کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتا هەناسەکانی بەرجام لە نێوان بەرژەوەندیی ئێران و وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکادا

14:06 - 15 گەلاوێژ 2722

وڵاتانی ئورووپایی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە بەرپرسانی ئێران کردووە کە داواکارییە نابەجێیەکانی لە وتووێژەکانی ڤییەن وەلابنێ و تەنیا لەسەر بەرنامەی ناوکیی وتووێژ بکات. لەکاتێکدا هەوڵەکان بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بەردەوامە، ڕۆژی هەینی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرەڕای دژایەتیی داواکارییەکەی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر داخرانی پەروەندەی لێکۆڵینەوەیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەسەر سەرچاوەی ئۆرانیۆم لە سێ دامەزراوەی ڕانەگەیەندراوی ئێران، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران نابێ داواکاریی نابەجێی هەبێ. هاوکات هەواڵدەرییەکانی ئێران، لەزاری باقری کەنی، بەرپرسی تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران لە ڤییەن، ڕایانگەیاند کە ئێستا لە ڤییەن کاتێکی چارەنووسسازە و دەبێ بە خێراترین کات وڵاتانی بەشدار لە وتووێژەکان بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ڕەزامەندی ئێران بەدەست بێنن. بەرپرسی تیمی وتووێژەی ڕێژیمی ئێران هەروەها وتیشی: پرسیارەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەسەر چالاکییە شاراوە ناوکییەکانی ئێران مەبەستی سیاسیی لە پشتە و نابێ ئەو پەروەندە لێکۆڵینەوەییە بەدژی ئێران بەکار بێنن.