کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارنامەی پڕلە ئێعدام و کوشتن و دەسبەسەرکردنی یەکساڵەی دەست بەکاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی

15:37 - 12 گەلاوێژ 2722

لە ماوەی یەکساڵەی دەسەڵاتداری ئیبراهیم ڕەئیسی و دەوڵەتی سێزدەیەم، لانیکەم ٥٤٥ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون و ١٢٨ کەسیش سەرەڕۆیانە کوژراون و ١٨هەزار و ٢١٠ حاڵەتی دەسبەسەرکردن تۆمار کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری "مافی مرۆڤی نا بۆ ئیعدام ـ نا بۆ زیندان" لە کارنامەی یەکساڵەی دەست بەکاربوونی "ئیبراهیم ڕەئیسی" وەک سەرۆککۆماری ڕێژیم و دەوڵەتی سێزدەیەم لە ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی تا ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ بێجگە لە لێدانی قامچی و بڕینەوەی ئەندامانی لەش، لانیکەم ٥٤٥ لەسێدارەدان، ١٢٨ کوشتنی سەرەڕۆیانە و ١٨هەزار و ٢١٠ حاڵەتی دەسبەسەرکردن و کۆمەلێک پێشێلکردنی دیکەی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە ماوەی یەکساڵەی دەسەڵاتداری ناوبراو تۆمار کراوە. جێی ئاماژەیە کە ئەو ئامارە لە کاتێکدایە کە زۆربەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بەشیوەیەکی نهێنی بەڕێوە دەچن و هەوالەکەشی لە هیچ ڕاگەیاندنێکدا بڵاو ناکرێتەوە و بۆیە دەکرێ بڵێین ئاماری لەسێدارەدانەکان زۆر لەوە زیاترە و لەلایەکی دیکەوە مردن لە ژێر ئەشکەنجە و یان بەهۆی پێڕانەگەیشتن بەدۆخی بەندکراون لە بەندیخانەکانی ئێراندا زۆر بەکەمی درز دەکاتە دەر و بڵاو دەبێتەوە وزۆربەی دەسبەسەر کردنەکانیش تۆمار ناکرێن، هەر بۆیە بەپێی ئەو هەموو سەرکوت و زەبر وزەنگە بۆ سەر شارۆمەندانی ئێرانی، کارنامەی یەکساڵەی ئیبراهیم ڕەئیسی لەلایەن ڕاگەیەندراوەکانی دەرەوەی وڵات بە "قەسابی خەڵکی ئێران" ناسێدراوە. شایانی باسە کە ئاماری سرکوت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٤٠٠ هەتاویدا لانیکەم ٣٦٦ ئیعدام و ٣ هەزار و ٥٧٦ دەسبەسەرکردن و ١١٩ کوشتنی خۆسەرانە بووە، و ڕێژەی ئەو ئاماریە لە یەکساڵەی هاتنە سەر کاری ئیبراهیم ڕەئیسیەوە بەشێوەکی سەرسوورهێنەر بەرز بووەتەوە.