کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێهود باراک: ئێران دەتوانێ خۆی بکاتە خاوەن چەکی ناوکی و بۆ وەستاندنی بە هێرشی ئاسمانی زۆر درەنگ بووە

05:44 - 16 گەلاوێژ 2722

هەوڵەکان بۆ پێشگرتن بە ئێران لە بوون بە هێزی ناوکی لە نزمترین ئاست‌دان و ڕوونە کە بەرەو شکست دەچن. لە ٢٠١٥، ڕێککەوتنەکە بە ڕێبەرایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ وەدواخستنی بەرنامەی ناوکیی ئێران بەگوێرەی پێویست بەهێز نەبوو و کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٠١٨ لە هەمان ڕێککەوتن، هەلی بۆ ئێران ڕەخساند تا "ڕەوایی" بە هەوڵە خشکەییەکانی بەرەو "لێواری بوون بە خاوەن چەکی ناوکی"، واتە ڕێژەی پێویست ئورانیۆمی پیتێندراو لە ئاستی بەرزدا بۆ ئامێرێک و تەکنۆلۆژیای پێویست بۆ کردنی بە چەک، ببەخشێ. لە ٢٠١٨ ئەوان ١٧ مانگ لە گەیشتن بەو لێوارە دوور بوون. ئەمڕۆ ڕەنگبێ ١٧ ڕۆژ دوور بن.   كاتی ئەوە هاتوو بەرەوڕووی ڕاستی ببینەوە   کاتێک نۆ مانگ لەوەپێش وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئانتۆنی بلینکن، گوتی بێتوو لە ماوەی چەند حەوتوودا ڕێک نەکەوین، واژۆکردنەکە بایەخێکی نابێ، ڕاستی دەکرد. ئەو بۆچوونە ئەوڕۆ زۆر ڕاستترە. ئێران لە پیتاندنی ئورانیۆم بەردەوام بووە و لە وڵاتێکەوە کە لەژێر چاودێریی ڕووسیەدا بوو، بۆتە وڵاتێک کە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بۆ ڕووسیە دابین دەکات. هەنووکە، ڕێککەوتنێکی نوێ تەنیا بۆ دەرکەوتن بەسوودە، "بیانووی حاشا کردن" بۆ پێویستیی نێوخۆ دەستەبەر دەکات، بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان، خۆبواردن لە ڕاستیی تاڵتر و بژاردەی ناخۆشتر و، بۆ ئێرانییەکان، درێژەدان بە ڕاگرتنی سەپاندنی ئابلۆقەکان لە نزمترین ئاستدا. ئەو هاوینە ئێران بەکردەوە دەگاتە لێواری بوون بە دەوڵەتی خاوەن چەکی ناوکی. بەڵێ، ئێستاش ١٨ تا ٢٤ مانگ دەخایەنێ تا ئەوان بتوانن تواناییەکانیان لە هەڵسوکەوت دەگەڵ ئورانیۆم باشتر بکەن و بیخەنە نێو کڵاوەی مووشەکی جەنگی. بەڵام ئەو هەنگاوانە دەکرێ لە تاقیگایەکی بچووک یان کارگەیەک جێبەجێ بکڕێن و ناکرێ بە هاسانی چاودێری بکرێن، چ بگا بە وەستاندنیان. ئەگەری ئەوەش زۆرە، تەنانەت کاتێک کە ئێران بوو بە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکی، مەلاکان حاشای لێ بکەن و لە پەیماننامەی بڵاونەکردنەوە (NPT)یشدا بمێننەوە تا خۆیان لە کەوتنە ژێر ئابلۆقەی بەهێزتر ببوێرن. بەڵام ئەوە شتێک لە ڕاستییەکە ناگۆڕێ. