کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و گرینگیدانی بە پرسی کۆمەڵایەتی

05:53 - 16 گەلاوێژ 2722

ئاماژە: ئەم بابەتە دوانووسینی نەمر جەلیل گادانی بوو کە بۆ یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب نووسیبووی و لە کتێبی "حیزبی دێموکراتی کوردستان، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی"دا  کە هەر بەبۆنەی یوبیلی ئەڵماسی حیزب چاپ بوو، بڵاو کرایەوە. "کوردستان" لە دووهەمین ساڵیادی کۆچی دواییدا  بۆ ئەمەگناسی و ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی کاک جەلیل ئەم دوانووسینەی بەڕێزیان لە دوو بەشدا بڵاو دەکاتەوە. ***   هێشتا ساڵێکی تەواو بەسەر هاتنی هێزی هاوپەیمانانی شەڕی دووهەمی جیهانی بۆ ئێران بە تایبەتی داگیرکردنی باکوور و ڕۆژئاوای ئێران لەلایەن ئەڕتەشی سوور کە بوونە هۆی نەمانی هێزی نیزامیی ڕەزاشای دیکتاتۆر لە بەشێک لە کورستان تێ‌نەپەڕیبوو، پیاوانی تێکۆشەری کورد لە شاری مەهاباد "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد"یان لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١دا دامەزراند. چونکە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو کۆمەڵە دامەزراوە، بە پێویست دەزانم ئاماژە بە هێندێک لە کارەکانی کۆمەڵەی ژێکاف بکەم. تێکۆشانی ئەو کۆمەڵە لە ناوچەی موکریان زۆر زوو پەرەی ئەستاند. حکوومەتی تاران لە کردەوەدا حاکمییەتی خۆی لەم دەڤەرە لەدەست  چووبوو، و بەشی زۆری ئەرکەکانی حکوومەتی کەوتبووە سەرشانی خەڵک خۆی. لەو سەردەمیشدا کۆمەڵە ژ- ک یەکەم ڕێکخراوی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. وێڕای تێکۆشانی سیاسی و پەرەدان بە هەستی نەتەوایەتی لە زۆر شوێن بە تایبەتی لە شاری مەهاباد، زێدی لە دایکبوونی، زۆربەی گرفتەکانی خەڵکیان حەل دەکرد. بە تایبەتی لە دوو بواری فەرهەنگی و ئاسایشەوە هەنگاوی بەنرخی هەڵێناوە. "قۆڵ‌‌سوور"ەکانی ژ-ک خۆبەخشانە شەو و ڕۆژ ئامادەی خزمەت بوون، ئەرکی ئەمنییەت و ئاسایشی شاریان وەئەستۆ گرتبوو، هەموو کات ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێک بوون کە ڕەنگبوو لە لایەن هێندێک عەشیرەتی هەلپەرست بۆ تاڵان و بڕۆ بکرێتە سەر شار. لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار بنکەی تایبەت داندرابوون. شەوانەش بە شێوەی گەڕۆک لە کوچە و کۆڵان و شەقامەکان ئەرکی پێ ئەسپێردراویان ئەنجام دەدا. ئەگەر ڕووداوێک لە دوور و نیزیک تەنانەت لە دێهاتی دەوروبەریش ڕووی دابا بە هانای خەڵکەوە دەچوون. هێندێک بنیاتی حکوومەتی وەک سەربازخانە کە ئەو هەمووە هێزەی تێی‌دابوو بە دوو بۆمبی گچکە و کەم هێزی تەیارە ڕەشەکەی سۆڤییەت کونەمشکیان لێ ببوو بە قەیسەری و