کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ١٥ ساڵەی دامەزرانی کوردکاناڵ بەرز ڕاگیرا

18:35 - 15 گەلاوێژ 2722

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا یادی ١٥ ساڵەی دامەزرانی "کوردکاناڵ"، تەلەڤیزیۆنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بەرز ڕاگرت. ڕۆژی شەممە، ١٥ی گەلاوێژ بە بەشداریی بەرپرسی گشتیی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەرانی ئێستا و پێشووی تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ و لە کۆڕی دەیان کەسیی کادر و پێرسۆنێلی ڕاگەیاندنی حیزبدا، یادی ١٥ ساڵەی دامەزرانی "کوردکاناڵ" بەرز ڕاگیرا. لە سەرەتای ئەو کۆڕەدا سامان فەقێ نەبی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و جێگری بەڕێوەبەری کوردکاناڵ وتەی کردنەوەی کۆڕیادەکەی پێشکێش کرد. دواتر کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر پێگەی کوردکاناڵ لەنێو خەڵکی کوردستان و کارکردی وەک دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نەتەوەیی و دەروەست بە پرسەکانی کۆمەڵگە قسەی بۆ ئامادەبووانی کۆڕیادەکە کرد. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەوە کە کوردکاناڵ لە بارودۆخێکدا بوو بە تریبوونی حیزبی دێموکرات و دەنگی بزووتنەوەی سیاسیی کورد کە پێویستیی هەبوونی مێدیایەکی بینراو بەو تایبەتمەندییە و بەو پڕەنسیپانەی کە ئەم تیڤییە بۆ کار و هەڵسوورانی خۆی دیاریی کردبوو، بۆ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جووڵانەوەی حەقخوازانەی گەلەکەمان بە تەواوی هەست پێ‌دەکرا. بەمجۆرە کوردکاناڵ هەر لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانی بە ڕووماڵ‌کردنی هەواڵ و پرسە سیاسییە ڕۆژەڤەکانی کوردستان، بە پووچەڵ‌کردنەوەی درۆودەلەسە و پڕوپاگەندەی دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕێژیم، بە بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونی نەتەوەیی، نیشتمانی و ڕزگاریخوازانە و، لە هەمان کاتدا دەرفەتدان بە بڵاوبوونەوەی دەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بوو بە پردی پێوەندی لە نێوان حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستاندا. لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە لەسەر هەلومەرجی دامەزرانی کوردکاناڵ و ئەو قۆناغانەی لە مەیدانی بەکردەوەی کار و تێکۆشانیدا بڕیویەتی و هەروەها ئەو ئەرک و بەپرسایەتیانەش کە لە دوای یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دەکەوێتە سەرشانی؛ کۆمەڵە سەرنج و راسپاردەیەکی خستەڕوو.