کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم، هەڕەشەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی لە وڵاتانی ئورووپایی دەکا

15:11 - 12 گەلاوێژ 2722

محەممەدڕەزا سەباغیان، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: ئاڵوگۆڕ لە فتواکەی خامنەیی دا پێک‌دێ و چەکی ناوکیی بەرهەم‌دێنین. پاش قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەکوو کەماڵ خەڕازی و محەممەد ئیسلامیی و بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە کاناڵی تێلێگرامی سپای پاسدارانی ڕێژیم، سەبارەت بە هێزی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی، ئێستا سەرە گەیشتۆتە نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم کە بە هەڕەشەوە دەڵێ: ئەگەر وڵاتانی ئورووپایی دڕێژە بە زێدەڕەوییەکانیان بدەن، ئەوە فتواکەی خامنەیی دەگۆڕدرێ و ئێران چەکی ناوکیی بەرهەمدێنێ. محەممەدڕەزا سەباغیان، نوێنەری مەجلیسی رێژیم، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی مەجلیسی ڕێژیمدا وتوویە کە ئەگەر وڵاتانی ئورووپایی کۆتایی بە زێدەخوازییەکانیان نەهێنن ئەوە نوێنەرانی مەجلیس داوا لە عەلی خامنەیی دەکەن کە ئیستراتیژی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی بگۆڕێ و ئێران چەکی ناوکیی بەرهەم بێنێ. ئەو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم بە ئاماژە بە قسەکانی خامنەیی کە لە خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا وتبووی بەکارهێنانی چەکی ناوکیی حەرامە و بەرهەمهێنانەکەشی کارێکی هەڵەیە وتی: ئێمە داوا لە خامنەیی دەکەین کە فتواکەی بگۆڕێ و بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی بۆ ئێران زۆر ئاسانە.