کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ئەیمەن ئەلزەواهێری، ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان

14:50 - 11 گەلاوێژ 2722

بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاند کە لە هێرشێکی دڕۆنیدا، ئەیمەن ئەلزەواهێری، ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان کراوەتە ئامانج و کوژراوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی بە هەواڵدەریی"فەرانس پرێس"ی ڕاگەیاندووە کە، ئەمریکا لە هێرشێکی سەرکەوتووی دڕۆنیدا بەدژی" ئەیمەن ئەلزەواهێری" ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە، لە ئەفغانستان و بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمی جیهانیی، ئەو ڕێبەرەی گرووپی ئەلقاعیدەی لە ئەفغانستان کردۆتە ئامانج و کوشتوویەتی. هەرلەم پێوەندییەدا پێشتر، جەوبایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەهەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی راگەیاندبوو کە، ئەمریکا کۆتایی حەوتووی ڕابردوو لە هێرشێکی سەرکەوتوانەی دڕۆنیدا بەدژی تێرۆریزم، ڕێبەری گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدەی لە ئەفغانستان کردۆتە ئامانج. لەلایەکی دیکەوە گرووپی تاڵیبان بە بێ ئەوەیکە باس لە وردەکارییەکانی ئەو هێرشە بکا ڕایگەیاندووە کە، ئەمریکا کۆتایی حەوتووی ڕابردوو، خانوویەکی لە کابۆل کردۆتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دوو بەرپرسی دیکەی ئەمریکایی بە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"یان وتووە: دەزگای زانیارییەکانی ئەمریکا" سیا" لە هێرشێکی دڕۆنی سەرکەوتوودا، ڕێبەری گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدەی لە ئەفغانستان کردۆتە ئامانجی هێرشەکەی.