کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەواز بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین / لەكرماشان بە چالاکیی تەبلیغی پشتیوانی لەیارسانەكان كرا

18:04 - 18 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەشاری كرماشان بەنیشانەی هاوخەمی لەگەڵ یارسانەكان و مەحكووم كردنی بێ‌رێزی بە ئایینی یاری چالاكیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێمۆكرات لەشاری كرماشان كردەوەكانی رێژیمی ئێرانیان لەپێوەندیی سووكایەتی كردن بە پەیڕەوانی ئایینی یاری، تراكت و پوستێریان بڵاو كردەوە.
ئەو شوێنانەی شاری كرماشان كە چالاكی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: گاراژ، تاقەوسان، دەوڵەت ئاباد، كەسرا و فێردۆسی.
ئەو دروشمانەی كە نووسراون بریتین لە: خەڵكی یارسان تەسلیمی كۆماری ئیسلامیی نابن، رێگای دكتور قاسملوو درێژەی هەیە، خەڵكی كرماشان لەهەڵبژاردنەكاندا بەشداری مەكەن و مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی.

5046.jpg


هەر لەو پێوەندییەدا كۆمەڵیك لە چالاكانی مافی مرۆڤ بە بڵاوكردنەوەی بانگەوازێك خوازیاری پێكهاتنی كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەبەر دەم ئوستانداریی شاری كرماشان بوونە.

دەقی بانگەوازەكە:


چالاكانی مەدەنی و فەرهەنگیی كورد

خەڵكی بەشەرەفی كوردستانی ئێران

خەڵكی ماف ویستی یارسان

هەروەك ئاگادارن، بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا دوو هاووڵاتیی خۆشەویست و دڵسۆزی كوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین و هەروەها لە قاودانی زەبروزەنگی رێژیمی ئیسلامی لە هەمبەر كەمینە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە بەرامبەر فەرمانداریی شاری هەمەدان ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداو بەداخ و كەسەرێكی زۆرەوە یەكێك لەو ئازیزانە بەناوی نیكمەرد تاهیری باوكی ٢ منداڵ گیانی لەدەست دا.

ئێمە وەك چالاكانی كۆمەڵەی یارسانییەكان داوا لە خەڵكی بوێری و چاونەترسی كوردستان و بەتایبەتی ئوستانی كرماشان دەكەین، كە لەهەمبەر ئەو زوڵم و ناعەداڵەتیانەی كە دەسەڵاتی سەركوتكەری ئیسلامی زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا لە هەمبەر خەڵكی كوردستاندا بەڕێوەی بردووە، بێ دەنگ نەبن و بۆ دەستەبەر كردنی مافی رەوا و ئینسانیی خۆمان و هەروەها پشتیوانی لەو دوو ئازیزە كە گیانی خۆیان لە پێناو ئارمانجی رەوای خۆیاندا كردە قوربانی، بە یەكدەنگییەوە كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی لە بەدەم ئوستانداریی كرماشان رێكبخەین.

شوێنی كۆبوونەوەكە: بەردەم ئوستانداریی كرماشان، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٩‌ی جۆزەردان

كاتی كۆبوونەوەکە: كاتژمێر ١٠ی سەر لەبەیانی