کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی دوو گوندی ناوچەی بۆکان بەهۆی لێدانی بیر لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بڕاوە

14:43 - 14 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: بەهۆی لێدانی بیری ئاو لەلایەن دەست و پێوەندییەکی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئاوی خواردنەوەی دوو ئاوایی \'\'رەحیم خان و وزن قشڵاق\'\' لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان بڕاوە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەی نزیک بە چوار ساڵە دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نزیک قاناوی کۆنی \'\'خوشگەیلدی\'\' لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، بیرێکی قووڵی لێداوە کە بۆتە هۆی وشک بوونی ئاوی خواردنەوەی دوو گوندی \'\'رەحیم خان\'\' و \'\'وزن قشڵاق\'\' لەو ناوچەیەدا.
قاناوی خوشگەیلدی ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە و خەڵکی ئەو ئاوایی‌یە لەو بڕوایە دان کە ئەو قاناوە زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە هەیە و بۆ چارەسەری کێشەی کەم ئاوی دروست کراوە، بەڵام هەنووکە دەست و پێوەندییەکای رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نزیکە ئەو قاناوەدا بە ئیزنی دەوڵەت و بۆ قازانجی تاکەکەسیی خۆی بیرێکی قووڵی لێداوە و بووەتە هۆی وشک بوونی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە.
دانیشتوانیی دوو ئاوایی وزن قشڵاق و رەحیم خان لە داواکارییەکدا خوازیاری ئەو بوون کە ئیمتیازی لێدانی ئەو چاڵاوە هەڵبووەشێننەوە چونکە ئەو بیرە قووڵە، دەبێتە هۆی وشک بوونی تەواوی قاناوی خوشگەیلدی.
پێشتریش لە ساڵانی رابردوودا ئیزنی کەڵک وەرگرتن لەو قاناوە دراوە بە ئەندامانی سپای پاسداران و بەو هۆیەشەوە کێشە و گرفتییان لە ئاوی دوو گوندی وزن قشڵاق و رەحیم خان دروست کردبوو. نزیکەی مانگێک لەمەوبەریش خەڵکی ئەو دوو ئاوایی‌یە پاش هەوڵە بێ ئاکامەکانیان بۆ پێشگیری لەو کارەی سپای پاسداران، لە بەرانبەر پارێزگاریی ئورمیە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.
لە ئەنجامی ئەو ناڕەزایەتییەدا پارێزگاری ئورمیە ناچار بوو، بەڵێنیی لێکۆڵینەوە و پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان بکا، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێک بەو خەڵکە نەدراوەتەوە.
خەڵکی گوندی رەحیم خان دەڵێن لەو پێوەندییەدا نامەمان بۆ سەرکۆماری ئێرانیش نووسیبوو، بەڵام نەک هیچ وەڵامێکمان پێ نەدرایەوە، بەڵکوو هەڕەشە لە شوورای گوندی رەحیم خان و بەخشداریی \'\'سیمینە\'\'ش کرا کە نابێ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکەن.

ئاوی خوشگەیلدی لە کولتووری ناوچەکەدا جێگە و پێگەی تایبەتیی هەیە و شاعیرە کۆن و نوێیەکان کوردستان هەڵبەستیان بۆهۆنیوەتەوە.