![](/kurdistan-kurd/ku/wp-content/uploads/2022/08/photo_2022-08-02_09-32-09.jpg)
ئەمریکا لەدرێژەی گەمارۆکانی بەدژی ڕێژیمی ئێران، بەهۆی پێوەندی لەگەڵ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمەکانی پێترۆشیمییەوە گەمارۆی خستەسەر ٦ کۆمپانیای بازرگانی.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لەدرێژەی گەمارۆکانیدا بەدژی ڕێژیمی ئێران، گەمارۆی خستۆتە سەر ٦ کۆمپانیای بازرگانی کە یەکێک لەو کۆمپانیاگەلە گەورەترین کۆمپانیای بازرگانییە لە پێوەندی لەگەڵ کڕین و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەکانی پێترۆشیمی ڕێژیمی ئێران.
لەبەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، کۆمپانیای پیشەی پێترۆشیمی کەنداوی فارس لەئێران، پێوەندی لەگەڵ ٦ کۆمپانیا کە گەمارۆیان لەسەرە گرتووە بەمەبەستی ئاسانکاریی لە فڕۆشتن و هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمەکانی پێترۆشیمی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
جێگەی ئاماژەیە کە لەو ٦ کۆمپانیایەی کە گەمارۆیان خراوەتەسەر ٤ کۆمپانیایان لە هۆنگ کۆنگ، یەک کۆمپانیایان لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئەوی دیکەشیان لە سەنگاپوور جێگیرن.