کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فۆبیای ڕووخان و داڕمان

06:24 - 16 گەلاوێژ 2722

ئیبراهیم ڕەئیسی لە کاتێکدا یەکەم ساڵی سەرکۆماریی خۆی تێپەڕ کرد کە نەک هیچ کام لە وادەکانی سەردەمیی بانگەشەکانی بەدی نەهاتوون، بەڵکوو کۆمەڵە قەیرانێکی دیکەش بەرۆکی ڕێژیمەکەی گرتوە کە لە سۆنگەی دەسەڵاتی دژی گەلیی ئەوانە کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانن کە تێچووەکەی دەدەن. قووڵبوونەوەی قەیرانە یەک لەسەر یەک کەڵەکەبووەکان دواجار تارانی ناچار کرد کە ڕێک لە ڕۆژی کۆتایی یەکەم ساڵی سەرکۆماریی ڕەئیسیدا بەپەلە بۆ وتووێژەکانی ڤییەن بگەڕێتەوە، ئەویش بە پاشەکشە لە بەرامبەر ئەمریکا لە قورسترین مەرجەکەی کە هێنانەدەرێی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکاندا بوو. ئەوەش کە ڕێژیمی ناچار بەو پاشەکشەیە –جا بەرجامی پێ بژیەتەوە یان نا- کاریگەریی ئەو گەمارۆ قورسانەیە کە لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی تڕامپەوە خراوەتە سەر ئێران و لە ماوەی ساڵ و نیوێک سەرکۆماریی بایدەنیشدا درێژەیان هەبووە. ئەو گەمارۆ قورسانە کە پاشخانێکی درێژتریشیان هەیە، تەنیا لە دەیەی ڕابردوودا سەدان میلیارد دۆلاری زیان لە ئابووریی وڵات داوە، تا ئەو ڕادەیەی کە لە ئێستادا بایی دراوی وڵات ٢٧٠٠ لەسەد داببەزێ و تەنیا لە ماوەی چەند مانگدا نرخەکان ١٢ هیندەی پێشوو زیاد بکەن؛ بێگومان شەڕێکی تەواو عەیاری بیانییش نەیدەتوانی ئەو زەبرە کاریگەر و گورچکبڕە لە ئابووریی وڵات بدات. ئەو گەمارۆیانەش تەنیا لە ئەگەری ژیاندنەوەی بەرجام و دڵنیایی کۆمەڵگەی جیهانی -وڵاتانی ٥+١- لە دەروەستییەکانی ئێران وەدی دێت، ئیبراهیم ڕەئیسییش چاوێکی هیوای هەر لەو ڕێککەوتنەیە و دەزانێ قازانج و زیانەکانی بۆ سەر کابینەکەی و ڕێژیمەکەی چەندەن، بەتایبەت ئەو قازانجانەی کە دەمودەست دەستەبەر دەبن و دەفریای دەوڵەتەکەی دێن. وەک: پشووهاتنەوەبەر کەرتی وەبەرهێنان، داهاتی مانگانەی ٣ میلیارد دۆلاری لە فرۆشی نەوت، هەڵکشانی هەناردەی بەرهەمەکانی پێترۆشیمی و پۆڵا و کاڵا سەنعەتییەکان، داکشانی تێچووی هاوردەکردنەکان و سەقامگیریی بایی دراوی نیشتمانی و ئاوسان بەهۆی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە پاشکەوتی دراوی لە بانکە جیهانییەکاندا. بەڵام بێتوو بەرجام نەگاتە ئەنجام، دەوڵەتەکەی ئاغای ڕەئیسی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا لەوەندەش بەولاوەتر دەخرێتە پەراوێزەوە و ئەمجارەیان بایدن پێچەوانەی تڕامپ پشتیوانیی ئورووپاییەکانیشی بۆ سەپاندنی گەمارۆی نوێ و زیاتر بەسەر ئێراندا دەبێت. هەلومەرجی شپڕێوی ئابووریی وڵات و بەرچاوڕوونیی ڕەئیسی لەو مەترسییانە و دەستەوەستانیشی لە کۆنتڕۆڵی قەیرانەکان لە یەک ساڵی دەسەڵاتەکەیدا وایکردوە کە لە ئێستادا نەک هەر خەڵک و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لەلایەن بەشێک لە ئوسوولگەراکانیشەوە بدرێتە بەر ڕەخنە، تا ئەو جێیەی "زولنور"، نوێنەری شاری قوم لە مەجلیس کە کاتی خۆی بە نامە و نووسراوە داوای کردبوو ڕەئیسی بێتە کێبرکێی هەڵبژاردنەکانەوە؛ بە کەسێکی بێ‌کیفایەت ناوی ببات! هاوتەریب لەگەڵ گوشارەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات کە خۆی