کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ئێران نایهەوێ ڕێککەوتنی ناوکیی بگاتە ئامانج

14:52 - 11 گەلاوێژ 2722

وەزیری دەروەی ئەمریکا، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ئێران نایهەوێت کە ڕێککەوتنی ناوکیی بگاتە ئامانج وتی: گەمارۆکان بەدژی پیشەی نەوت و پێترۆشیمی ئێران بەردەوام دەبێ. ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای وتنی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران نایهەوێت ڕێککەوتنی ناوکیی بگاتە ئامانج وتی: کۆمەڵگەی جیهانیی دەبێ پێش لە پەرەسەندنی چەکی ناوکیی بگرێ و لە ئێستادا ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی هەموو هەوڵێک دەدەن کە پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکیی بگرن. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەروەی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای ڕاگەیاندنی پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی گەڵاڵەی ئورووپاییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی وتی: ئەگەر ئەمریکا نەرمی بنوێنێ و بەشێوەیەکی دروست هەڵسوکەوت بکا ئەوە تاران ئامادەیە کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەهێز و بەردەوام هەنگاو بنێ. هاوکات وەزیرانی دەروەی ئەمریکا، بریتانیا و فەرانسە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داواین لە تاران کردووە کە بەخێراترین کات بگەڕێتەوە سەرمیزی وتووێژەکان و ڕەشنووسی ئەو ڕێککەوتننامەیە واژۆ بکا و هەروەها هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی درێژە پێ‌بدا.