هەڵاتبوون و چۆڵیان کردبوو، یا سیلۆ و ژاندارمەری کە بێ‌خاوەن مابوونەوە، هەرچەند هێندێکیان تاڵان کرابوون، بەڵام ژ- ک پارێزەری تایبەتی بۆ دانابوون تا بیناکان وێران نەبن و لەوەی کە لە یەکەم ڕۆژەکانی چۆلبوونیاندا تاڵان کرابوون زیاتر وێران نەکرێن. بۆ نموونە هەر سەربازخانەکە دواتر کرایە پێشمەرگەخانە. لە بواری فەرهەنگییشەوە مەجالیان نەدا ئەو خوێندنگانەی هەبوون دابخرێن و ئەندامانی فەرهەنگیی شار کە زۆریان ببوونە ئەندامی کۆمەڵەی ژ- ک نەیانهێشت قوتابییەکان لە خوێندن دواکەون، بەڵکوو هەنگاوی گەورەشیان هەڵگرت. بە دانانی دوو قوتابخانەی شەوانە بە ناوەکانی "گەلاوێژ" و "ئازادی" بۆ فێرکردنی زمانی کوردی کە تا ئەودەم خوێندن و نووسین بە کوردی بەتەواوی یاساغ بوو خزمەتێکی باشیان بە لاوان کرد. یەک لەو مەدەرسانە "گەلاوێژ" لە خانووی حاجی ئەحمەد گادانی لە گەڕەکی قووڵەقەبڕان، بە سەرۆکایەتیی مەلا عەبدوڵلا داوودی، ناسراو بە خاڵە مەلا یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ- ک و دووهەمیان لە گەڕەکی هەرمەنیان بە ناوی "ئازادی" لە کوچەی محەممەدی مەولوودی، بە لێپرسراوی فەرهەنگیی بەوەج "عەلی گولجەبینی" بەڕێوە دەچوون. جگە لە چەند مامۆستای خۆجێیی بەڕێزان؛ ڕەوانشادان عوسمان دانش، محەممەد تۆفێق وردی، کەریم زەند، نووری ئەحمەد تەها بە نۆبە لەو دوو قوتابخانەیە دەرسیان دەگوتەوە. ئەو بەڕێزانە توانییان لە ماوەیەکی کەمدا پۆڵێک لاو بە چەشنێک فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی بکەن کە پاش تەواوبوونی دەورەکەیان هێندێک لەوان بوونە مامۆستای کوردی گوتنەوە و خزمەتی باشیان کرد. وابزانم زیاتر بە مەبەستی تەمرینی حکوومەتداری بوو کە ژ- ک میرمیرێنی نەریتی کۆنی کوردیی زیندوو کردەوە. یەکیان بە میرایەتیی مستەفا سیاسەری لە گەڕەکی هەرمەنیان و ئەویتریان لە گەڕەکی ڕزگەریان بە میرایەتیی حەمەدەمین یا حەمەی حەسەن زارا بەڕێوە دەچوو. ئەو دوو میرانە جلوبەرگی تایبەتییان بۆ ساز کرابوو. هەرکام پۆلێک لاوی بەوەج و کارگێڕ یان قۆڵ‌سووری ژ-ک یان بۆ دابینکردنی ئەمنییەت لە دەور بوو، هەر حوکمێکی کردبایان بەڕێوە دەچوو. کۆمەڵەی ژ- ک بە هێنانە سەرشانۆی دوو نمایشی "سوڵتان سەلاحەدین" و "دایکی نیشتمان" لە مەهاباد و نەغدە و شنۆ و بۆکان، کە لە هەر کام لەو شارانە چەند ڕۆژ نیشان دران، کاریگەریی زۆری لە سەر گەشەکردنی هەستی نەتەوەیی و بڕوابەخۆ بوونی خەڵک کرد. چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری بەپێزی "نیشتمان" وەک یەکەم بڵاڤۆکی کوردی لە ڕۆژهەڵات و ئۆرگانی کۆمەڵە لەو سەردەمەدا یەک لە کارە بەرچاوەکانی فەرهەنگی و ڕووناکبیریی سەردەم بوو کە بۆ چاپکرانی چەند ژمارە دەچوونە تەوڕێز و لە ڕێگەی دۆستانێک کە دەستیان دەکاری چاپ و چاپخانەدا بووە، چاپیان دەکرد و دەیانهێناوە کوردستان و بڵاویان دەکردەوە.