کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی سنە، بە پاوەنەوە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی مافی مەرەخەسی پێدرا

15:31 - 16 گەلاوێژ 2722

مورتەزا حەق‌بەیان ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سنە کە لە کاتی دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە درابووە بەر لێدان و کوتان و پەردەی گوێی دڕابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە پاوەنی ئەلیکترۆنی بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی مافی مەرەخەسی پێدراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مورتەزا حەق‌بەیان، تەمەن ٤٨ ساڵ لە کاتی دەسبەسەرکرانی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و دەستی بریندار بووە و پەردەی گوێی دڕاوە. مورتەزا حەق بەیان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانەکەی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کرا. جێگەی ئاماژەیە کە شەهرام ئەمجەدیان و مورتەزا حەق بەیان دوو چالاکی بواری میدیای خەڵکی سنە ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شاری سنە دەسبەسەر و پاش ٦٧ ڕۆژ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەر کامەیان بە بارمتەی ٢٦٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون. ئەم دوو ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری میدیایە هاوینی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی «بێ ڕێزی بە بەرپرسانی پارێزگای سنە و بڵاوکردنەوە بەڵگەنامە حکومەتییەکان» هەر کامەیان سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٩٠ قامچی و هەروەها پێ بژاردنی ١٠ ملیۆن تمەن پارەیان بە سەردا سەپا.