووسەوی تەبریزی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: تەنانەت هێندێک لە لاینگرانی موجاهێدینی خەلق کە بە" سەمپات"ەکان ناسراوبوون و لە هیچ عەمەلیاتێکی سەربازیدا بەشدارییان نەکردبوو لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دران.