کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و ئەسڵی دەسەڵاتی جیهانیی دەزگای دادی وڵاتان

05:48 - 16 گەلاوێژ 2722

یەکێک لە جۆرەکانی ئەسڵی دەسەڵات و سەڵاحییەتی سزایی سەروووڵاتی ئەسڵی سەڵاحییەتی جیهانییە. بەپێی ئەو ئەسڵە، هەر وڵاتێک بەبێ ئەوەی لە بواری هاووڵاتی‌بوونی تاوانبار یان هاووڵاتی‌بوونی تاوانلێکراو، شوێنی ڕوودانی تاوان یان بەرژەوەندیی وڵاتی خەسارلێکەوتوو، هیچ پێوەندییەکی نەریتی لەگەڵ تاوان نەبێ، بە مەبەستی پێشگرتن لە بێ‌سزامانەوەی تاوانبار بەدواوەی بێت و سزای بۆ دیاری بکات. سەرنجڕاکێش و جێی دڵخۆشییە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان لەو سەردەمەدا ئەو ئەسڵەیان بەفەرمی ناسیوە، بەڵام لەبواری کردەیی ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ئەو ئەسڵە لەبەرچاو دەگرن و لە ڕەوتی دادپەروەریدا بەکردەوە دەیسەلمێنن کەمن. لەڕاستیدا ئەو ئەسڵە بەهۆی دووپات‌بوونەوەی لەسەریەکی دوژمنایەتی‌کەری چەکدارانەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و بوونە قوربانیی بەمیلیۆن کەس لە ژن و منداڵ و پیاو و بەساڵاچووەکان و تێکەوتنیان لەناو گێژاوی نائەمنی و دڵەڕاوکێدا پەیدا بوو و بیرۆکەی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو هەڵسوکەوتە بێ‌بەزەیییانەیە تا ئەو ئاستە پتەو بووە کە بەپێی ئەساسنامەی دیوانی سزای نێودەوڵەتی "بەژانترین جینایەتێک کە دەبێتە هۆی پەشێوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نابێ بەبێ سزا بمێنێتەوە و بۆ بەدواداکەوتنی بکەرانی ئەو جینایەتانە دەبێ بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنەکان لە ئاستی نیشتمانی و هەروەها هاوکاری نێونەتەوەیی دەستەبەر و گرەنتی بکرێ." دیوانی سزای نێونەتەوەیی ئەساسنامەکەی لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینیدا کەوتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە و ئێستاکەش ١٠٨ دەوڵەت بوون بە ئەندامی ئەو دیوانە. بە ئومێدی ئەوەی کە زۆر زیاتر و باشتر لە جاران بەرهەڵستی تاوانە نێودەوڵەتییەکان ببنەوە. ژێنوساید، تاوانە جەنگییەکان، تاوانە دژە مرۆییەکان و دەستدرێژی وەک گرنگترین تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی سەلاحییەتی ئەو ناوەندەدایە و دیوان لە بەدواداچوون بەوجۆرە کەیسانە بە تەواوکەری سیستەمی دادپەروەریی نیشتمانی دادەنرێ. ئەسڵی سەڵاحییەتی تەڤکۆیی (تەکمیلی) یەکێکە لە تایبەتمەندیی گرنگەکانی ئەو دیوانە کە پێوەندی لەنێوان دیوان و سیستەمی دادی نیشتمانیدا ڕێک‌دەخا. بەپێی ئەو ئەسڵە، دیوان لە بەدواداچوون بە جینایەتە نێودەوڵەتییەکاندا کاتێک سەڵاحییەتی خۆی بەکار دەهێنێ کە دادگاکانی نێوخۆیی وڵات نەیانهەوێ یان نەتوانن بۆ ئەم کەیسانە بەدواداچوون بکەن (ماددەی ١٧ی ئەساسنامەی ڕۆم). بۆیە لە پلەی یەکەمدا ئەوە ماف و هەروەها ئەرکی دەوڵەتەکانە کە سەڵاحییەتی سزایی خۆیان بەسەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیار و تاوانباری جینایەتی نێودەوڵەتین بەکار بێنن. لەڕاستیدا ئەو تەڤکۆیی‌بوونی سەڵاحییەتی دیوان جگە لەوەی مافی پێشێتیی سەڵاحییەت دەدا بە دەوڵەتەکان، هاوکات دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتان ئیمکانی دەست‌پێراگەیشتنی زیاتریان هەبێ بە بەڵگە و شایەتحاڵ و سەرچاوەکان و بتوانن بە شێوەیەکی باشتر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانە بکەن. نیزامی سیستەمی دیوان بە شێوەیەکە کە