کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکرانی ٩ چالاکی کرێکاری و مەدەنی بۆ دادگای ئینقلابی سنە

15:56 - 12 گەلاوێژ 2722

نۆ چالاکی کرێکاری و مەدەنی خەڵکی سنە بۆ دادگای ئینقلابی ئەم شارە بانگ کران . لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ٩ کەس لە چالاکانی کرێکاری و مەدەنی سنە بە ناوەکانی "دلێر ئەسکەندەری، گوڵناز قەدیمخانی، هاوژین لەتیفی، ئارمین شەریفە، موزەفەر ساڵحنیا، تۆفیق مەحموودی، زاهید مورادیان و شەیس ئەمانی" بەمەبەستی بەرگری لە خۆیان لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان بۆ لقی دووی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بانگکراون. شایانی باسە، ئەم ٩ چالاکە کوردە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی حکومەتی ئێران لەڕێگەی سیستەمی (سەنا) ی سەر بە دەزگای دادوەرەیی ئێرانەوە بانگکراون، هەروەها ئەم ٩ چالاکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراون و هەندێکیشیان سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.