لەڕاستیدا خەڵک ئەوەندەیان بڕوا بە کارەکانی ژ- ک هەبوو کە نەتەنیا بە قسەی "فەرماندار"ی دیاریکراوی حکوومەتی ئێرانیان نەدەکرد کە لەوکاتدا لە سەرۆک عەشیرەتەکان دادەندران، بەڵکوو یەک دوو جار بە خۆپیشاندان لە شار وەدەریان نان. بە هاتنی قازی محەممەد بۆ نێو کۆمەڵەی ژ- ک و بوونی بە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە، وەزعی ژ- ک زۆر بەرەو پێشتر چوو. هەم وەزنی چووە سەر و هەم کەسایەتییەکانی کوردستان لە دوور و نیزیک ڕوویان تێ کرد. هەروەک هێندێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەری پێشبینییان کردبوو دوای ماوەیەک قازی محەممەد بوو بە مۆرەی هەرە گرینگی ئەم ڕێکخراوەیە. دوای یەک دوو سەفەر بۆ ئازەربایجانی سۆڤییەت و نیزیکیی دۆستانە دەگەڵ فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لەلایەک و پاش تەکبیروڕایەکی زۆری بەڕێوەبەرانی ژ- ک، بە حوکمی پێویستیی هەلومەرج و زەمان، بە دەنگی زۆربەی هەرە زۆری ڕێبەڕانی کۆمەڵە، ئەو ڕێکخراوە بوو بە "حیزبی دێموکراتی کوردستان". ئەو حیزبە مۆدێرنە بە ڕاگەیاندنی بەرنامەیەکی ٨ مادەیی کە لە ١/ ٨/ ١٣٢٤ بە واژۆی دەیان کەس لە ڕێبەڕان و کەسایەتییەکانی کۆمەڵە چاپ و بڵاو کرایەوە بوونی خۆی ڕاگەیاند. لەو ڕاگەیاندراوەدا بەشی بەرچاوی پێویستییەکانی ئەو کاتی کۆمەڵگە گونجابوو. لە ماوەیەکی کورتدا ئەو حیزبە کە لە سەر بنەمای کۆمەڵە دامەزرا، یەکەم کۆنگرەی هەر لە شاری مەهاباد بەست و دوای خستنە بەر باسی بەرنامەکە و باس و خواسێکی زۆر لەسەری، هەر لەم کۆنگرەیەدا گرینگیی زۆر زیاتر درابوو بە ٢٢ مادە کە دواتر لە مانگی سەرەماوەزی ١٣٢٤ی هەتاویدا بڵاوکرایەوە کە بریتی بوو لە چوار فەسڵ و ٢٢ مادە. هەر لەو کۆنگرەیەشدا قازی محەممەد وەک سەدری حیزب و ڕێبەڕ و ٢٣ کەس ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران. لەو بەرنامە نوێیەدا هەموو پێداویستییەکانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو، کە ئێستاش لە زۆر وڵات پیادە کراوە پێشبینی کرابوو. بۆ نموونە ئاماژە بە چەند خاڵ لەو بەرنامە دەکەین کە زیاتر باری دێموکراتی و کۆمەڵایەتیی دەگرتەوە:   ١- ناوی حیزب: حیزبی دێموکراتی کوردستانە بە باوەڕی من لێرەدا بۆیە ئاماژە بە ئێران یان بەشێک لە ئێران نەکراوە کە کوردستان بە یەک خاک و یەک نەتەوە دەناسێندرێ. ٢- حیزب لە سەر ئەو بناخەیە دامەزراوە: "حەقیقەت، عەداڵەت، تەمەدون."  