کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتناسیی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (لە دەسەڵاتی میرنشینەکانەوە هەتا ژێکاف)

06:26 - 16 گەلاوێژ 2722

  ڕەوت بریتییە لە دامەزراوە، کۆمەڵە و گرووپێکی دیار کە بێجگە لە بناخەی هزری، جۆرێک ڕەوشتی کۆمەڵایەتیشی هەیە. (خسروپناه، ١٣٨٨) ڕەوتەکان سێ تایبەتمەندیی سەرەکییان هەیە کە بریتین لە: ١- کۆمەڵایەتی‌بوون و هەبوونی جۆرێک لە ڕەوشتی تایبەتیی کۆمەڵایەتی. ٢- بوونی دامەزراوە و کۆمەڵە. ٣- هەبوونی بیرۆکە، هزرێکی بەرچاو و دیار و هەڵسوکەوتی تایبەت بە ئەو. کە وابوو ڕەوتناسی بریتییە لە ناسینی وێژمان، چلۆنایەتیی بیچم‌گرتن، ناساندنی دامەزرێنەران و کەسایەتییە ناسراوەکان، هەروەها کاریگەرییان لەسەر دامەزراوە، گرووپی هزری، کولتووری، سیاسی و ئابووری هەیە. ڕەوتێکی سیاسی بە مانای شەبەنگێکی بەربڵاوی هزری، ئایدئۆلۆژی، سیاسی و بڕواییە. ڕەوتێکی سیاسی مێژوویەکی دیاری هەیە و لایەنەکانی گووران هەتا گەشە و ئامانج و شێوازی خەباتی سیاسیی خۆی دەناسێنێ. بە شێوەیەکی گشتی ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان بە سەر چوار لێڕوانین دابەش دەبن: ١- ڕەوتی هزری؛ دامەزراوە و کۆمەڵەیەکی کۆمەڵایەتیین کە لەسەر بناخەی هزر و ڕوانینی زانستی هەڵچنراوە و زیاتر لە بەستێنی بیر و ئەندیشەدا چالاکن. ٢- ڕەوت‌گەلی کولتووری؛ دامەزراوە و کۆمەڵەیەک کە بەر لەوەی باس لەسەر پرس‌گەلی فەلسەفی و کەلامی بکەن، چالاکی کولتووری و پڕۆپاگەنداییان هەیە و زۆرتر لەسەر فەرهەنگ و کولتوور کار دەکەن. ٣- ڕەوتی سیاسی؛ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە ئاراستە و چالاکییەکانی سیاسییە و زۆرتر لە بەستێنی سیاسیدا کاریگەریی هەیە. ٤- ڕەوتی ئابووری؛ ئەو دامەزراوانەی ڕوانینیان ئابوورییە و لەم بوارە‌دا چالاکن.   یەکێک لە کارکردەکانی کۆمەڵناسیی سیاسیی ڕەوتی سیاسی، شکڵدان بە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی سەقامگیرە کە گوورانی لەنێو کێشمەکێشی سیاسی بە ڕوانگەی"گڕامێشی" مەمنوونی "هەژموونییە"، کەوابوو ئەمرێکی سیاسییە (خرم شاد، سادات، ١٣٩٢). ڕەوشی جۆراوجۆر بەستێنی دامەزراندنی ڕەوتەکان وێنا دەکەن، ناسین و شرۆڤەی دۆخی بەر لە هەبوونی ڕەوت بنەمای ناسینی لایەنی هزری و مێژوویی پێک دێنێ. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هاتنی زاراوەکانی سیاسی و خۆخستنە سەر مێشک و زاران (سوسیالیزم، کۆمۆنیزم، ناسیۆنالیزم، دێموکراسی و...)، شەڕە مەزنەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی و مەودای نێوانیان، ڕەوشی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی سیاسی، دۆخی کۆمەڵگە بەستێن بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتێکی پڕکاریگەر خۆش دەکا. ڕەوت‌ناسیی سیاسیی دەرکەوتنی بیری نەتەوەیی بەشێکی بۆ هاتنی چەمک‌گەلی وەک ناسیۆنالیزم، دێموکراسی، کۆمۆنیزم، سۆسیالیزم و... لە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵات و لەوێشەوە کوردستان دەگەڕێتەوە. ئەگەر لە فەڕانسە "مۆنتێسکیۆ"، "ژان ژاک ڕۆسۆ" ئاوانگاردی هزری سیاسیی سەردەمی خۆیان بوون، "جێفرسۆن" و "توماس پین" لە ئەمەریکا و "جێرمی بێنتام" و "گلادستۆن" لە ئینگلیس، "گاریباڵێدی"، "مێزینی" لە ئیتالیا لە مەزنترین تیۆریسیەنەکانی