کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی گەڕەکە کوردنشینەکانی ئورمیە پچڕاوە

16:37 - 29 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی گەندەڵی و کەمتەرخەمیی ناوەندەکانی سەربە رێژیم، ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئورمیە، ئاوی خواردنەوەی ژمارەیەک له گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری ئورمیەیان پچڕاندووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە پێنج رۆژی رابردوودا ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکانی سەربە کوشتارگا و شەهرەکی ئیسلام ئاباد لە ئورمیە کەلە ناوچە سەرەکییە کوردنشینەکانی ئەو شارە دێنە ئەژمار، لەلایەن ئیدارەی ئاوەوە پچڕاوە.

بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، هاووڵاتییان لە رێگەی تانکێرەوە ئاوی پێویستی خۆیان دابین دەکەن و ئیدارەی ئاوی ئورمیەش هیچ هەوڵێک لەمەڕ چارەسەرکردنی ئەم گرفتەی هاووڵاتییان نادات.

پچڕاندنی ئاوی ناوچە کوردنشینەکان لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە جاران ناڕەزایەتیی بە دواوە بووە.

کەمیی ئاو مەترسیی تووشبوونی هاووڵاتییان بە کۆمەڵێک نەخۆشیی جۆراوجۆر کە بەهۆی ئاوی پیسەوە دێتە ئاراوە، زیاتر دەکات.

چۆڵکردنی بە زۆرەملێی گوندەکانی دەوروبەری ئورمیە، رووخاندنی خانووبەرەی هاووڵاتییانی کورد، گەڵاڵەی هەڵگرتنەوەی ناوە کوردییەکان لەسەر بەنێر و تابلۆکان، گوشاری لە رادەبەدەر بۆسەر هاووڵاتییان، تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان، بەشێک لە هەوڵەکانی رێژیمی ئێران لەدژی نەتەوەی کورد لە پارێزگای ئورمیە دایە.