هەموو نیزامنامە و قانوونەکانی حیزب پاش پەسند کران لە کۆنگرە، جێبەجێ ئەکرێن. بەم واتایە بۆ یەکەم جار حیزب لە ڕێبەریی تاکەکەسی و عەشیڕەتی و کوێخامەنشی و شێخایەتی دەردەچێ و بەشێوەی دێموکراتیک و بڕیاری گشتی بەڕێوە دەچێ. ٤- لە کوردستان ئەبێ لە سەر بنچینەی دێموکراسی، قازانجەکانی کۆمەڵانی خەڵک ڕەچاو بکرێ. ئەبێ بێ گوێدانە جیاوازیی میللی و قەومی و مەزهەبی، بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ مەجلیسی شوڕای میللی مافی وەک یەکیان هەبێ. ٥- ئامانجی حیزب بریتییە لە پەرەپێدانی دێموکراسی، لەسەر ئەو بنچینەیە تێ‌دەکۆشێ بۆ خۆشی مرۆڤایەتی. ٨- یەکەمین هەنگاوی حکوومەتی میللی ئەوەیە دەست دەکا بە ئاوەدان‌کردنەوەی وڵات. ٩- ئەبێ هەموو مەئمورانی کیشوەری و سیاسی و دایرەکان و کشتوکاڵ کورد بن. لە ئیداراتدا دەبێ بە زمانی کوردی بنووسرێ. ١٠- حیزب تێ‌دەکۆشێ بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ ماشێن بکڕێ و هەوڵ ئەدا ئەو بەروبوومەی جوتیاران بەرهەمی ئەهێنن، بەباشی بفرۆشرێ. ١١- حیزب تێ‌دەکۆشێ بۆ ئاوەدانی و پاراستنی لەشساغی دێهات و بۆ نەهێشتنی ئەو کۆسپانەی لە ڕێی هاتوچۆ لە دێیەک بۆ دێیەکی دیکە. ١٢- حیزب بەبێ جیاوازی نەتەوایەتی و قەومی و مەزهەبی حیمایەت لە ژیانی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و لەشساغیی هەموو زەحمەتکێشان دەکات کە لە کوردستان دەژین. ١٣- بە مەبەستی پەرەپێدانی زانست و شارستانیەتی نێو خەڵکی کوردستاندا خوێندنی قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی ئەکرێتە ئیجباری و لە هەموو قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی دەرس دەخوێندرێ. ١٩- حکوومەتی میللی بۆ دابین‌کردنی پێویستییەکانی خەڵکی کوردستان بە ڕیگای هەرزان و ڕەحەت، بەتوندی دژی سەلەم و گرانفرۆشی و موحتەکران ڕادەوەستێ. ٢١- ئەبێ لە هەموو کاروباری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا ژنان وەکوو پیاوان مافی وەک یەکیان هەبێ. ٢٢- ئەبێ مافی کەمە نەتەوەکان کە لە کوردستاندا ئەژین، وەکوو ئازەربایجانی، ئەرمەنی و ئاشووری بەتەواوی دابین بکرێ.   بە باوەڕی من نوقستانیی گرینگی ئەو بەرنامە ئەوەیە کە مادەی ٥ی بەرنامەی پێشوو هەڵگیراوە کە بریتی بوو لە: "دەبێ لەسەر ئەساسی قانوونێکی گشتیی نێوان لادێیی و خاوەن مڵکدا ڕێککەوتنێک پەسەند بکرێ کە دواڕۆژی هەردوو لا دابین بکرێ. بەم‌جۆرە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو بە جێی ئومێدی هەموو کوردێکی خاوەن هەست. لەڕاستیدا نەک هەر درێژەدەری هەموو کارە باشەکانی "ژ-ک " بوو، بەڵکوو گەلێک مەسەلەی نوێی هێنا ئاراوە کە لەگەڵ دنیای مۆدێرن و پێشکەوتوو دەگونجا و بێگومان نە لە حکوومەتی تاران بەڵکوو لە سیستەمەکانی پاشایەتی و کۆماریی دەوروبەر باسیشیان لێ نەدەکرا. ئەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە توانی لە دونیای