لە مانگرتن، ڕێکخستنی ئامانجدارانەی پتری کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقامدا دەبینێتەوە و لە دەرەوەی وڵاتیش لەلایەن ڕۆژاواوە بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم بەتوندی لەسەر تارانە، ڕێژیم وای داناوە بەڵکوو بە نیزیک‌بوونەوەی زیاتر لە چین و ڕووسیە بتوانێ دەرەقەتی دۆخەکە بێت. بەڵام بەپێی ئەزموونەکان پشتیوانیی سیاسی و ئابووریی چین و ڕووسیە لە ئێران لە خانەی هاوپەیمانیی سیاسی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا و پارێزراوبوونی بێ‌ئەملاوئەولای ڕێژیم لە بەردەم شاڵاوی مەترسییە ئەمنییەتییەکان نییە، بەڵکوو پێوەندییەکی سنوورداری ئابووریی دوولایەنەیە. پڕدیارە کە هەم چین و هەم ڕووسیە ئێران وەک کارتێکی گوشار بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا بەکار دێنن و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا، ئورووپا، عەرەبستان و ئیسڕائیل؛ هاوکارییە ئابووری و ئەمنییەتییەکانی نێوان چین و ڕووسیە لەگەڵ ئێران قەت نابنە ستراتیژیی درێژخایەن و هەمیشە سنووردار دەمێننەوە و ڕەئیسی بەو بەرچاوڕوونییەوە دووهەمین ساڵی سەرۆک‌کۆمارییەکەی دەست پێ دەکا. ئێستا با بزانین ڕەئیسی لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا چیی کرد و چیی لەدەست هات؟ هەڵبژاردنی خولی سێزدەهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری کە لەودا ناوی ڕەئیسیی لە سندووقەکان هاتە دەرێ، بە کەمترین ئاستی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی تەواو بوو. خۆ ئەگەر هەر ئەو کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان کە دیار بوو هەمووی لە بەرژەوەندیی ڕەئیسیدا مهەندیسی کراوە بە نیشانەی بێ‌متمانەیی خەڵک بە وادە و بەڵێن و کار لەدەست‌هاتنەکانی دابنێین، بەوپێیە خەڵک چاوەڕوانییەکی ئەوتۆی لە ناوبراو نەبووە. بەڵام بۆ ئەو کەس و لایەنانەی لایەنگری حاکمییەت کە پێیان‌وابوو بە یەکدەست‌کردنی هەر سێ دەزگای یاسادانان، داد و دەوڵەت شەڕی نێوان قۆڵەکانی ڕێژیم کۆتایی دێت و هاوئاهەنگیی نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت و حکوومەت زیاتر دەبێ و کاروباری وڵات بێ‌کێشە ڕایی دەبن؛ وا دەرنەچوو. ڕەئیسی نەک نەیتوانی لە بارستایی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەدژی ڕێژیمەکەی کەم کاتەوە، نەیتوانی پشتیوانیی ئەو مەجلیسەش ڕابگرێ کە لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا دەنگی بەڵێی بە نیزیک بە تەواوی ئەندامانی کابینەکەی دابوو. بۆیە کەمتر لە ساڵێک پاش دەسبەکاربوونی دەوڵەتەکەی متمانەی لە یەکێک لە وەزیرەکانی ئەستاندەوە و کارتی زەردی بە چەند وەزیری دیکەشی پێشان داوە وێناچێ هەر بەوەندەش لێی دەرباز ببێت. ڕەئیسی لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا جێی شک و گومانی بۆ هیچ کەس نەهێشتەوە کە پرسی ئابووری، بێکاری، گرانی، بژێو و سڵامەتیی خەڵک هیندەی پرسی حیجاب و بابەتە ئیدئۆلۆژیکەکانی ڕێژیمەکەی لای ئەو بایەخیان نییە، بۆیەش زەحمەتی ئەوەی بە خۆی نەدا لایان لێ بکاتەوە و خەمیان لێ بخوا. کۆماری ئیسلامی لە دەوڵەتەکانی پێشوودا ئەگەر لەسۆنگەی گەڕانەوەی دۆلار و دراوەکانی خاوفرۆشیی نەوت و خەرجکردنی