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ هەوڵ و تێکۆشان، ئێران خەریکە بگاتە خاڵی بێ‌گەڕانەوە و ببێتە ئەندامی "یانەی ناوکی." ئەوە لە سەرەتاوە خولیای مەلاکان بووە. ئەوان سەرکەوتووانە ڕێچکەی کۆرەی باکوور و پاکستانیان گرتە بەر، کە دژی هەموو دنیا سەرکێشییان کرد و بوونە خاوەن چەکی ناوکی. ئەوان هەروەها خۆیان لە کۆتایی زۆرەملیی بەرنامەی لیبی و ئەفریقای باشوور و، چارەنووسی بەرنامەکانی عێراق و سووریە، کە بە هێرشی نەشتەرگەرانەی ئیسڕائیل لە ١٩٨١ و ٢٠٠٧ لەنێو چوون، بوارد. بەڵام لە ١٩٨١ و ٢٠٠٧، ئەو بەرنامانە نەگەیشتبوونە ئاستی پێشکەوتووی بەرنامەی ئێران. لەبەر هۆی نادیار، دوای کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەرجام لە ٢٠١٨، نە ئەمریکا و نە ئیسڕائیل "پلانی B"ی سەربازییان، واتە هێرشێک کە بتوانێ بەرنامەی ئێرانییەکان لانی کەم چەند ساڵ وەدوا بخات، ئامادە نەکرد. بەڵام لە کاتێکدا کە ئێران ١٧ مانگ لە "تێپەڕین"ی سەرکەوتووانە دوور بوو، ئەو ئامانجە دەکرا دەستەبەر بکرێ. بەڵام  دۆخەکە لە کاتێکدا ئەوان ١٧ ڕۆژ دوورن بەتەواوی جیاوازە. "تێپەڕین" کورتکراوەی بڕیارە و دوای ئەو هەنگاو دێ، واتە گواستنەوە لە بەرنامەی ناوکی مەدەنی، ئەوەی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەکار دێ، بۆ بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی. ئەو پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ئیزۆتۆپی ٢٣٨ تا ئاستی سەرووی ٪ ٩٠ دەگرێتەوە. پیتاندنەکە لە سانترییفیوژاندا دەکرێ  و پرۆسەی بەرز کردنەوە لە ٪٦٠ بۆ "ئاستی پێویست بۆ چەک" گەلێک لە پرۆسەکانی پێشووتر هاسانترە. ئەو دوایین قۆناخە پێویستیی بە جێگای کەمە، ڕەنگبێ لە تونێلی گەلێک قووڵدا کە هیچ چەکێک نایگاتێ. کەوابوو، تەنانەت بێتوو هەواڵگریی نایابت هەبێ (کە هەمیشە وا نییە) و بزانی کەنگێ دەقەومێ، ڕەنگبێ بەو ئاکامە بگەی کە هیچت لەدەست نایە. ئەوە هەر ئێستا، زیاتر لە جارێک، لە پێوەندی دەگەڵ کۆرەی باکوور، لە ئەمریکا قەوماوە. کەوابوو ڕاستییەکە ئەوەیە: هەم ئیسڕائیل (بێگومان) و ئەمریکاش دەتوانن لە ئاسمانی ئێرانەوە دژی ئەو بنکە یان دامەزراوەیەکی دیکە شتێک بکەن و لەناوی بەرن. بەڵام کاتێک ئێران بەکردەوە گەیشتە لێواری بوون بە دەوڵەتی ناوکی، ئەو جۆرە هێرشانە ناتوانن پێش بەو وڵاتە بگرن تا چەکی ناوکی دروست بکات. بەڕاستی، لە هەلومەرجی دیاریکراودا ڕەنگبێ ئەوان خێراییەکەیان بۆ دروست‌کردنی بۆمب زیاتریش بکەن و بە بیانووی بەرگریی لە خۆیان، ڕەوایی بە هەوڵەکانیان بدەن. بە واتایەکی دیکە، بە پێچەوانەی هێرشی نەشتەرگەرانەی کە ١٢ ساڵ لەوە پێش بیریان لێ دەکراوە، یان دەبوو ٤ ساڵ لەوەپێش بیری لێ بکرێتەوە، ئۆپەراسیۆنێک کە دەیتوانی برنامەی ئێرانییەکان گەلێک وەدوا بخات (لە کاتێکدا کە مەترسیی جەنگ دەگەڵ ئێران هەبوو)، بژاردەکانی ئێستا هەموویان مەترسیی جەنگیان (بە تایبەتی بۆ ئیسڕائیل) بەدواوەیە، بە ئەگەرێکی زۆر کەمەوە کە بتوانن بەرنامەی ناوکی ئێرانییەکان وەدوا