کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای کۆماریخوازانی سێنای ئەمریکا لە جەو بایدن بۆ پێنەدانی ویزا بە ئیبراهیم ڕەئیسی و هەیئەتەکەی بۆ ئەو ولاتە

16:15 - 13 گەلاوێژ 2722

بەشێک لە ئەندامانی کۆماریخوازی سێنای ئەمریکا داوایان لە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کرد بۆ دانیشتنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەمریکا، بە ئیبراهیم ڕەئیسی و هەیئەتەکەی ویزا نەدەن. هەشت کەس لە ئەندامانی کۆماریخوازی سێنای ئەمریکا، بەئاماژە بە ڕۆڵی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، لە کوشت و کوشتاری خەڵکی ئێران و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لە نامەیەکدا داوایان لە "جەو بایدن" سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کرد کە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە مانگی خەرماناندا لە نیویۆرک بەڕێوە دەچێ ویزا بە ناوبراو و هەیئەتەکەی نەدەن. ئەو سێناتۆرانە لە نامەکەدا ڕوو بە جەو بایدن، بە ئاماژە بە ڕۆڵی رەئیسی لە ئیعدامەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە ئێران و بەرنامەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تێرۆر و کوشتنی بەرپرسانی ئەمریکایی، هاتنی هەیئەتی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەمریکایان بە "هەڕەشەیەکی پاساوهەڵنەگر" بە دژی ئاسایشی ئەو وڵاتە دانا. واژۆکەرانی نامەکە جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران نە تەنیا شانازی بە ڕۆڵی سەرەکیی خۆی لە ئیعدامەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە ئێراندا دەکا بەڵکوو لە هەموو ئەو ساڵانەی کە لە پۆستی دیکەی حکومەتیدا بووە بەردوەوام دەستی لە کوشتن، سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بووە.