کەمێک لەو داهاتە توانیبووی لانیکەم بەشێک لە خەڵکی توێژی مامناوەند ڕەگەڵ خۆی بخا، بەڵام لە بەختی ڕەئیسی چەندی دەستی لە بنی هەنبانە گێڕا، ئەوەندەی وەبەر نەهات کە بتوانێ لانیکەم درێژەدەری ئەو ڕەوتەش بێت. سەرباقی ئەوەش بە لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی کە لە ڕواڵەتدا بۆ هاوردەکردنی کاڵا، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی خەڵک تەرخان دەکرا، ئەوەندەی دیکەش گرانی کەوتە بازاڕ و لەو سۆنگەیەشەوە قەیرانە ئابوورییەکان و ناڕەزایەتییە گشتییەکان بەو دۆخە زیادیان کرد. لە نێو هەراوهەنگامەی ڕاگیرانی وتووێژەکانی ژیاندنەوەی بەرجام و دیسان دەست‌پێکردنەوەیاندا، بڕیارنامەی شوڕای بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومییش کە لەودا سەبارەت بە سەرپێچییەکانی ئێران هەڵوێستی توندی لەدژ ڕێژیم گرتبوو، هیندەی دیکە دەوڵەتی ڕەئیسیی تووشی تەنگژە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کرد. بە گشتی لە ماوەی ساڵێک سەرکۆماریی ڕەئیسیدا دەرکەوت کە ناوبراو نەک هیچ پلان و بەرنامەیەکی ڕوونی ئابووریی نەبوو، بەڵکوو بە دانانی کەسانی ناشارەزا لە بەرپرسایەتییە گرینگەکاندا قەیرانەکانی هیندەی دیکە قووڵتر کردەوە. لە بواری کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیشدا، بەتایبەت ژنان ئەوەندەی دیکە گوشاریان خرایە سەر، پەراوێز خران و دەسەڵاتی جەهەندەمی و سەرکوتیان لەدژ بەکار هات، ئەویش لە حاڵێکدا کە هێزەکانی مووساد و سیخوڕەکانیان لە شەقام و شوێنە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمدا تەڕاتێن دەکەن! ناکامییەکانی ڕەئیسی لە بیاڤی دیپلۆماسیی دەرەکییشدا بەرهەستتر لەوەیە بتوانێ خۆی لێ لابدا و کورتە سەرنجێک لەسەر پێگەی ڕێژیم لە ئێستای عێراق، لوبنان و سووریەدا ئاماژەی ڕوون بە لاوازی و داڕمانی ئەو هەیکەلەن. بەتایبەت کە لەو بارودۆخەدا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە سەردانەکەی بایدن بۆ عەڕەبستان فازێکی نوێ لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان ئەزموون دەکا کە دەستی ئێران لەوەندەی دیکەش کورتتر دەبێت. دەوڵەتی ڕەئیسی لە کاتێکدا پێ دەنێتە ساڵی دووهەمی خۆیەوە کە ناڕەزایەتییەکان لەنێو توێژی کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان، خانەنشین‌کراوان، خوێندکاران و ژنان لەوپەڕی خۆی‌دایە. بەڵام دەسەڵات تا ئێستا ئەم ناڕەزایەتی بە دۆخی بژێو و بە پێشێلکردنی مافەکانی بەڕەسمی نەناسیوە و بە دنەدانی دژبەران لە دەرەوەی سنوورەکانی دەبەستێتەوە و بۆ چارەسەرکردنیشیان تەنیا زمانی چەک و سەرکوت دەناسێ؛ بۆیە کۆمەڵگەی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پتر بەئەمنیەتی دەکرێت و مەترسیی تەقینەوەی نارەزایەتییەکان هەردەم زیاتر دەبێت. بارودۆخی ئێستای ئێران حەوجێی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتییە، بەڵام ئەو هێز و ئۆپۆزیسیۆنەی بتوانێ ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتی و پێکهاتەشکێنە جێ بخات و ڕێبەریی ناڕەزایەتییەکان بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بکا، هێشتا نەگووراوە و، بەداخەوە ئەوەش دەرفەتی هەناسەدانی هەتا ئێستای بۆ ڕێژیم هێشتۆتەوە.