کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کات کوشتنی زیاتری ڕێژیمی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی

14:35 - 16 گەلاوێژ 2722

وڵام نەدانەوەی ڕێژیمی ئێران بە پرسیارەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، بۆتە هۆی گرێ کوێرە لە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا چینییەکەی وتی: ئێران لە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی جەخت لەسەر ڕێککەوتنێکی هەتاهەتایی و بەهێز دەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە وانگ ئەی، وەزیری دەرەوەی چین، سەرەڕای ئاماژە بە پێشنیارەکانی ئێران لە ڤییەن وتی: دەبێ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کاردانەوە لەهەمبەر ئەمریکا، داواکارییەکان واقعبینانە بێ. هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات جەختیان لەسەر، پێوەندییە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان کردەوە و ڕایانگەیاند کە، پێوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکان لە نێوان دوو وڵاتدا بەهێزتر دەکەین و هەموو هەوڵێک لە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ لاچوونی گەمارۆکان لەسەر ئێران دەدەین. جێگای ئاماژەیە کە کات کوشتنی ڕێژیمی ئێران بە بیانووی وتووێژە ناوکییەکان و هێنانەگۆڕی داخوازییە نابەجێ و نەگونجاوەکانی هۆکاری سەرەکییە بۆ نەگەیشتن بە ڕێککەوتن.