کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو شۆڕشگێڕەی بوو بە گوڵێکی سوور بۆ بەرۆکی نیشتمان

05:40 - 16 گەلاوێژ 2722

ساڵێک لەمەوبەر دەستی تیرۆریزمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوەندی شاری هەولێر، لە قۆڵی زۆڵەکوردێکی خەیانەتکار هاتەدەر و گیانی کادرێکی لێوەشاوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئەستاند. مووسا باباخانی، ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتوو لە پارێزگای کرماشان و لە نێو هاوزمانانی یارسانیمان بوو. هاوڕێ مووسا تێکۆشانی سیاسی و حیزبیی ئاشکرای خۆی لە پێشمەرگایەتیی هیزی پارێزگاریی حیزب لە ساڵی ١٣٧٨ دەست پی کرد. دوای چەند ساڵ پێشمەرگایەتی لە هێزی پارێزگاری، هاتە کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب و لە بەشی فەننیی ڕۆژنامەی "کوردستان" دەست بەکار بوو و بووین بە هاوکار. هەر لە سەرەتای تێکۆشانی حیزبایەتییەوە، تینوێتی و هۆگرییەکی زۆری بۆ فیربوون و خۆپێگەیاندن هەبوو. سەرماوەزی ١٣٨٥(دێسەمبری ٢٠٠٦)لە کاتی لەتبوونی حیزبی دیموکراتدا، کاک مووسا لە بەشی چاپەمەنیی حدکا و دواتر لە تەلەڤیزیۆنی "تیشک" درێژەی بە تیکۆشان دا. ئەو، ئامادەکاری بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی تایبەت بە کرماشان بوو و لە ڕێگای "تیشک تیڤی"یەوە، هەستم دەکرد کە لە ڕووی ئاگایی سیاسییەوە باش خۆی پێگەیاندووە. لەگەڵ تێکۆشەران و ڕۆشنبیران هەڤپەیڤینی پێک دێنا و بەرنامەی پڕ نێوەرۆکی ئامادە دەکرد. کاک مووسا ئەو کاتانەش کە لە بەشی ڕاگەیاندن کاری دەکرد، لە کاری تەشکیلاتی و پێوەندی لەگەڵ دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکرات لە پارێزگەی کرماشان، غافڵ نەبوو. ئەم خۆپێگەیاندنە و پێوەندیی بەرینی لە گەڵ تێکۆشەران و چالاکانی شارو ناوچە جۆراوجۆرەکانی کرماشان، بوو بە هۆی ئەوە لە کۆنگرەی ١٥ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرێ. لەنێوان کۆنگرەکانی ١٥ و ١٦ی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا، کاک مووسا  ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی بۆ تێکۆشان هەڵبژارد. بەو هۆیەوە کە لە هەر دوو بواری ڕاگەیاندن و ڕێکخستندا، بەمایە و بەتوانا و خاوەن ئەزموون بوو، لە هەر دووی ئەم بوارانەدا، درێژەی بە تێکۆشان دایەوە. ئەگەر کار و بەرپرسایەتییەکەی بەڕەسمی لە کۆمیسیۆنی تەشکیلات بایە، ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب، دەستیان لێ هەڵنەدەگرت و بەردەوام داوای هاوکارییان لێ دەکرد. ئەویش بە سینگفرەوانییەوە بە دەنگیانەوە دەچوو. پێچەوانەکەشی ‌هەر ڕاست بوو. ئەو کاتانەی ئەرک و بەرپرسایەتییە سەرەکییەکەی لە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب بوو، نەماندەهێشت پێی لە کۆمیسیۆنی تەشکیلات ببڕێ. خۆشی حەزی نەدەکرد لە کاری تەشکیلاتی و پێوەندی بە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی شار و ناوچەکانی کوردستان داببڕێ. لە ڕاستیدا هاوڕێ مووسا باباخانی، هەم ڕاگەیاندن و هەم کاری تەشکیلاتیی بۆ ڕاکێشان و جووڵاندنی خەڵک، بۆ کاریگەری‌دانان لە سەر باوەڕ و بیرکردنەوەیان دەویست. ئەو ڕاگەیاندن و کاری ڕێکخستنی بۆ ئەوە دەویست تا بە هۆیانەوە لەگەڵ تاکەکان لە پارێزگەکانی کرماشان، ئیلام و تەنانەت ناوچەکانی خوارووتر، پیوەندی بگرێ و لە ئاست ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان وریایان بکاتەوە و بۆ پاراستن و بەرگریکردن لەو ناسنامەیە و بۆ بە بەشداری لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هانیان بدا. بەڵام لە گرنگیدان بە خەباتی پێشمەرگایەتی و کاریگەریی جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە لە سەر ورە و باوەڕی خەڵکیش، غافڵ نەبوو. بۆیە پێشمەرگەبوون و وەک پێشمەرگە خۆدەرخستن و هەڵسوکەوت‌کردن و هاندانی حیزبەکەی بۆ گرنگیدان بە جموجۆڵی پێشمەرگانە لەسەر سنوورەکان و لە نێوخۆی وڵاتی بە ئەرکی خۆی دەزانی. لە ڕیزی پێشەوەی ئەو کادر و پێشمەرگانەدا بوو کە خوازیاری بەشداری لە تیمەکانی پێشمەرگە بۆ چوونەوە بۆ نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوون. لەم بارەیەشەوە، هەموو ناوچەیەکی ڕۆژهەڵات بۆ ئەو، هەر کوردستان بوو و خۆی تەنیا بۆ ناوچە و پارێزگەیەک نەدەویست. کاک مووسا بە خۆپێگەیاندن و بە هەوڵ و تێکۆشانی دڵسۆزانە و شوێندانەربوونی لە بوارە جیاوازەکانی تێکۆشاندا، وای کردبوو لە حیزبی دیموکراتی کوردستانیشدا،  سەردەمێک وەک ئەندامی ڕاوێژکار و دوای کۆنگرەی ١٧یش وەک ئەندامی ئەسلیی کۆمیتەی ناوەندی، شوێن و جێگەی خۆی هەبێ. بە جۆرێکیش بۆ خەڵکی کرماشان ببووە سیما و تێکۆشەرێکی دیار و سەرنجڕاکێشی نێو حیزبی دیموکرات، کە دام‌ودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە بە تایبەتی کە ئاگاداری پێوەندیی بەرینی ئەو لە گەڵ لاوان و کەسە چالاکەکانی نێوخۆ بوون، لێی بە ڕقداچووبوون؛ بە شێوەی جۆراوجۆر کەوتنە داودانانەوە و پیلانگێڕی بۆ زەبرلێدانی. کاک مووسا لەو هەوڵانە ئاگادار بوو، هەر بۆیە بە وشیاری و پارێزی خۆی، توانیبووی بەشێکیان بی‌ئاکام بکاتەوە. بەڵام دەزگای تیرۆر و ئینسانکوژیی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی پیلانگێڕییەکانیان بۆ لەنێوبردنی، نەوەستان و سەرئەنجام بە سوودوەرگرتن لە متمانەی کاک مووسا بە بەکرێگیراوێکی خۆیان کە سالانێک بوو پێوەندیی بە ڕواڵەت دۆستانەی لەگەڵ هاوڕێ مووسا دامەزراندبوو، لە داویان خست و هەر بە هۆی ئەو خەیانەتکارە، لە نیوەشەو و لەکاتێکدا خەوی لێ‌کەوتبوو، تیرۆریان کرد. مووسا باباخانیی تێکۆشەر، کەسێکی ڕوح‌سووک، هەڵسوکەوت جوان و خاوەن خوو و خدەی شۆڕشگێڕانە بوو. پێوەندیی هاوڕێیانە و دۆستانەی لەگەڵ هاوکاران و هاوسەنگەرانی گەرم و بەهێز بوو. ئەوەندە بە دڵگەرمی و بیر و باوەڕەوە شانی دابووە بەر ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی، جێگایەکی دیاری لە تێکۆشانی حیزبەکەیدا  هەبوو. ئەگەرچی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پیلانێکی ناجوانمێرانەدا، ئەو هاوڕێ خۆشەویستەی بە جەستە لێ ئەستاندین، بەڵام بەدڵنیایەوە یادی خۆشەویستی لە نێو هاوسەنگەران و درێژەدەرانی ڕێگاکەیدا، هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە. گیانی هاوڕێ مووسا باباخانی شاد و یادی بەڕێز. بە دڵنیاییەوە لاوانی کوردستان بە تایبەتی لاوانی کرماشان، شانازی بە بوونی ناوی ئەو تێکۆشەرە بەوەجەی مەڵبەندەکەی خۆیان لە ڕیزی کاروانی شەهیدانی سەربەرزی نەتەوەکەیان و حیزبی دیموکراتی کوردستاندا دەکەن و لە بەرزڕاگرتنی ناو و یادی و هەروەها لە بەردەوام‌ڕاگرتنی ڕێگای خەبات و تێکۆشانی تا وەدیهاتنی ئاواتە بەرزەکانی ئەو شەهیدە و شەهیدانی تر، درێخی ناکەن.