قەیراناویی ئەو سەردەمەدا بە باوەشی گەرم چەند هەزار کەس لە بنەماڵە و جەنگاوەرانی پەڕیوەی دوای نسکۆی شۆڕشی بارزان وەرگرێ کە دوای هێرشی دڕندانەی ئەڕتەشی حکوومەتی پاشایەتیی عێراق و پشتیوانیی هێزەکانی بریتانیا ڕوویان کردە ڕۆژهەڵات. هەر لە شنۆوە تا بۆکان لە شار و گوندەکانی کوردستان جێگیریان بکا و بەوپەڕی دڵئاوڵاییەوە و بە هیمەتی خەڵکی دڵسۆز لەو وەزعە شپرزەیەی هەیان بوو ڕزگاریان بکا و بەپێی ئیمکاناتی ئەو سەردەم دەیانمەزرێنێ و دواتریش ڕاستەوخۆ لە کۆماری کوردستاندا بەشداریان بکا. بێگومان لوتکەی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات کەلک‌وەرگرتن لە هەلومەرجی گونجاو و دەرفەتی هەڵکەوتوو، دامەزراندنی کۆماری کوردستانە. گەرچی ئەو کۆمارە بە پیلانی دوژمنانی تەمەنێکی زۆر کورتی هەبوو، بەڵام بە بۆنەی ئەو ڕەفتار و کارە باش و ناوازانەی کە لە ئەو ماوە کورتەی بوونیدا ئەنجامی داون بۆتە مادەیەکی مێژوویی جێی شانازیی کورد و کوردستانیان. بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماریش جگە لە هێندێک کاری گرینگی سیاسی و ڕێکخراوەیی وەک هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەشێوەی ڕەسمی، ئامادەکردنی پێشمەرگەخانە بۆ پەروردەکردنی هێزی پارێزەری نیشتمان، لە بواری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتیشەوە هەنگاوی گرینگی وەک دانانی چاپخانە، بڵاوکردنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردستان و بەڕۆژانەکردنی مەدرەسەی شەوانەی گەلاوێژ و ڕەسمیەتدان بە خوێندنی زمانی کوردی لە هەموو قوتابخانەکان هەڵێنرانەوە. لە هەمووی ئەوانە گرینگتر ئەوە بوو کە توانی ئاشتەوایی و برایەتی لەنێو ئەو هەموو عێل و عەشیرەتانە پێک بێنێ کە پێشتر بە دەسیسەی دوژمنانی کورد پێکەوە زۆر ناتەبا بوون و بە نرخی ئەو یەکدڵی و برایەتی و تەباییە توانی کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ. ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتییانەی لە ژێرەوە بەکورتی ئاماژەیان پێ دەکەم کە لە تەمەنی کورتی یازدە مانگەی کۆماریدا بەپێی بەندەکانی بەرنامەی حیزب بەڕێوە چوون. بێگومان ئەگەر هیممەت و ئیرادەی بەڕێوەبەران و ئەندامانی دڵسۆزی حیزب نەبا و باوەڕی قووڵ بە پیادەکردنی ئەو بەرنامە نەبایە لەو ماوە کەمەدا بە ئاکام نەدەگەیشتن. ١- بۆ یەکەم جار بەشدارکردنی ژنان لە کاری کۆمەڵایەتیدا و دامەزراندنی "حیزبی ژنان" یان "یەکیەتی یایانی دێموکرات". ٢- بەرچاوگرتنی مافی زەحمەتکێشان شار و دێ. ٣- ڕەسمییەت‌پێدانی ڕێکخراوی لاوانی دێموکراتی کوردستان. ٤- بەڕێکرانی پەنجا تا شەست کەس لە لاوە خوێندەوارەکان بۆ باکۆی پێتەختی ئازەربایجانی سۆڤییەت و تەورێز بۆ خوێندن. ٥- ڕەسمییەتدان