کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری تەڵاق لە ئیلام لە رێژەی نێونجیی ئێران زیاترە

14:29 - 15 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: پارێزگای ئیلام لە بواری ئاماری تەڵاق لە ٥ ساڵی سەرەتای ژیانی هاوبەشدا لە ریزی یەکەمی پارێزگاکانی ئێران دایە.
هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکانی لە زاری جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی بێهزستیی پارێزگای ئیلام لە کاروباری فەرهەنگی و پێشگیری، بڵاویان کردەوە، ئاماری تەڵاق لە ٥ ساڵی سەرەتای ژیانی هاوبەش لە رێژەی نێونجیی ئێران زێدەترە.

بەپێی راپۆرتەکان و بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە ئێراندا لەسەدا ٤٧ی حاڵەتەکانی تەڵاق لە ٥ ساڵی یەکەمی ژیانی هاوبەشی بنەماڵەکاندا رووی داوە، بەڵام لە پارێزگای ئیلام ئەو دیاردەیە لەسەدا ٦٠ راگەیەنراوە.

ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتی (ثبت احوال) لە ئیلام وێڕای هێما بە دابەزینی رێژەی حاڵەتەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای ئیلام، رایگەیاندووە: ئاماری تەڵاق لە ساڵی رابردوو لەو پارێزگایە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١ی هەتاوی، ٣.٤% زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە.

بە پشت بەستن بە ئامارەکانی نووسینگەی ئامار و زانیارییەکانی حەشیمەت و کۆچبەریی سازمانی تۆمارکردنی باری کەسیەتی رێژیمی ئێران، ساڵی ٩٢ لە ئێران لە هەر پێنج حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە شێوەیەکی نێونجی یەک حاڵەتی بە ئاقاری جیابوونەوە و تەڵاق کێشراون.

بەپێی ئەم راپۆرتە ئاماری تەڵاق لە ساڵی ٩٢ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١ی هەتاوی، ٣.٤% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە بە چەشنێک کە لە هەر کاتژمیرێکدا شانزە حاڵەتی تەڵاق لە ئێراندا رووی داوە.

بەپێی ئامارەکان زیاترین رێژەی حالەتەکانی تەڵاق لە پارێزگاکانی خوراسانی رەزەوی، ئیلام و سنەدا تۆمار کراوە.