ناسیۆنالیستی و پێکهاتنی جۆرێک لە نۆرمی نوێی سیاسی و ڕوانینی تایبەت بە جیهان‌بینی ئیتالیایی بوون و، "بیسمارک" لە ئاڵمان ئاڵاهەڵگری نەتەوەگەرایی بووە. ئەگەر لەسۆنگەی لەمێژەبوونی، باسی ئەحمەدی خانی و میرشەرەفخانی بدلیسی لە کوردستان و نەبوونی نەزمێکی سیاسیی بەرچاو لە میرنشینەکانی نەکەم، ناکرێ ماڵباتی بەدرخان، بزووتنەوەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا، سمایل ئاغا و... نەهێنینە بەرباس کە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی فکریی لە دەزگای بیرکردنەوە و ئاستی وشیاری نەتەوەیی کۆمەڵگەی کوردی ڕۆژهەڵات کردەوە. کاتێک دەسەڵاتی میرنشینەکان نامێنن، بۆشایەکی سیاسی ئەمنی بوروکراتیک ڕوو دەدا، شێخەکان بە تەکیە و دامەزراندنی خانەقاکان دێنە مەیدان و تەنانەت جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی و بزووتنەوەکانیش دەگرنە بەدەست. دوو تەریقەتی گرنگی کوردستان "قادری" و "نەقشبەندی"، لە شکڵ‌گرتنی نوێی ڕەوتی سیاسیی کورددا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە کە پشکی تەریقەتی نەقشبەندی لەم ئاستەدا زۆرترە. مەودای نێوان شەڕی یەکەمی و دووهەمی جیهانی، ئەو ڕێککەوتننامانەی "سایکس پیکۆ"(١٩١٦ز)، "سێڤەر"(١٩٢٠ز) و "لۆزان"(١٩٢٣ز)، شۆڕشەکانی کورد لە سەدەی نۆزدە و بیست هەموویان سەرەتا بە دەستپێکی ڕوانینێکی "نەتەوەیی-ئایینی" دواتر ڕەوتی چەپ(سۆسیالیزم-کۆمۆنیزم) و (ناسیونالیزم-نەتەوەیی) کاریگەریان لەسەر بیچم‌گرتنی سێ ڕێکخراوی "ح. ا. ک "(حیزبی ئازادیی کوردستان ١٩٣٨)، "ک. ژ. ک" (کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ١٩٤٢) و "ح. د. ک"(حیزبی دێموکراتی کوردستان ١٩٤٥) هەبووە. هەر کردەوەیەک دژکردەوەیەکی هەیە، هەموو ئەو نەهامەتی و کردەوە دژە کوردانەی، دەورانی بیست ساڵەی دەسەڵاتی پڕ لە زوڵم و خەفەقانی ڕەزاشا، پڕۆژەی قاڵکردنەوەی کورد و شوڤینیزمی فارس (گۆڕینی ناوی شار و ئاواییەکان، بەراوەژووکردنی مێژوو و چەواشەکاری، دژایەتی لەگەڵ کولتووری ڕەسەن و خۆماڵیی گەلی کورد و پێداگری لەسەر زوڵم و ستەمی نەتەوەیی، سەرکوتی شۆڕشەکانی کورد، (سمکۆ لە ورمێ و شنۆ، جافرسوڵتان لە هەورامان، حەمەڕەشیدخانی بانە، مەحموودخانی کانی سانان لە مەریوان، مەلا خەلیل گۆڕئومەری (١٣٠٧-١٣٠٨)، بیرهۆ و فەرزەندە لە ناوچەی ماکۆ) هاوکات دەگەڵ گۆڕینی بیروهزری کۆمەڵگە بەنیسبەت پرسی نیشتمان و نەتەوە بوونە دنەدەری ڕەوتی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.   حیزبی ئازادیی کوردستان ١٩٣٨ لەگەڵ دەستپێکی شەڕی جیهانیی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨ز) سپای ڕووسیە خۆی دەخزینێتە ئێران و تەنانەت لە بەشێکی خاکی ئێراندا دەگەڵ عوسمانلییەکان دەکەوێتە شەڕ و پێکدادان. لە ناوچەی موکریان و بەتایبەت لە شاری مەهاباد کەسانێک دەکەونە ژێر کاریگەریی بانگەشە و بیروبۆچوونی ئەو ئەفسەرانەی کە لایەنگری حیزبی سۆسیال دێموکراتی (کۆمۆنیست)ی ڕووسیە بوون و لە سپای ئەو وڵاتەدا بوون. سەرۆکی ئەمانە کەسێک بوو بە ناوی "حەمە هەتیو". ئەوانە بە بەڵشەڤییەکانی مەهاباد ناوبانگیان دەرکرد و دروشمەکەیان ئەوە بوو کە دەبێ، فەقیر و هەژار سەرکەوێ و دەوڵەمەند نەمێنێ (بازیار، ٢٠١٩). دواتر کرماشان وەک شوێنی دەرکەوتنی سۆسیال دێموکراسیێ لێ دێ و "ئەبولقاسم لاهووتی" ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە جووڵە سیاسییەکانی سۆسیالیستە چەپەکان و لەلایەکی تریش چالاکییەکانی حیزبی توودە لە کوردستان و خۆ بەخاوەن‌کردنی پرسی کورد ڕەوتی چەپی بەسەر فەزای کوردستاندا زاڵ کرد و ئیدی هێدی هێدی ڕەنگی ئایین و سەرکردایەتیی شێخ و ئاغا کە پێشتر جڵەوی بزووتنەوەکانی کوردیان لەدەستدا بوو، کاڵ دەبێتەوە. یەکەم ڕێکخراوی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات لە هەلومەرجێکدا دامەزرا کە سیاسەتی نەتەوەسازی و یەک‌ڕەنگ‌کردنی کولتووری، ئاسیمیلەکردنی نەتەوەکانی غەیرە فارسی ڕەزاشا لە ئێران، تێک‌شکانی بزووتنەوە خێڵەکی و چەکدارییەکانی کورد، بوونە هۆکاری دامەزراندنی یەکەم ڕەوتی ڕێکخراو بە ناوی "حیزبی ئازادیی کوردستان" کە لە پووشپەڕی ١٣١٧ لەنێو ئەو هۆکارانەی باسمان کرد هەڵقوڵا. لەبەر نهێنی بوونی کار و چالاکییەکانیان هەروەها ڕەوشی پۆلیسی و پڕمەترسیی ئەو قۆناغە ناوی دامەزرێنەرانی بەتەواوی ڕوون نییە، بەڵام ناوی بەشێکیان بۆ ئێمە ئاشکران کە بریتین لە "حوسێن فروهەر (زێرینگەران)، کەریم یاهوو، مەحموود ڕابتی، حوسێن میکائیلی، محەمەد نانەوازادە، بە سەرۆکایەتیی ڕووناکبیری مهابادی عەزیز مەلا زەندی کە دوکتور عەزیز زەندی و عەزیز ئەڵمانییش بەناوبانگ بوو (سەردەشتی، ٢٠١١). هەر زۆر زوو ناکۆکیی فکری لەنێو ئەو حیزبە بووە هۆی هەڵوەشانەوەی و دابەشبوونی بەسەر دوو بەرە. عەزیز ئەڵمانی کە سەردانی ئەڵمانی کردبوو و لە نزیکەوە شاهیدی پێشکەوتنەکانی ئە وڵاتە بوو، لەلایەک و لەلایەکی تر عەبدوڵرەحمان زەبیحی و حوسێن فروهەر بوون کە بەلای سۆڤیەتدا شکانەوە (باباخانی ١٣٧٨). بەرنامەی ئەم حیزبە لە ٢٨ خاڵدا گەڵاڵە کراوە و لایەنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری لەخۆ دەگرێ (بازیار، ٢٠١٩). شکڵ‌گرتنی یەکەم ڕەوتی ڕێکخراو بە تەکووزییەکی نیوەدیار دەگاتە حیزبێکی دێموکراسی‌خوازی ئانتی فاشیزمی پێشکەوتنخوازی کوردستانی. ئەوان بڕوایان بە کوردستانێکی ئازاد، فرە نەتەوە، فرەزمان و کولتوورە کە تەواوی نەتەوەکانی کورد و ئاسووری و ئەرمەن لە سایەی کۆمارێکی عەلمانی و سێکۆلاردا ئازاد بن. بە ورد بوونەوە لە مەرامنامەی ئەو ڕەوتە دەردەکەوێ کە لایەنگری لە "چینێکی" (زاراوەیەکی سیاسییە کە مارکس دایهێناوە) ڕەنجبەران و کرێکاران دەکا، دامەزراندنی مەجلیس و ئەنجوومەنی ڕەنجبەران و کرێکاران لە هەموو شوێنێک بە مەبەستی ئازادی و دژ بە دیکتاتۆڕی و دامەزراندنی هەرەوەزییەکان و هەلوەشاندنەوەی هەموو کۆت و بەند و ئیمتیازێک کە ژیانی جووتیاران نائاسوودە دەکا، هیچ گومانێک ناهێڵیتەوە کە یەکەم ڕێکخراوی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوتێکی چەپ بووە (بازیار، ٢٠١٩). بەشی دووهەم و کۆتایی لە ژمارەی داهاتوودا ***   سەرچاوەکان: ١- خسروپناه، عبدالحسین، جریان شناسی فکری ایران معاصر، قم:موسسە حکمت ١٣٨٨ ٢- خرم شاد، محمدباقر، سادات، سید ابراهیم، جریان شناسی بەمثابە روش، فصلنامە علمی پژوهشی، دورە ٥ شمارە ٢ ٣- بازیار، سمایل، کاریگەری بیری چەپ لەسەر بزاڤی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک نمونە ١٩٩١-١٩٤٥)، هەولێر ٢٠٢١ ٤- سەردەشتی، د. یاسین، کوردستانی ئێران لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لە جووڵانەوەی ڕزگاری خوازیی نەتەوەیی گەلی کورد (١٩٣٩-١٩٧٩)، سلێمانی ٢٠١١