بە خوێندنی دەرس بە زمانی کوردی لە هەموو خوێندنگاکان و نووسینی کاروباری ئیداری بە زمانی کوردی لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار. ٦- بایەخدانی بە کردوە بە مافی کەمایەتییەکانی ڕەگەزی و ئایینی، دانانی مەکتەب و خوێندن بە زمانی خۆیان. ٧- یەک‌ڕەنگ و یەک‌فۆرم‌ کردنی جلوبەرگی هەموو قوتابیان لەسەر تێچووی کۆمار. ٨- ئیجباری‌کردنی خوێندن بۆ هەموو ئەو کچ و کوڕانەی دەگەیشتنە تەمەنی خوێندن. ٩- دانانی کلاسی شەوانە بۆ خوێندنی گەورەساڵان. ١٠- دانانی فەقیرخانە و کۆکردنەوەی سواڵکەران و بەخێوکردنیان. ١١- دانانی رادیۆی F.M بۆ ئاگادارکردنی خەڵک لە ڕووداوەکان. ١٢- یەکێک لەو کارانەی کۆمار کردی و تا ئەودەم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هیچ دەوڵەتێک نەیکردبوو ئەوە بوو کە هەموو ئەو لاو و تازەلاوانەی کە لە بەر بێ ئیمکاناتی و بێکاری و نەداری لە کوچە و کۆڵانان یا لە بازار دەخوڵانەوە و سواڵیان کۆ دەکردوە، بە سەر ماڵە دەوڵەمەندەکاندا دابەشی کردن کە وەک منداڵەکانی خۆیان سەیریان بکەن و هەروەک کوڕ و کچانی خۆیان بە خێویان کەن و بیان نێرنە خوێندنگە. هێندێک لەوانە دواتریش درێژەیان بە خوێندن دا و پێگەیشتن. هەرچەند تەمەنی کۆمار ئەوەندە کورت بوو نەیتوانی هەڵبژاردنی پاڕڵەمان بەڕێوە بەرێ، بەڵام بەگوێرەی پێویست لە لایەن دەوڵەتی کوردییەوە بۆ نرخی کەلوپەل پێشگیری لە گرانفرۆشی و زۆر مەسەلەی دیکە بڕیار دەدرا و لە ڕێگای ڕۆژنامە و ڕادیۆ و بڵیندگۆکانی دامەزراو لە مەیدان و شەقامەکانی شار یا بەشێوەی بانگەواز خەڵک لەو بڕیارانە ئاگادار دەکران. هەر بڕیارێکی درابا بە سەرڕاستی بەڕێوە دەچوو. لە بواری ئاوەدان‌کردنەوەدا هەنگاوی باش هەڵگیرا، بۆ نموونە شوێنی سینەما سازکردن دیاری و کەرەستەشی بۆ ئامادە کرا، بەڵام فریای سازکردن نەکەوت. یان بۆ نموونە، ئاوەڕۆی شاری سابڵاغ بە درێژایی سێ کیلومیتر زیاتر لە دووسەد ساڵ هەر وا بەسەر ئاواڵەیی مابۆوە لە باشووری شار تا باکوور بە نێوەڕاستی شار و بازاریشدا دەڕۆیشت و بۆگەنیوی بێزارکەر بوو، بەڵام لە ماوەی چەند مانگدا بە خشتی سوور و خەڕپشتە و تاق هەموویان داپۆشی و شاریان لەو زەلکاوە ڕزگار کرد و دیمەنێکی تازە لە پاک و خاوێنیان بە شار دا. لە بواری پزیشکییەوە سەرەڕای ئەوەی شار تەنیا دوکتورێکی بەناوی "وێنەتان" لێ بوو، نەخۆشخانەی شێروخۆرشید تەنیا نەخۆشخانەی شار بوو کە ١٠ تا ١٥ قەرەوێڵەی زیاتر نەبوو، بە دەردی خەڵک ڕادەگەیشتن و دوکتورێکی ئەڕتەشی ئیرانیش بە ناو "موبەسیری" کە لە شەڕەکانی سەقزدا بەدیل گیرابوو ئیزنی پێ درا کاری پزشکی بکا و دواتریش چەندین ساڵ لە مەهاباد مایەوە و کاریگەری زۆر باشی لەسەر ئەم بابەتەوە هەبوو. (درێژەی هەیە)