کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە مهاباد

14:43 - 15 گەلاوێژ 2722

دایە عیسمەت ڕەزازادە، دایکی شەهید لوقمان سەدر لە شاری مهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، خاتوو عیسمەت ڕەزازادە، دایکی شەهید لوقمان سەدر لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لە شاری مهاباد کۆچی‌دوایی کرد. ناوبراو کەسێکی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز و خەمخۆری پێشمەرگەکان بوو، ئاوات و ئارەزووی وەدیهاتنی رێگا و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی بوو کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا. جێی ئاماژەیە کە شەهید لوقمان سەدر ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی، لە شەڕێکی حەماسی و دەستەویەخەدا لە گوندی بەیرەم،لەگەڵ سێ هاوڕیی دیکەی بە ناوەکانی سیاوەش بابامیری، سەعید غوڵامی و سەمەدی چیڕ شەهید بوون و چوونە ڕیزی نەمرانەوە. خاتوو عیسمەت لە نێو ئاپۆڕای بنەماڵە و خزم و دۆستانی دا بۆ ڕێزگرتن لە کوڕە شەهیدەکەی بە جامانەوە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپاردە کرا. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچی‌دوایی دایە عیسمەت سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی مهاباد دەکەین و بەشداری خەمیانین.