کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی وزەی ناوەکی: رێژیمی ئێران وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی نەداوەتەوە

23:56 - 15 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، ئێران لە وەڵام دانەوە بە پرسیارە ئەسڵی‌یەکانی ئەو ئاژانسە بۆ لابردنی شک وگومانەکان، خۆی دەرهاویشتووە و بۆ هاوکاریی و درێژەپێدان بە لێکۆڵینەوەکان ئامادە نییە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە بیانییەکان، نوێترین راپۆرتی ئاژانسی وزەی ناوەکی دەرخەری هاوکاری نەکردنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ وەڵامدانەوە بە پرسیارەکانی رێکخراوه هەواڵگریی‌یەکانی رۆژئاوا کە چەند ساڵ پێش لەبەر دەستی ئاژانسی وەزی ناوەکییان دانابوو، نیشاندەری هاوکاریی نەکردنی رێژیم بۆ لابردنی شک وگومانەکان لەسەر بەرنامەی ناوەکییەکەیه.

ئەم پرسیارانە هەتا رادەیەکی زۆر زانیارییە راستەقینەکان لە چالاکییە ناوەکییەکانی رێژیمی ئێرانی لەخۆگرتووە و دەتوانێت رێگای داهاتوو و تەنانەت کەڵک وەرگرتنی دژە مرۆیی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە وزەی ناوەکی بسەلمێنێت.

لە نوێترین راپۆرتی ئاژانسی وزەی ناوەکی کە هەر سێ مانگ جارێک بڵاو دەبێتەوە، هاتووە: بە وێنە ماهوارەییەکان بۆمان دەرکەوتووە کە ئێران درێژە بە چالاکییە ناوەکییەکانی لە سایتی پارچین دەدات.

بەرپرسانی رۆژئاوا، بە بەڵگە ئاماژەیان بەوەداوە کە تاقیکردنەوەی تەقینەوەی پێوەندیدار بە درووستکردنی چەکی ناوەکی لە پایگا ناوەکییەکانی ئێران سەلمێندراوە.

لەم پێوەندییەدا، کەم کردنەوەی خەستی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە ٨٤٧٥ کیلۆگڕەم بە ٧٧٦٥ کێلۆگڕەم، دەرخەری ئەوەیە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی رابردوودا پاشەکشەی لە بەرنامەی ناوکی خۆی کردووە.

لە دوایین دانیشتنەکانی گرووپی١+٥، هاتنی عەلی خامنەیی بۆ ناو جەرگەی وتووێژەکان وهەروەها بە دەستەوە گرتنی رێڕەوی وتووێژەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران خاڵێکی سەرنجراکێش بوو کە دەتوانێت لەسەر نەتوانینی رێژیمی ئێران بۆ قسە کردن و بە ئامانج گەیشتن لە کاتی ئێستادا کاریگەر بێت.

لە ئێستادا رێژیمی ئیسلامی ئێران بەردەوام پێشی لەوە گرتووە کە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی سەردانی سایتی پارچین بکەن کە بۆتە هۆی ئەوە کارناسانی نێودەوڵەتی ئەو رێژیمەی بە قسەکردنی زۆر لە سەرەوە و گوشار لە ژێرەوە تۆمەتبار بکەن.