کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

IFJ: ئێران خرابترین پاسەوانی رۆژنامەنووسانی زیندانی لە جیهان دایە

22:24 - 11 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: فیدراسیۆنی جیهانیی رۆژنامەنووسانی وێڕای ئاماژە بە زیندانی کرانی ٢٧ رۆژنامەنووس لە ئێران، ئەو وڵاتە بە خراپترین پاسەوانی رۆژنامەنووسان لە ئاستی جیهاندا وەسف کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، فیدراسیۆنی جیهانیی رۆژنامەنووسان لە بەیاننامەیەکدا وێڕای رەخنەگرتن لە دۆخی ئازادیی میدیاکان لە ئێران و سەرکوتی رۆژنامەنووسانی نێوخۆی ئێران، داوای لە رێژیمی ئێران کرد رۆژنامەنووسانی زیندانی کراو ئازاد بکات.

ئەو فیدراسیۆنە جیهانییە هەروەها رایگەیاندووە: هەنووکە ٢٧ رۆژنامەنووس لە زیندانەکانی ئێران لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

فیدراسیۆنی جیهانیی رۆژنامەنووسان (IFJ) هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەی هێناویەتی: \'\'ئێران یەکێک کە خراپترین پاسەوانانی رۆژنامەنووسان زیندانی لە ئاستی جیهان دایە\'\'.

جیم بووملها بەرپرسی IFJ قسەکانی رۆحانی و پڕوپاگەندەکانی سەردەمی کاندیداتۆریی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئێرانی بێ بنەما لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە: هیچکام لە بەڵێنییەکانی رۆحانی لە بواری میدیا و راگەیاندندا بەڕێوە نەچوون و تەنیا قسە بوون و نەچوونە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: \'\'میدیا ئازاد و سەربەخۆکان لەنێو سنوورەکانی ئێراندا لەژێر گوشار دان و بە ئاسانی ناتوانن ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن، یان بە ئەنجامدانی ئەرکەکەیان لە راستیدا زیندانی دەکرێن و ژمارەشیان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبوون دایە.

فیدراسیۆنی جیهانیی رۆژنامەنووسان (International Federation of Journalists) فیدراسیۆنێکی جیهانییە کەلە ئەنجومەنە سینفییەکان، یان یەکیەتیی سینفییەکان پێکهاتووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم رێکخراوە گەشەی ماف و ئازادیی رۆژنامەنووسانە و لە راستای دادی کۆمەڵایەتی، مافی کرێکاری، گلۆبالیزاسیۆن، مافی مرۆڤ، دێموکراسی و بەرەنگاری لەگەڵ گەندەڵی و هەژاری چالاکی دەکات.

لەم پێوەندییەدا رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە راپۆرتیکدا رایگەیاندبوو: لە ئێران ٦٥ رۆژنامەنووس و وێبنووس لە زیندان دان کە ١٠ کەس لەو زیندانییانە لە رەگەزی ژنن.

ئێران هەنووکە گەورەترین زیندانی ژنانی رۆژنامەنووس لە ئاستی جیهان دایە.