هەوڵ دەدا دەوڵەتەکان هان بدا و ئامادەیان بکا بۆ ڕۆڵ‌گێڕانی سەرەکییان لەو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونانەدا، بەڵام لەکاتێکدا کە دەوڵەتی گۆرین و لایەنی بەرپرسیار، ئەرکی خۆی بەجێ نەگەیەنێ؛ دیوان بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەپێی ئەساسنامەکەی هەڵسوکەوت دەکا. گرنگترین بەشی ئەو ئەسڵە ئەوەیە کە سەلاحییەتی جیهانی دەبەخشرێ بەو دادگا نیشتمانییانەی کە دەبن بە ئەندامی ئەساسنامەی دیوانی سزایی نێودەوڵەتی؛ بۆیە ئەو ئەسڵە ئیزن بە وڵاتان دەدا کە بەدووی ئەو دەستە لە تاوانبارانەدا بن کە نە لە چوارچێوەی وڵاتی ئەواندا تووشی تاوان و جینایەت بوون، نە هاووڵاتین، نە بەدژی بەرژەوەندی بناژۆیی ئەو وڵاتانە جووڵاونەتەوە و نە بەرانبەر بە هاووڵاتیانی وڵاتی بەردەنگ دەستیان بۆ جینایەت بردوە. تەنیا پێوەری گرینگ و لەبەرچاوگیراو بۆ بەکاربردنی ئەو سەلاحییەتە "شوێنی دەستبەسەرکردنی تاوانبارە." ئەو پێناسە کورتەی کە باسمان کرد، پوختەیەک بوو لە ئەسڵی سەڵاحییەتی جیهانی بە زمانێكی سادە. بەڵام گرنگیی ئەو ئەسڵە بۆ کورد چییە و کورد چۆن دەتوانێ لەو ئەسڵە بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێ و بەو ئەسڵە هەم هەوڵ بدا کە عەداڵەت تا ڕادەیەک لەبارەیدا جێبەجێ بکرێ و هەم بتوانێ سنووری دەستدرێژی و کردەیی دەوڵەتانی داگیرکەر و پێشێلکار تا ئاستێکی بەرچاو کورت بکاتەوە؟ ئەوە لە هیچ تاکێکی کورد شاراوە نییە کە هەریەک لە دەوڵەتانی داگیرکار لە هەر بەشێک لە کوردستان و لە قۆناغە جیاوازەکانی داواکاری و خواستی کورد لە بازنەی خەباتی ڕەوایاندا تا چ ڕێژە و ڕادەیەک و بە چ شێوەیەک لەبەرانبەر ئەو گەلەدا جینایەتیان کردوە. بەداخەوە بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و بێ‌دەسەڵاتیی سیاسیی کورد وەک وڵات، کورد هیچکات نەیتوانیوە لە ئوسوول و پرەنسیپی نێودەوڵەتی بۆ سکاڵا لەو دەوڵەتانە لە دادگا جیهانییەکاندا کەڵک وەرگرێ؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە کە تەنیا دەوڵەتانن کە دەتوانن لەو شوێنانە سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن و خۆی ئەوەش لە بواری حقووقیی و سیاسییەوە خەسارێکی زۆری بووە بۆ کورد. لەلایەکی ترەوە بەهۆی بەرژەوەندی و دانوستانی سیاسی لەنێوان وڵاتانی دیکە لەگەڵ وڵاتانی ماف‌پێشێلکەری کورد و داگیرکەری کوردستان، هیچکات وڵاتێك حازر نەبوە کە کەیسی کورد بگەیەنێتە ئەو جۆرە دادگایانە؛ ئەوەش بۆتە هۆی دەستدرێژی زیاتر و ئەرخەیانی داگیرکارەکان کە بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە سنوورەکانی جینایەت و تاوانکارییان لەدژی کورد و خەباتی گەلی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستاندا بەربڵاو و گەورەتر بکەنەوە. لەو ماوەیەدا لە وڵاتی سۆئێد بینرا کە ئەو وڵاتە بەهۆی سکاڵای کۆمەڵێک کەس چۆن لە ئەسڵی سەڵاحییەتی جیهانی بۆ بەرەنگاری لەگەڵ تاوانبار یان تاوانباران ڕووبەڕوو بۆوە و دیمان تاوانێک کە لە تارانی ئێران کرابوو، چۆن لە ستۆکهۆلمی سۆئێد لێی دەکۆڵرایەوە. حەمید نووری یەکێك لە تاوانبارانی کووشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی و ڕۆڵگێڕ لە ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ئەو کەسە بوو کە سزای تاوانەکانی خۆی کە لە ئێران کردبوونی، لە شوێنێکی دیکەی ئەم دنیایەدا وەرگرت. وڵاتی سۆئێد بەپێی ئەو ئەسڵە و بەهۆی ئەندامەتی لە ئەساسنامەی ئەو دیوانە و تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن کۆمەڵێك خەڵکەوە لە پێوەری شوێنی دەسبەسەرکردنی تۆمەتبار یان تاوانباران کەڵکی وەرگرت و حەمید نووریی گرت، کەیسی تاوانەکەی وەگەڕ خست و دیکۆمێنت و بەڵگە و شایەتی شایەتحاڵانی وەرگرت و ناوبراوی بە تۆمەتی هاوبەشی و ڕۆڵ‌گێڕی لە کووشتنی بەکۆمەڵی خەڵک بردە دادگای نیشتمانیی خۆی کە بەو ئەسڵە سەڵاحییەتی نێودەوڵەتیی پێ بەخشراوە. لە پڕۆسەی دادگاییەکەشدا ئەو تۆمەتانە لەسەری سەلمێنران و بەتاوانبار ناسێندرا و حوکمی زیندانی هەتاهەتایی لەسەر درا و حوکمەکەش چووە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هیچ وڵاتێک یان دەسەڵاتێک بەپێی ئەو ئەسڵە و ئەندام‌بوونی سۆئێد لەو دیوانەدا، ناتوانێ ڕەخنەی یاسایی و حقووقی لەو وڵاتە بگرێ، جگە لە ڕێژیمی ئێران کە ئەویش تەنیا کارێکی لەدەستی هات ئەوە بوو کە بڵێ ئەو کەیسە، کەیسێکی سیاسییە. کورد کە لە ماوەی کەمتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە دەیان کەیسی وای هەیە، لە هەر بەشێک بە کۆکردنەوەی دیکۆمێنت، بەڵگە و شایەتی شایەتحاڵی جینایەتەکان، دەتوانێ بە لەسەرخەت بوون لەو وڵاتانەی کە ئەندامی ئەساسنامەی دیوانی سزایی نێودەوڵەتین و هاوکاری کەسانی بیانی و چالاک لەو بوارەدا هەم بازنەی هاتوچۆی ئەو دەستە لە جینایەتکارانە کە دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەی کورد سوورە و جینایەت و کارەساتی گەورەیان خولقاندوە بەرتەسک کەنەوە؛ هەم لە ئەگەری مانەوە، نیشتەجێ‌بوون یان هاتوچۆیان لەو وڵاتانەدا بەپێی ئەو ئەسڵە بتوانن حوکمی دەسبەسەرکرانیان بۆ وەربگرن و پەروەندەی دادئەستێنییان لەدژ وەگەڕ بخەن. بۆ نموونە کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو، کارەساتی قارنێ و قەڵاتان، ئێعدامی بەکۆمەڵی لاوانی کورد بەشێوەی سیستماتیک لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران، تێرۆری کەسایەتییە سیاسییەکان و هتد دەکرێ بە بەڵگەمەندکردنی ئەو جینایەتانە و دیاریکردنی دەور و ڕۆڵی کەسانی بەرچاوی ئەو ڕێژیمە لە بواری سەرچاوەی ئینسانی و سیاسییەوە گوشار بخرێتە سەریان، و هەرکاتیش هەلومەرجێک لەو وڵاتانەی کە بۆ ئەو کەیسانە کار کراوە لەبار بوو؛ ئەو کەیسانە بخرێنە بواری یاسایی و حقوقییەوە و بەداواکاری لە سیستەمی دەزگای دادی ئەو وڵاتانە، لێکەوتە و دەسکەوتی باشی بەدوادا هەبێ. خۆی ئەوە دەتوانێ عەداڵەت لە هێندێک حاڵەتدا بەدی بکات، بەتایبەت لە کەیسی دوکتور قاسملوودا دەکرێ جگە لە وڵاتی ئۆتریش لە وڵاتانی دیکەدا کە ئەندامی ئەساسنامەی ئەو دیوانەن بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە بکردرێ. ئێستا کە ڕێژیم لەو بوارەدا چ لە میکۆنووس و چ لە دادگای حەمید نووریدا مەحکوم کراوە و لە وێژمانی سیاسیی هێندێک وڵات و کەسایەتی سیاسی دیار و بەرچاودا وەک پشتیوانی تێرۆریزمی جیهانی ئاماژەی پێ کراوە، دەرفەتێکی باشە بۆ وەگەڕخستنی ئەو کەیسانە. بەمجۆرە جگە لەوەی کە فشارێکی زیاتر لە بواری سیاسی و نێودەوڵەتییەوە دەخرێتە سەر ڕێژیمی مەلاکان و لەو پێوەندییەدا شوێنی ئەمن و خۆحەشاردانی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە لە دەرەوەی ئێران بەرتەسک دەکرێتەوە و کورد کوتەنی کونەمشکیان لێ دەبێتە قەیسەری؛ ئەگەری دەسبەسەر و دادگایی‌کردنیان لە وڵاتانی دیکەدا دەچێتە سەرێ. لەڕاستیدا پەرەسەندنی ئەو سەلاحییەتە جیهانییە لە وڵاتاندا ئاکامەکەی دەبێتە بێ‌سزا نەمانەوەی جینایەتکاران و تەواوبوونی یەڵدای پارێزبەندییان.