بخەن. هێشتا وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێ ئێران لە چوون بەرەو چەکی ناوکی، بە ئۆلتیماتۆمێکی سیاسی بۆ وەستاندنی بەرنامەکە، کە پشت‌ئەستوور بە هەڕەشەی جێگای باوەڕ بۆ جەنگی بەربڵاو بێ، چاوترسێن بکات. هیچ شتێک لەوە کەمتر ئاکامێکی نابێ. هیوادارم ئەوە هێشتا کەتوارانە بێ. دەنا ئێمە تووشی ئاڵوگۆڕێکی قووڵ، بەرەو خراپتربوونی هاوسەنگیی ئاسایشی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەبین. ئێران هەر ئێستا ڕکەبەرێکی سەخت و لاسارە و دژی ئیسڕائیل و وڵاتی دیکە کار دەکات، ڕاستەوخۆ و بە بەکرێگراوەکانی لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن خەریکی بڵاو کردنەوەی تێرۆر، پشێوی و سەرهەڵدان لەهەر شوێنکە کە بتوانێ. من بۆ چاوتروکاندنێکیش گومانم لە تواناییەکانی بۆ هەراسان‌کردنی ئیسڕائیل و ئەوانی دیکە، تێکدانی ژیانی ئاسایی یان خولیای بەچۆک داهێنانی ئیسڕائیل نییە. بەڵام، کاتێک باس لە توانایی ناوکی دەکرێ، دەبێ لەبیرمان بێ بۆ دروست‌کردنی جبەخانەیەکی ناوکیی سەرەتایی دەساڵ یان زۆرتر دەخایەنێ. ئەوە تەنیا لە درێژمەودادا دەبێتە هەڕەشەی مان و نەمان بۆ سەر ئیسڕائیل. بمانهەوی کەتوارگەرانە بدوێین، ئەوە باسی پێدادانی بۆمبێک بە ئیسڕائیل نییە. مەلاکانی ئێران کۆنەپەرست و توندئاژۆخوازن، بەڵام گەمژە و شێت نین. ئەوان نایانهەوێ بگەڕێنەوە چاخی بەردین. بەپێچەوانە، بۆ ئێران بوون بە خاوەن توانایی ناوکی، پرسی مانەوەی ڕێژیمە. ئەوە دەبێتە هۆی دڵنیابوون کە هیچ کەس نەوێرێ بە شیوەی بەربڵاو لە ئێران دەستێوەردان بکات، جا هەرچەند رێژیمەکە لەرۆزکیش بێ. توانایی ناوکی هەروەها "هاوسەنگی" ئەوان بەرانبەر بە ئیسڕائیل ڕادەگرێ و دەستی ئێران ئاواڵا دەکات تا ناکۆکی و پشێوی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاو بکاتەوە. مەترسییەکی ڕاستەقینە، لەپێش هەموو شتێکدا، ئەگەری هەرسهێنانی پەیماننامەی بڵاونەکرنەوەیە (NPT). بێتوو ئێران بڕیار بدا ببێتە خاوەن چەکی ناوکی، بڕیارێک کە تەنیا ڕێژیمی ئێران دەیدا، تورکیە، میسر و بە شێوەی جیاواز عەڕەبستانی سعودیش هەست پێ دەکەن کە ناچارن ببنە خاوەن چەکی ناوکی. ڕەنگبێ ئەوە دەساڵ یان بیست ساڵ بخایەنێ تا بە ئاکام بگات، بەڵام هەرەسهێنانی NPT دیکتاتۆرە پلە سێیەکانی دنیا هان دەدات بۆ پاراستنی ڕێژیمەکانیان هەمان ڕێچکە بگرنە بەر. لەوەش زیاتر، ڕەنگبێ ڕێگای وەڕاست‌گەڕانی مۆتەکەیەکیش ئاواڵا بێ، کە گراهام ئالیسۆن مامۆستای زانستگای هاروارد وەک تێرۆریزمی ناوکی باسی کردوە، ئەوەش بەو مانایەیە کە هەرچی دەوڵەتی خاوەن چەکی ناوکی زیاتر بن، مەترسیی دەست‌پێڕاگەیشتنی تاقمێکی تێرۆریستی بە ئامێرێکی خاوی ناوکی زیاتر دەبێ. کەوابوو، چار چییە؟ یەکەم، سەیری ڕاستییەکە بکە و کاری لەسەر بکە، نەوەک لەسەر ئاوات و خەیاڵ پڵاو. دەست بکە بە بیرکردنەوە و خۆ ئامادە کردن بۆ دۆخە ڕاستەقینە نوێیەکە. ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ دەگەڵ ئێران، تەنانەت یەکێکی جێگای گومان، یارمەتی بە پاراستنی پەیماننامەی پێشگرتن بە بڵاوبوونەوە (NPT) دەکات، ئەوە دیسان بۆ ئامانجەکان بەکەڵکە. بەڵام واژۆی ئێران لەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان دەیکات بایەخی کەمترە. واشینگتۆن دەبێ یانەیەکی بچووک لە ولاتانی پێوەندیدار، لە نێویاندا ئیسڕائیل، دروست بکات و خۆی لە وەبەرهێنانی پێویست لەسەر هەواڵگریی بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووش بوونی نائاگاداریی لە هەر پێشوەچوونێکی یەکلاکەرەوە، دڵنیا بکاتەوە. دەبێ کاری زۆر لە بواری هاوکاریی ئۆپەراسیۆنی و سیاسی بکرێت، لە ئۆپەراسیۆنی شاراوە تا سیاسەتی گشتی، تا  ئامادەکردنی ئابلۆقەی گەلێک بەهێزتر و هەروەها پلانی ئامادە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە دەگەل ڕووداوی پێشبینی نەکراو، ئەگەر یان کاتێک ئاشکرا بێ ئێران هەنگاوەکانی بۆ سەریەک خستنی چەکێک خێراتر دەکات، واتە کاتێک بیهەوێ لە خاڵی بێ‌گەڕانەوە بەرەو بۆمبی ناوکی تێپەڕ بێ. ئیسڕائیلیش دەبێ بەو ئامرازانە تەیار بێ کە توانایی ئەوەی پێ ببەخشێ تا بە شیوەی سەربەخۆ هێرش بکاتە سەر بەرنامەی ناوکیی ئێران، بێتوو هەردوو دەوڵەت بەو ئاکامە بگەن کە بەتەواوی پێویستە. هاوبەشە بچووکترەکە دەبێ ئەو تواناییەی هەبێ، چونکە لە کاتی تێپەڕینی ئێران لە هێڵەکە، ڕەنگبێ وڵاتە یەکگرتووەکان سەرقاڵی قەیران لە شوێنێکی دیکە بێ، جا ئەو شوێنە ڤێنێزوئێلا بێ، دووڕگەکانی دەریای باشووری چین، تایوان، ئوکراین یان کاتی دەستاودەست کردنی دەسەڵات دوای ‌هەڵبژاردن بێ. دەبێ سەرنجی تایبەتی بدرێتە قەناعەت پێهێنان بە تورکیە، میسر، عەڕەبستانی سعودی و ئەوانی دیکە لە ناوچە کە ئەوان بەشێوەی شیاو دژی گوڕەشە گیریی ناوکی ئێران پارێزراون و پێویست ناکات ببنە خاوەن چەکی ناوکی. دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکان تاهەتایی نابێ. زۆر جار شۆڕشی ئەوتۆ لە کاتی جیلی سێهەمیاندا هەرەس دەهێنن (بڕوانە بۆ وێنە شۆڕشی کۆمۆنیستی). کۆمەڵگەی لە ڕادەبەدەر لاوی ئێران لە یەک دوو دەیەی دیکەدا دەگاتە ئەو قۆناخە. خەڵکی ئێران خەڵکێکی مەزنە و لە سەرەتای مێژووەوە خاوەن شارستانییەتیێکی مەزن بووە. ئەوان تەنیا ٤٥ ساڵ پێش ئێستا باشترین دۆستی ئیسڕائیل لە ناوچەدا بوون. ئێمە دەبێ لە پێشگرتن بە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاوەستاو بین. لە کاتێکی دیاریکراودا، بەو هیوایە زوو بێ و وە درەنگی نەکەوێ، ئەوان هەرس دەهێنن و لاپەڕەیەکی نوێ دەکرێتەوە. با بەیەکەوە بەرەو ئەو قۆناخە کار بکەین.