کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانۆ: ئێران هەتا ئێستاش پابەند بە روونکردنەوەی بەرنامەی ناوکی خۆی نەبووە

16:25 - 25 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: سەرۆکی ئاژانسی وزەی ناوکی رایگەیاند کە ئێران لەمەڕ بەرنامەی ناوکی خۆی هەتا ئێستا روونکردنەوەی پێویستی نەداوە و پابەند بە گرێبەستەکان نەبووە.
بەپێی راپۆرتی رادیۆ فەردا، دوای کۆتایی هاتنی کاتی دیاری‌کراو لە سەر رێژیمی ئێران، ئەو رژیمە لەمەڕ وڵامدانەوە بە ناڕوونیەکانی بەرنامەی ناوکییەکەی پابەند نەبووە و ئەمەش نیگەرانی کۆمەڵگای جیهانیی لێکەوتووەتەوە.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی شۆرای بڕیاردانی ئاژانسی وزەی ناوکی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ئێران هەتا ئێستا پابەند بە روونکردنەوەی بەرنامەی ناوەکی خۆی نەبووە.

سەرۆکی ئاژانسی وزەی ناوەکی لەو بارەیەوە رایگەیاند کە بەرپرسانی باڵای رێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە بەڵێنیان داوە لەسەر خاڵە جێ ناکۆکییەکانی بەرنامەی ناوکی روونکردنەوە بدەن، بەڵام پابەند بەو بڕیارە نەبوون.

پێشتریش ئامانۆ سەرۆکی ئاژانسی وزەی ناوکی رایگەیاندبوو کە رێژیمی ئێران لەمەڕ چاشنیی تەقینەوە و کەلوپەلە نیزامیی، روونکردنەوەی پێویستی نەداوە.

رێژیمی ئێران بانەمەڕی ئەمساڵ لە رێککەوتنێکدا پابەند بوو کە زانیاری پێویست سەبارەت به چاشنیی تەقینەوەکان بدات، لەلایەکی دیکەشەوە وادانرابوو کە رێژیمی ئێران هەتا کۆتایی رێکەوتی ٣ی خەرمانان زانیاری نوێ لەسەر بەرنامەی ناوەکی بدات بەڵام هەتا ئێستا خۆی بواردووە.

یەکێک لە بابەتەکان کە جێگای نیگەرانی ئاژانسی وزەی ناوکییە، پایگای نیزامی پارچینە کە رێژیمی ئێران لەو سایتەدا چاشنییە ئینفجارییەکان تاقی دەکاتەوە.

وڵام نەدانەوە و بێ‌دەنگیی رێژیمی ئێران لە سەر ئەو خاڵە دیاری‌کراوانە لە حاڵێک دایە کە پووشپەڕی ئەمساڵ وتووێژەکانی نێوان رێژیمی ئێران و گروپی ١+٥ بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

زۆربەی کارناسان و چاودێرانی سیاسیی جیهان لەو بڕوایەدان کە مەبەستی رێژیمی ئێران لەو دانیشتنانە تەنیا کڕینی کاتە بۆ دەست خستن بە بۆمبی ئەتۆمی.