کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوەکانی ئورمیە دیسان قوربانییان گرتەوە/ ساڵی رابردوو ٦٨ هاووڵاتی لە ئاودا خنکاون

23:56 - 3 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، میاندواو و ئورمیە، بەهۆی ئاشنا نەبوونی لەگەڵ تەکنیکەکانی مەلەکردن لە ئاودا خنکان.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵەی کورد پاش کەوتنە نێو کاناڵی ئاو لە دەوروبەری گوندی خانەقا سەربە شارستانی مەهاباد، گیانی لە دەست دا.

تەرمی ئەم منداڵە کوردە پاش ماوەیەک بە هەوڵی دانیشتوانی ناوچەکە دۆزرایەوە.

بەپێی راپۆرتەکان بەهۆی ناستانداردیی کاناڵەکانی راگواستنی ئاوی وەرزێڕان لە ١٠ساڵی رابردوودا لە گوندەکانی دەوروبەری مەهاباد زیاتر لە ٢٠ منداڵ خنکاون.

لەم پێوەندییەدا لە سەرەتاکانی ئەم حەفتەیەدا هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی ئورمیە بەهۆی ئاشنا نەبوون لەگەڵ مەلەوانی لە رووباری \'\'دەرە چای\'\' خنکا.

هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا، هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی \'\'شیبلوو\'\' سەربە شارستانی میاندوئاو بەهۆی ئاشنا نەبوون لەگەڵ تەکنیکەکانی مەلەکردن، لە کاناڵێکی راگواستنی ئاودا گیانی لەدەست دا.

نەبوونی لەمپەر لە لێواری کاناڵەکانی راگواستنی ئاوی وەرزێڕانی لە گوندەکان، ساڵانە گیانی دەیان هاووڵاتیی کورد ستاندووە.

بەپێی ئاماری پزیشکیی یاسایی ئیران، ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لانیکەم ٦٨هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران لە روبار و بەنداوەکاندا خنکاون.