کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: کات بۆ گەیشتنی ئێران بە ڕێککەوتنی ناوکیی ڕوو لە کۆتاییە

14:09 - 15 گەلاوێژ 2722

وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێ: کات بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر میزی وتووێژ و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی زۆر کورتە و دەبێ ئەو ڕێژیمە ئاگادار بێ. جان کێربی، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی هەینی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر دەسپێکردنەوەی دەوری نوێی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە کات بە خێرایی بۆ ئێران تێپەڕ دەبێ وتی: پێشنیارێک لەسەر میزی وتووێژەکانە و دەبێ ئێران قەبوڵی بکا و سەرۆککۆماری ئەمریکاش وتوویەتی کە ئێمە بۆ هەتاهەتایە چاوەڕێ نابین تا ئێران ئەو پێشنیارە قەبووڵ بکا. نابراو هەروەها وتیشی: من ئەم شانسە بۆ ئێران، بە دوایین هەوڵ بۆ گەیشتن بە ڕێککەتنی ناوکیی ناو نابەم، بەڵام ئەوەیکە ڕوون وئاشکرایە ئەوەیە کە کات بۆ ڕێژیمی ئێران بە خێرایی تێپەڕ دەبێ و جارێکی دیکە ئێمە داوا لە ئێران دەکەین کە ئەو پێشنیارە قەبووڵ بکا. جێگەی ئاماژەیە کە ئەو پێشنیارەی کە لە ئێستادا لەسەر میزی وتووێژەکانە و هەموو وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەسەری هاوڕان ئەوەیە کە بەپێی ئەو پێشنیارە تاران دەبێ ڕەزامەندیی خۆی بۆ چاوەدێری ورد و لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو دامەزراوە ناوکییەکانی دەرببڕێ و لەو لاشەوە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا بەرەبەرە گەمارۆ قورسە ئابوورییەکان بەدژی ئێران هەڵدەوەشێننەوە. شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران دەڵێ: بەرنامەی ناوکیی ئێمە تەنیا لە چوارچێوەی ئاشتی‌دایە و بە مەبەستی سەربازیی بەکاری ناهێنین، بەڵام وڵاتانی ئورووپایی دەڵێن، شاردنەوەی بەشێک لە چالاکییە ناوکییەکانی تاران، لەچاو رێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئێران بەشێوەی نهێنی و بەمەبەستی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی خەریکی پەرەپێدانی چالاکییە ناوکییەکانە.