کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری دەسپێکردنەوەی دانوستانەکانی بەرجام

14:22 - 13 گەلاوێژ 2722

ڕێژیمی ئێران لە داواکارییەکی کە وتبووی سپای پاسداران لە لیستی تێرۆر‌دا نەمێنێ پاشگەز بووەتەوە و ئەگەری زۆرە بۆ بووژانەوەی بەرجام دانوستانەکان دەست پێ‌بکاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی "واڵستریت ژۆرنال" ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، بەرپرسێکی پلەبەرزی ڕۆژاوایی ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا ڕێککەوتووە کە پاشگەز ببێتەوە لەوەیکە داوای کردبوو "سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا‌دا بسڕدرێتەوە" بەڵام واشینگتۆن داوای گەرەنتیی باوەڕپێکراو لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکا کە جارێکی دیکە لە کاتی دانوستانەکان‌دا بیانوویەکی دیکە نەدۆزێتەوە. ئەو بەرپرسە پلە بەرزە ڕۆژاواییە بە ئاماژە بەوەیکە جارێکی دیکە دانوستانەکانی بەرجام دەست پێدەکاتەوە، وتی: دەبێ تا کۆتایی حەوتووی داهاتوو ڕێککەوتنێک لەسەر دانوستانەکانی بەرجام بێنە ئاراوە و ئەگەر دانوستانکارەکان بە ئاکام بگەن دواتر وەزیرانی دەرەوە بۆ پەسەندکردنی دەیبەنە ڤیەن و لە سەر ئەو خاڵانەی کە باس کراوە ڕێک دەکەون، بەڵام زۆربەی وڵاتانی ئەندامان لە بەرجام متمانەی ئەوتۆیان بە کۆماری ئیسلامی نەماوە و پێیانوایە کە پاشگەزبوونەوەی تاران لە داواکارییەکەی فێڵێکی تێدایە.